ئاڵا تاڵەبانی: دەبوایە كۆبوونەوەی حكوومەت و فراكسیۆنە كوردییەكان زووتر بكرابایە
خەسرۆ گۆران: كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ھەماھەنگی لەنێوان ھەردوولادا ھەبێت
K24 - ھەولێر
حکوومەتی ھەرێمی كوردستان لە کۆبوونەوەی لە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، تەواوی داتاو زانیاریەکانی تایبەت بە داھاتی ھەرێمی ئاشکرا کرد، فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆران و کۆمەڵی ئیسلامیش متمانەیان بەو داتایانە نییە، ھەریەک لە فراکسیۆنی پارتی و یەکگرتووش دەڵێن، دوای پێکھێنانی لیژنەیەک لە لایەنی حکوومەت و نوێنەرە کوردەکان، ھەموو لایەک لە راستی و درووستی داتاکان تێدەگەن.
ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دوای كۆبوونەوەكە گوتی: "دەبوایە ئەو كۆبوونەوە پێش پەسندكردنی بودجە بكرابایە، دابڕانی حكوومەتی ھەرێم لە بەغدا كێشەكانی بە ئێستا گەیاندووە، ھەروەھا دابڕانی حكوومەتی ھەرێم لە نوێنەرانی كورد ئێمە ساڵ و نیوێكە كۆبوونەوەمان لە بارەگای ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم نەكردووە".
ھەر لەوبارەوە كاوە محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 گوت: "ئەو داھاتەی حكوومەتی ھەرێم دەستی دەكەوێت نزیكەی 40% دەدرێت بە كۆمپانیا، بەڵام كەسمان نازانین ئەم كۆمپانیایە كام كۆمپانیایە و ئەم قەرزە چەندە، دەبێ ئەمە روون بكرێتەوە تا چەند مانگ و ساڵی دیكە ئەم قەرزە دەدرێتەوە بەم كۆمپانیایە، كێشە ئەوە نییە داتا بخەیتەڕوو، بەڵكو كێشە ئەوەیە متمانە بە داتا نییە".
خەسرۆ گۆران سەرۆكی فراسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "كۆبوونەوەكان لە نێوان حكوومەتی ھەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغدا بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی ھەماھەنگی لەنێوان حكوومەتی ھەرێم و پەرلەمانتارانی كورد ھەبێت، ئەگەر دەرفەت ھەبێت دەبێ لیژنە دروست بكرێت".