مێژووی وێنە و یەکەم وێنەگرەکانی بەرەی جەنگ لە جیهان

مێژووی وێنە و یەکەم وێنەگرەکانی بەرەی جەنگ لە جیهان
مێژووی وێنە و یەکەم وێنەگرەکانی بەرەی جەنگ لە جیهان

بۆیەکەم جار لە مێژووی رۆژنامەگەری جیهان سکێچ -  هێڵکاری لە هەفتەنامەی: Illustrated London News لە رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی مایسی ١٨٤٢ بڵاوکرایەوە. لەم گۆڤارە ١٦ لاپەڕەیە جگە لە چاپکردنی ٣٢ نیگار ئەم هەواڵانەی خوارەوەش هەبوون: شەری ئینگلیز و ئەڤغانستان، وەرگەڕانی شەمەندەفەرێک لە فەرەنسا، راپۆرتێك لەسەر کۆی جەریمەکان، هەڵسەنگاندن بۆ کتێب، ڕیکلام...هتد.

وێنه‌ی یه‌كه‌م گۆڤاری وێنه‌دار له‌ جیهان

ژمارەی یەکەمی گۆڤاری Illustrated London News بە تیراژی ٢٦ هەزار دانە چاپکرا و نرخی شەش پێنسی بوو. لە کۆتایی ساڵ تیراژی گۆڤار بۆ ٦٠ هەزار دانە بەرزبۆوە و لە ساڵی ١٨٥١ تیراژی گەیشتە ١٣٠ هەزار و بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی کڕیم (قرم) (Crimean War ١٨٥٣ – ١٨٥٦) و بڵاوکردنەوەی وێنەکانی Roger Fenton، تیراژیIllustrated London News بۆ ٢٠٠ هەزار دانە ڕۆیشت، هەشت ساڵ دواتر تیراژی بۆ ٣٠٠ هەزار دانە بەرزبۆوە، ئەمەش بەرزترین تیراژی رۆژنامە یان گۆڤارە لە جیهان لەوکات یان تا ئەوکات دەرچووبێ. گۆڤاری Illustrated London News تا ساڵی ١٩٧١ لە شێوەی هەفتانە دەردەچوو و لە ساڵی ١٩٧١ وە وەک مانگانە چاپدەکرا و لە ساڵی ١٩٨٩ مانگێ دوو ژمارە و دواتر مانگێ ٤ ژمارەی لێدەرچوو.

 

وێنه‌گر و هونه‌رمه‌ند Roger Fenton

زانا و وێنەگر و هونەرمەند Roger Fenton (١٨١٩ –١٨٦٩) لە  University College London لە ساڵی ١٨٤٠ بەکالۆریۆسی لە ئەدەب وەرگرت و دواتر هونەر و زمانی ئینگلیزی، لاتین، یۆنانی، ماتماتیکی خوێند، جگە لەوانەی سەرەوە هونەری وێنەکێشان لەسەر دەستی Charles Lucy خوێند و لە ساڵی ١٨٤٩ پێشانگایەکی تایبەت بۆ تابلۆکانی کرایەوە. لە ساڵی ١٨٥١ Roger Fenton خولیای وێنەگرتنی لادروست بوو و یەک ساڵ دواتر وێنە سەرەتاییەکانی خۆی، کە لە کیڤ و مۆسکۆ و سانکت – پیتربورگ گرتبوو، گەیاندەوە بەریتانیا. Roger Fenton تا ئێستا لەلایەن بەریتانیاکان وەک یەکەم فۆتۆگرافەری بەرەکانی جەنگ و فۆتگرافەری رەسمی ناوی دەهێندرێ و ناوی دەرکردووە.

Roger Fenton لە ساڵی ١٨٥٥ بۆ بەرەکانی جەنگی کریم چوو، لەگەڵ ئەم هەموو ناخۆشییانەی هاتنە پێشی، توانی زیاد لە ٣٥٠ وێنەی زۆر باشی شەڕی کڕیم بگرێ. ئەو زانا و نیگارکێش و وێنەگرە بەهرەمەندە لە ڕێگای کامیراکەیەوە توانی، شەڕی کڕیم (١٨٥٣ - ١٨٥٦) ئەرشیڤ بکا و پیشانی جیهانی بدا.

دەبی لێرە بنووسین، لە شەڕی کڕیم و دواتر لە شەڕەکانی دیکەش ڕەقابەیەکی زۆر توند هەبوو و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە وێنەگر نەدەدرا وێنەی سەرباز و ئەفسەر لە کاتی شەڕ و پێکدادان بگیرێ و بڵاوبکرێتەوە، ڕێگە نەدەدرا وێنەی لاشەی سەربازی مردوو و خوێن بگیرێ و بڵاوبکرێتەوە. وێنەگرانی سەرەتایی ڕازیبوون بەوەی وێنەی سەرباز و ئەفسەر بە تەنها و گروپ لەکاتی وەستان و دوور لە بەرەکانی جەنگ بگرن.

دیمه‌نێك له‌ شه‌ڕی كریم به‌ كامێرای William Simpson گیراوه‌

جگە لە Roger Fenton بێگومان وێنەگری دیکەش هەبوون وەک: William Simpson و Carol Szathmari کە وێنەی بەرەکانی جەنگیان بۆ خوێنەر و جەماوەر دەگواستە.

یەکەم چاپکردنی سکێچ یان نەخش لە رۆژنامەکانی بەریتانیا بە شەڕی کریم Crimean War (١٨٥٥) دەستی پێکرد، کە زیاتر لەلایەن William Simpson ولیام سیمپسۆن (١٨٢٣ –١٨٩٩) ناردرابوون. ئەو وێنانەی بڵاودەکرانەوە وێنەی کامیرا نەبوون، بەڵکو بەدەست کێشرابوون. William Simpson وەک یەکەم پەیامنێری جەنگ لە جیهان لە چەند شەڕێكی گەورە بەشداربوو. ئەو بەردەوام لەسەفەردابوو و لە چ شوێنێک شەڕ و ململانێ هەبووایە، بۆ ئەوێندەر دەچوو.

 

وێنه‌ی William Simpson له‌ شه‌ڕی كریم

لە ساڵی ١٨٥٥ وێنەی شەڕی کریمی گرت، لە ٢٩ی ئۆکتۆبەری ١٨٥٩ گەیشتە کەلکەتا لە هیند و دواتر بۆ پونجاب، سوتلێج، بێنگال، لوچکنۆ کاونپۆر چوو و لەوێوە گەشتی بۆ هێمەلایا و کەشمیر و مەدرەس کرد، هەروەها لە شوباتی ١٨٦٢ گەیشتە بۆمبای و دواتر بۆ لەندەن گەڕایەوە. لە ساڵی ١٨٧٠ بۆ فەرەنسا چوو بۆ ئەوەی وێنەی شەڕی فەرەنسا - پروسیا بگرێ. لە ٢٥ی تەموزی ١٨٧٠ بە پێ لە نانسی بۆ مێتز بۆ بەرەکانی جەنگ ڕۆیشت. لێرە لەلایەن هێزەکانی ئەمنی دەستگیرکرا. لە ١٥ی ئۆکتۆبەری ١٨٧٨ جارێکی دیکە لەندەن جێدەهێڵێت و بەرەو شەڕی ئەڤغانستان ڕۆیشت.

William Simpson هەموو ئەو شوێنانەی سەردانی دەکرد، تەنیا وێنەی نەدەگرت و نەخشی نەدەکێشا بەڵکو یاداشتیشی تۆمار دەکرد و کتێبیشی دەنووسی. لە کتێبه‌كه‌یدا، کە لە ساڵی ١٩٠٣ لە لەندەن چاپکرا، به‌ناوی : (THE AUTOBIOGRAPHY OF WILLIAM SIMPSON, R.I.) لە لاپەڕە ٧٧ – ٧٨ باس لە بەشێک لە سەفەری ساڵی ١٨٥٥ دەکا، کە چۆن لە جۆرجیا کەسێكی کوردی بینیەوە. (لەم نووسینەم ناوەڕۆکی گفتوگۆکە و یاداشتەکە بەیارمەتی نازە سەپان وەک خۆی لە زمانی ئینگلیزی بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕم).

