پارێزگاری كەركووك: لە دەستووری عێراق نەھاتووە كەركووك نەتوانێت ئاڵای خۆی ھەڵكات
"ھیچ دەوڵەتێكی دەرەكی بۆی نییە دەست بخاتە نێو كاروباری شارێكی وەك كەركووك، ئەوە بابەتێكی ناوخۆیی خۆمانە"
K24 - كەركووك
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیاردان بۆ ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگە و دامەزراوەكانی كەركووك، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك رایگەیاند: "لە دەستووری عێراق نەھاتووە كەركووك نەتوانێت ئاڵای خۆی ھەڵكات و یەك لا حوكمی كەركووك بكات، بە ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان برایەتی خەڵكی كەركووك پتەوتر دەبێت".
گوتیشی: "ھیچ دەوڵەتێكی دەرەكی بۆی نییە دەست بخاتە نێو كاروباری شارێكی وەك كەركووك، ئەوە بابەتێكی ناوخۆیی خۆمانە، داواكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە و دەنگی لەسەر دەدرێت، مافی خۆمانە ئاڵای میللەتەكەمان بەرزبكەینەوە".
لەبارەی گەڕانەوەی چۆڵكردن گوندی قەرەتەپە و گەرانەوەی ھاووڵاتیانی گوندەكە پارێزگاری كەركووك گوتی: "لە ماوەی رابردوو ھێزی پێشمەرگە بەھۆی بارودۆخی ئەمنی و پارستنی گیانی خەڵك بڕیاری چۆڵكردنی گوندی قەرەتەپەی دابوو، ئێستا كاتەكە بە گونجاو زانراوە بریاردرا دەست بكرێت بە گەڕانەوەی خەڵكی گوندەكە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان".