
د. مهغدید سهپان
نووسەر
دەربارەی: زیانەکانی کێشانی جگەرەی ئێلیکتڕۆنی (e-cigarette)

جگەرەی ئێلیکتڕۆنی بۆیەکەمجار لەلایەن Hon Lik لە ساڵی 2003 لە وڵاتی چین دروستکرا و لە ماوەیەکی کەم بە هەموو جیهان بڵاوکرایەوە. ژمارەی بەکارهێنەرانی جگەرەی ئێلیکترۆنی لەماوەی 15 ساڵ گەیشتۆتە یەک ملیارد کەس. هۆن لیک، پاش مردنی باوکی بە نەخۆشی شێرپەنجەی سی، بیری لە دروستکردنی ئامێرێک بۆ جێگرەوەی جگەرە کرد. لەراستیدا لیک خۆشی رۆژانە دوو پاکێت جگەرەی دەکێشا. لەبەر ئەوەی مێژووی پەیدابوونی جگەرەی ئێلیکترۆنی دوور نییە و ئەو ماوە کەمە، بەشی توێژینەوەی باش و دروست ناکا، زانایان ناتوانن بڕیاری یەکجارەکی بدەن و لە بازاڕەکان بیکێشنەوە یان قەدەغەی بکەن.
گەڕان بەدوای داهێنانێک لە بڕی بەکارهێنانی توتن لە جیهان تازە نییە و پێش Hon Likیش ئەم هەوڵانە هەبووین. بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدان، یەکەم داواکردنی پاتێنت (patent) بۆ جگەرەی ئێلیکترۆنی بۆ سییەکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە. کەسێک بەناوی Joseph Robinson داوای وەرگرتنی پاتێنتی بۆ تەکنۆلۆجیاێک کردووە و دیاریش نییە، ئایا تێیدا سەرکەوتوبووە یان نا، چونکە ئەو بەرهەمەی ئەو لەبازاڕ نەبیندرا بۆیە، یەکەم هەنگاوی عەمەلی بۆ دۆزینەوەی جگەرەی ئێلیکتڕۆنی لە ساڵی ١٩٦٥ لەلایەن Herbert A. Gilbert بووە و بۆ هەندێک بەش، پاتێنت وەرگیرایە. ئەو داهێنانەی Gilbert قەت نەبووە هۆی بڵاوبوونەوەی زۆر و هەر خۆشی بەکاری نەهێنا. Gilbert لەوبڕوایەدابوو، کە داهێنانەکەی ئەو زۆر پێش کاتی خۆیەتی.
لە ساڵی 1979 Phil Ray یەک لە دامەزرێنەرانی کۆمپیوتەر، بەهاوکاری پزیشکی تایبەتی خۆی، جگەرەی ئێلیکتڕۆنی پێشخست، هەرچەندە لەڕاستیدا ئەم جگەرانەی Phil Ray ئێلیکتڕۆنی نەبوون و نیکۆتینیان تێدابوو، لەگەڵ ئەوەش بووە یەکەم کار و پڕۆژەی توێژینەوە لەسەر نیکۆتین.
لەنێوان ساڵەکانی 1990 – 2000 کۆمەڵێک هەوڵ و تاقیکردنەوە ئەنجامدران، بۆئەوەی جگەرەی ئێلیکتڕۆنی بەرهەم بهێندرێ، هەرچەندە جگەرەکانی ئەوکات لەگەڵ جگەرەکانی ئێستا جیاوازبوون، ئەگەرچی لەسەر هەمان پرەنسیپ وەک ئێستا (heat-not-burn) (گەرم - نەک - سووتان) بەکار دێن.
وەک لەسەرەوە نووسیمان، یەکەم جگەرەی سەرکەوتووی ئێلیکتڕۆنی لە پەکین دروستکرا و بە جیهان بڵاوکرایەوە.
جگەرەی ئێلیکتڕۆنی بەناوی (e-cigarette) یش بەناوبانگە، بە پاتری کار دەکات و شێوەی لە جگەرە دەکات. لەناو ئەم جگەرەیە شلەیەک دادەنێن، کە بە شلەی ئێلیکترۆنی یان بە e-juice بەناوبانگە. لەناو ئەو شلەیە: نیکۆتین، تام، ئاو هەروەها ماددەکانی Propylene glycol لەگەڵ glycerol ی تێدا. دەکرێ شلەی ناو جگەرە ئێلیکترۆنییەکە نیکۆتینیشی تێدا نەبی.
لە زۆر وڵاتی جیهان کێشانی جگەرەی ئێلیکتڕۆنی بە یاسا قەدەغە کرایە. هەربۆنموونە لە سینگافور ئەگەر کەسێک جگەرەی ئێلیکترۆنی بکێشێت 200 دۆلار غەرامە دەکرێ. لە زۆر ویلایەتی ئەمریکی بەکارهێنانی جگەرەی ئێلیکتڕۆنی قەدەغهیە، بۆنموونە لە پارکەکانی نیۆیۆرک و شوێنە گشتییەکان کێشانی قەدەغەیە. بەهەمان شێوە لە وڵاتی کراواتیا کێشان یان بەکارهێنانی ئەمجۆرە جگەرەیە لە شوێنە گشتییەکان قەدەغەیە، لە تایلاند بە هەموو شێوهیەک کڕین و فرۆشتن و بازرگانیپێکردنی جگەرەی ئێلیکترۆنی قەدەغەیە.
ئەنجامی هەندێک توێژینەوە لەسەر جگەرەی ئێلیکترۆنی دەنگوباسی ناخۆش بلاودەکەنەوە، تەنانەت بۆ ئەکەسانەی رۆژانەی تەنیا 250 – 300 قوم لێدەدەن، زیانی خۆی لەسەر بۆڕییەکانی هەناسە جێدەهێڵێ. بەڵام هەقیقەتێک هەیە، جگەرەی ئێلیکترۆنی لەراستیدا زیانی زیاترە لەوەی کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنان و جگەرەفرۆشتن باسی دەکەن.
هەر بۆ نموونە: بەهۆ کێشان یان قوملێدانی جگەرەی ئێلیکتڕۆنی، بۆڕییەکانی هەناسە تەنگ دەبنەوە و هەناسەکێشان گرانتر دەبی. بەگوێرەی هەندێک توێژینەوە، کەسێکی قوملێدەری جگەرەی ئێلیکترۆنی بەدرێژایی ژیان لەوانەیە 0.4 کە دەکاتە کەمتر لە ڕێژەی نیو لە سەد توشی نەخۆشی شێرپەنجە ببیت.
تەمەنی جگەرەی ئێلیکتڕۆنی زۆر کورتە، بۆیە زانایان ناتوانن وەک جگەرەی ئاسایی زیانەکانی دەستنیشان بکەن، لەگەڵ ئەوەش بەکارهێنانی جگەرەی ئێلیکترۆنی زۆر لە بەکارهێنانی: جگەرە، پایپ، سیگار یان نێرگلە بۆ تەندروستی مرۆڤ باشترە، بەڵام بێگومان جگەرە نەکێشان لەهەمووی باشترە.
زۆر لەوانەی هانا وەبەر قوملێدانی جگەرەی ئێلیکترۆنی دەبەن، بەنیازی وازهێنانن لە جگەرە، بۆیەش ئەمجۆرە جگەرە تازەیە وەک جێگرەوەیەک - ئەڵتەرناتیڤێک بەکار دێنن، بەهەمان شێوە هەندێک: بنێشت، حەب یان پلۆستەر بۆ هەمان ئامانج بەکاردەهێنن.