{(ئێمە لە ٣٠ ئۆکتۆبەری ١٨٥٥ گەیشتینە  Batoum باتومی، کە لەناو خاکی تورکیایە. سەردانی Redoubt Kaleh مان کرد. (تورک شاری باتومییان لە سەدەی پازدە داگیر کرد. د. سەپان).

من ناوی ئەو شوێنانەم لەبیرکردییە، کە پێشان سەر بە یۆنانی کۆن بوون و مەلیکی خۆیان هەبوو. (Herodotos لەو بڕوایەدابوو، کە دانیشتوانی Colchis لە ڕوانگەی پاراستنی کولتور و بایەخ پێدانی زۆر لە دانیشتوانی میسری کۆنیان دەکرد. لێرە William Simpson مێژووی ئەم شارە بە ئەفسانەکانی یۆنانی کۆن دەبەستێتەوە، بەتایبەتیش لەوکاتەی باس لە Golden Fleece دەکا. د. سەپان).

لە باتومی شوێنێکی زۆر خۆشمان لەسەر دەریای ڕەش نزیک بەندەری پایتەخت بینی. تورکەکان ئەم بەندەرە خۆشەیان، تەنیا بۆ ڕاگرتنی کەشتی سەربازی کۆن بەکار هێنابوو. هەموو شتەکان کۆن و ڕزیبوون، لەگەڵ ئەوەش، کە باتومی شارێکی سەردەریا و سنووری بوو.

لە دوای نیوەڕۆ چوومە دەرەوە بۆئەوەی هەندێک نەخش بکێشم و کەسێکم ببینی، ڕوخسارێکی فزولی و دەموچاوێکی ناڕێک و بێمێشکی شەیتانی هەبوو. دەموچاوی کەسەکە ترسناک و زۆر توڕە دیاربوو.

جلوبەرگی لە جلوبەرگی خەڵکی دیکە نەدەکرد، کە من پێشتر بینیبم. من توانیم تێیبگەینم کە دەمەوێ وێنەی بکێشم و دیاربوو ئەویش پێشنیازەکەی منی پێخۆش بوو و بە دڵخۆشییەوە بۆ وێنەکێشان بۆم ڕاوەستا. لەوکاتەی من خەریكی وێنەکێشانی ئەو بووم، Duke و Lucca گەیشتنە لامان. من لە Lucca م پرسی لە ڕێبوارەکە (مۆدێلەکەم) بپرسی ئەو کێیە. ئەو بە ڕەگەز کورد بوو و لەسەر چیاکانەوە بۆ هەندێک کار هاتبووە خوار. لەوکاتەی زانیمان ڕێبوارەکەمان کێیە، زیاتر پێیخۆشبوو بیدوێنین. دیاربوو ئەو دەمانچەیەکی پێبوو، بەڵام شیری پێنەبوو. لەوکاتەی پرسیاری لێکرا بۆچی شیر هەڵناگرێ لەوەڵامدا گوتی، کە ئەو پێویستی بە شیر نییە و ئەو بەشیر ئەو کارانە ناکا.

- چ کار ناکا؟

- خەڵک ناکوژی

- کێ ناکوژی؟

- ڕێبواران

- کەست کوشتووە؟

- من سەیری ڕێگا دەکەم و ئەگەر بینیم ڕێبوار - گەشتیار هەن، خۆم لە پشت بەردێک دەشارمەوە و لەوکاتەی بە پێشم ڕەتدەبن، بە دەمانچە دەیانکوژم.

- چەند کەست کوشتووە؟

- سێزدە لەگەڵ پێنج روس

- نەیویست باس لەو جیاوازییانە بکا، کە بۆچی کوژراوانی روسی لەوانەی دیکە جیاکردۆتەوە. لەوانەیە ئەم جیاکردنەوەیە پەیوەندی بە هەندێک هەستی نیشتیمان پەروەری ئەو هەبووبێ.

- دواتر پرسیاری لێکرا، کە ئەو چی لە باتومی دەکرد

- هەندێک کاری هەبوو.

- ئەی پاش ئەوەی ئێرە جێدێڵی بۆ کوێ دەچیت؟

- بۆ سەر چیاکان دەچم و هیوادارم بتوانم چەند ڕێبوارێکی دیکەش بکوژم.

لەوکاتەی من خەریکی کێشانی نەخشی ئەو بووم، هێواش هێواش گیزی دەخوارد و زۆریش لەم وەستانەی ڕازیبوو و خەندەشی دەهاتە سەرلێوان. پرۆسەی نەخش کێشان هێواش و لەسەرخۆبوو و ڕەداری ئەو لەدەموچاوی دەخوێندرایەوە. لەگەڵ ئەوەش ژینگەیەکی لەباربوو و کاریگەری لەسەر هەست و نەستی ئەو بۆ چەند چرکەساتێک کرد.

لە یەک لەو وێنانە هەموو لەشی دیاربوو و بەتایبەتیش دەموچاوی لە پێشەوە لە شەیتانی دەکرد. هەروەها وێنەیەکی گچکەی ئەو هەیە، کە دواوەی دیارە، لە کەسێکی وەحش دەکا. ئەوەش هەر پیشانی دەدا، کە ئەو کەسێكی بەدە.)}.

لەوکاتەی باس لە وێنەگرەکانی بەرەی جەنگ دەکرێ، بەهیچ شێوەیەک نابی ناوی Carol Szathmari (١٨١٢ - ١٨٨٧) هاوڵاتی رۆمانی - هەنگاری لەبیر بکرێ، کە بەیەک لە پەیامنێرە هەرە زووەکانی جەنگ لە جیهان دەژمێردرێ و زۆر کەسیش وەک یەکەم پەیامنێری جەنگ ناوی دەهێنن. کارۆل نیگارکێش و چاپچی و وێنەگربوو. ئەو بەشداری لە شەڕی یەکەمی تورک و روس ١٨٥٣ - ١٨٥٦ کرد، کە دواتر بە شەڕی کریمCrimean War  ناسرا. کارل بە یەکەمین فۆتۆگرافەر دادەندرێ، کە لەشەڕی کڕیم لە ساڵی ١٨٥٤ بڕیاریدا کامیرایەک لەگەڵ خۆی بۆ بەرەکانی جەنگ ببا و لە پەیتونێکی تایبەت هەموو پێداویستییەکانی ژووری تاریک دابنێ و هەر لەوێندەر کار لەسەر وێنە تازە گرتووەکانی خۆی بکا.

وێنه‌ی ستۆدیۆی Carol Szathmari له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌ شه‌ڕی كریم 1855

بەمشێوەیە ئەو توانی بەرەکانی جەنگی تورکیا و روس بە وێنە ئەرشیڤ بکا. بردنی (ڤاگۆن – پەیتون)ێكی گەورە تەنیا بۆ کەلوپەلی وێنەگرتن، لە بەرەکانی جەنگ لە Oltenitza بووە ئامانج بۆ تۆپەکانی تورکیا و لەو بڕوایەدابوون پەیتونەکەی کارل سەر بە هەواڵگری سەربازی روسیایە. دەبی بنووسین Carol Szathmari بەختی هەبوو، تۆپەکانی لەشکری عوسمانی لەوکات زۆر مەزبووت نەبوون، کە بتوانن بە تۆپی یەکەم (پەیتون – ستۆدیۆ)کەی کارۆل دەستبەجێ و لەوێندەر خاپور بکەن.

وێنه‌ی Carol Szathmari

جگە لە گرتنی وێنەی دیمەنی سروشتی جوان (Landscape - لاندسکەیپ)، Carol Szathmari وێنەی بەرەکانی جەنگ و لەشکری روس و تورک و هەندێک لە فەرماندە سەربازییەکانیشی گرت. ئەو وێنەکانی خۆی لە ئەلبومێک دانا و لە پێشانگای نێودەوڵەتی پاریس لە ساڵێ ١٨٥٥ پیشانیدا. وێنەکانی کارۆل بە یەکەم ئەلبومی وێنە لە جیهان دادەندرێن، کە لەبەرەکانی جەنگ گیرابن، پێش ئەوەی Roger Fenton بتوانی وێنە زۆرەکانی کۆبکاتەوە، کە یەک ساڵ دواتر گیران، ئەلبومی کارۆل ناوبانگی زۆریان دەرکرد و چەندین خەڵاتی جیا جیاشی پێدرا.

Carol Szathmari ئەلبومی وێنەکانی خۆی گەیاندە ڤیکتۆریای شاژنی بەریتانیا، ناپلیۆنی سێ و لەگەڵ هەندێک لە مەلیک و قەیسەرەکانی ئەوسەردەمی ئەوروپا. بەداخەوە هیچ لەو ئەلبومانەی کارۆل پێشکەش بە مەلیک و قەیسەرەکانی کرد نەمان و ئەوەی زاندرایە هەموویان فەوتان. ئەلبومی ناپلیۆنی سێ لە کۆشکی Tuilleries لە ساڵی ١٨٧١ سوتا، ئەلبومی ڤیکتۆریای شاژن لە ساڵی ١٩١٢ لە Windsor Castle سوتا، ئەلبومەکانی ئەڵمانی و نەمساوی لە هەردووک جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی سوتان. کۆپییەکانی هەبوون لە ساڵی ١٩٤٤ لەکاتی بۆردومانکردنی خانووەکەی کارۆل لە بوخارێست بزربوون.

کارۆل لە شاری Cluj لە باکوری رۆژئاوای رۆمانیا لەدایک بووە، کە لە سییەکانی سەدەی ١٩ ناوەندێکی گرنگی بزوتنەوەی میللی هەنگاریا بووە. Carol Szathmari بە یەکەم وێنەگری فەرمی بەرەکانی جەنگ وڵاتی رۆمانیا ناوی دەهێندرێ و بە یەک لە دە کەسی یەکەمی ئەوروپا باسی دەکرێ. ئەو یەکەم وێنەگری مەلیکی رۆمانیاش بوو.

پاش چاپکردنی وێنەی کێشراوی یەکەم لە ساڵێ ١٨٤٢ نزیکەی چل ساڵی دیکە پێویست بوو، کە ئەو وێنەی بە کامیرا دەگیرێ، وەک خۆی لە لاپەڕەکانی رۆژنامە و گۆڤار چاپ بکرێن. یەکەم وێنە لە مێژووی رۆژنامەگەری جیهان بێ دەستکاری هونەرمەند یان نەخشکێش وەک خۆی لە ٤ی ئازاری ١٨٨٠ لە رۆژنامەی The Daily Graphic لە New York لەژێر ناوی: (دیمەنێک لە گەڕەکە هەژارەکان - A Scene in Shantytown) چاپکرا.

دیمه‌نێك له‌ شاری نیویۆرك یه‌كه‌م وێنه‌ی چاپكراو له‌ رۆژنامه‌ له‌ جیهان ساڵی 1880

لەگەڵ کات وێنەی زیاتر و زیاتر لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی جیهان بڵاودەکرانەوە و پیشەیەکی نوێ بۆ ڕۆژنامە و گۆڤار بەناوی: (فۆتۆ جورنالیسم - Photojournalism) لەدایک بوو، پاش نزیکەی ١٣٠ ساڵ لەبەر پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و دروستکردنی کامیرای دیگیتالی زۆر پێشکەوتوو و مۆبایلی زیرەک، زۆر لە رۆژنامە و گۆڤارە گەورەکانی جیهان، ژمارەی وێنەگرەکانیان کەمتر و کەمتر دەکەنەوە، لەهەمان کات، ئەرکی پەیامنێری جەنگ زیاد کراو و جگە لە نووسین دەبی ئەوان خەمی وێنە گرتنیش بخۆن.

بیرۆکەی چاپکردنی وێنەی خال خاڵ (پیکسل)، بەگوێرەی هەندێک کەس لەلایەن William Fox Talbot لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی پێکردووە. ئەو شوشە (جام)ی بۆ نێگەتیڤ و ڕتوشی وێنە بەکار هێنا. دواتر کۆمەڵێک شاشەی جیا و تایبەت لەلایەن Stephen H. Horgan دروستکران. لەوکات هۆرگان بۆ  New York Daily Graphic کاری دەکرد. یەکەم وێنەی چاپکراو لە جیهان وێنەی Steinway Hall لە مانهاتان بوو، کە لە ٢- ١٢- ١٨٧٣ بڵاوکرایەوە و دواتر The Graphic یەکەم وێنەی بە فوول کوالیتی لە ٤ی ئازاری ١٨٨٠چاپکرد.

کاتی هەرە زێڕینی وێنەی Photojournalism لە سییەکان تا کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو ناوی دەهێندرێ، ئەمەش بەهۆی پەیدابوونی کامیرای ٣٥ملیمی لێیکا. کامیرای Leica کە لە ساڵێ ١٩٢٥ دروستکرا، کاریگەری زۆری لەسەر پێشکەوتنی فۆتۆ ژورنالیسم هەبوو. بەهۆی پێشکەوتنی ئەم کامیرایە ٣٥ ملیمە و دروستکردنی فڵاشەکانی یەکەمی لە نێوان ١٩٢٧ – ١٩٣٠، بوونە یارمەتی زۆر، رۆژنامەنووسی وێنەگر بتوانێ وێنەی جوان بگرێ و بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بنێرێ.

لە ڕاستیدا، یەکەم کامیرای لێیکا لە ساڵی ١٩١٣ دروستکرا و Leica یەکەم کامیرابوو، کە فیلمی ٣٥ میلم پێدەگیرا، لەوکات و ئێستاش ٣٥ ملم بۆ سینەما بەکار دەهات و دێ. کامیرای Leica لە ئەڵمانیا دروست دەکرێ. شایەنی ئاماژە پێکردنە، قەبارەی ئەمجۆر کامیرایانە لەوکات یارمەتیدەربوو، وێنەگر بە ئاسانی بتوانی لەگەڵ خۆی بیگێڕیت و وێنەی باش و جوانی پێبگری.

ئەگەر قوڵتر بەدوای مێژووی کامیرای لێیسا بگەڕێین، بەوشێویەی خوارەوە دەستی پێکرد:

لە ساڵێ ١٨٤٩ Carl Kellner  ئینستیتوتێکی ئۆپتیکی لە Wetzlar (شارێکە لە هەرێمی Hessen) دامەزراند. ئەم کارە یان پڕۆژەیە لەلایەن Ernst Leitz گۆڕدرا بۆ Ernst Leitz Werke کە لە سەرەتای ١٩٠٠ میکرۆسکۆپی دروست دەکرد. دواتر لەلایەن Oskar Barnack کامیرایەکی بچووک دروستکرا و ناوی لێندرا Ur-Leican و لە ساڵی ١٩١٤ تەواو بوو. ئۆسکار لە Leitz بەڕێوەبەری هۆبەی پەرەپێدان یان لێکۆڵینەوە بوو. Oskar Barnack کامیرایەکی بچوکی دەویست، کە بتوانی لەگەڵ خۆی بیگێڕێ. ئەو خولیایەی ئۆسکار بووە لەدایکبوونی یەک لە کامیرا هەرە باشەکانی جیهان، کە لەوکات و داهاتوو وێنەگران بتوانن بۆ رۆژنامە و گۆڤار وێنەی جوانی پێبگرن.

دێنینەوە بیری خوێنەران، کەمێک دوای شەڕی کڕیم، لە ئەمریکا شەڕێکی گەورەی ناوەخۆ لە ١٢ی نیسانی ١٨٦١ دەستی پێکرد و دوا فیشەکیش لە ١ی حوزەیرانی ١٨٦٥ تەقێندرا. وێنەکانی شەری ناوەخۆی ئەمریکا زیاتر لەلایەن Mathew Brady دەگیرا و پێش بڵاوکردنەوەی لە Harper's Weekly ڕتوش دەکران.