دەرباره‌ی: رادیۆ و رادیۆ کوردییەکان

Kurd24

بەگوێرەی هەموو سەرچاوە کوردییەکان، یەکەم رادیۆی کوردی لە 19ی نۆڤێمبەری 1939 لە بەغدا کراوەتەوە. ئێزگەی دووەم بە زمانی کوردی (رادیۆی ڕۆهەڵات) لە 5ی ئازاری 1941 لە بەیروت و ئێزگەی سێیەمی کوردیش لە ئابی 1942 لە یافا (فەلەستین) کراوەتەوە.

ئەم سێ ئێزگە کوردییەی سەرەوە وەک یەکەم رۆژنامەی کوردی: (کوردستان) لە دەرەوەی خاکی کوردستان پەخشیان دەستی پێکردووە. ئەو ئێزگانە لە راستیدا ئێزگەی کوردی نەبووین، بەڵکو ئێزگەی بیانی بووین و بە زمانی کوردی وەشانیان هەبووە، ئێزگەی ئاڕاستەکراو بووین و بۆ گەیاندنی هەواڵ و دەنگوباسی خۆیان بۆ گوێگری کورد دامەزراون، نەک گەیاندنی هەواڵ و دەنگوباسی کوردی بۆ ئەوان یان بۆ کورد. ئەگەر لەم ئێزگانە، ناوە ناوە باس لە کورد و کوردستانیش کرابێ، زیاتر بۆ خۆنزیکردنەوە و ڕاکێشانی سەرنج و سۆزی کورد بۆ بەرەی خۆیان بووە، نەک لەبەر ئەوەی کوردیان لە دڵەوە خۆشویستووە و وسیتوویانە ئەو گەلە دێرن و نازادارە بێ رادیۆ نەبێ. لەهەمان کات، دەبی بنووسین هەرسێک ئێزگەی کوردی سەرەوە، کە لە دەرەوەی کوردستان پەخشیان بە زمانی کوردی هەبووە، لەکاتی دەستپێکردنی دووەم جەنگی جیهانی دامەزراون و لەگەڵ تەواوبوونی جەنگ، دوو لەوان کوژاونەتەوە. لەگەڵ ئەوەش، بێگومان هەبوونی ئەو ئێزگانەی سەرەوە کارێکی باش بووە، بەتایبەتیش یەکەم ئێزگەی کوردی لە بەغدا، لە مێژووی خۆی سەدان گۆرانی کوردی تێدا تۆمار کرایە و بۆ سەرتاسەری کوردستان پەخش و بڵاوکراونەتەوە. ئەم تۆمار و پەخشکردنە، جگە لەوەی ئەرشیڤێکی جوان و دەوڵەمەندە، بۆتە یارمەتیش بۆئەوەی هونەرمەندی تازە دروست ببن و گۆرانی و ئاوازی خۆیان لە هەمان ئێزگە لەسەر قەوان تۆمار بکەن و گۆرانی و مۆسیقای کوردی پێشبخەن.

لەگەڵ هەبوونی ئەو هەقیقەتانەی سەرەوە، دەبی بنووسم، ئەگەر جەنگی دووەمی جیهانی (1ی ئەیلولی 1939 – 2ی ئەیلولی 1945) دەستی پێنەکردبایە، گومانی تێدانییە، مێژووی رادیۆی کوردی زۆر درەنگتر دەستی پێدەکرد و ئەمڕۆ بەجۆرێکی دیکە دەنووسرایەوە.

یەکەم رۆژنامەی کوردی (کوردستان - 1898) 293 ساڵ دوای یەکەم رۆژنامەی جیهان (Relation aller Fürnemmen - 1605) لە ستراسبورگ دەرچوو. یەکەم ئێزگە بە زمانی کوردی (بەغدا - 1939) بەهەمووی 20 ساڵ دوای یەکەم پەخشی ڕێکوپێکی رادیۆ لە جیهان (Pittsburgh -  2ی نۆڤێمبەری 1920) بەرنامەی بە زمانی کوردی هەبوو. هەبوونی رادیۆ بە زمانی کوردی لەگەڵ کاروانی رادیۆ لە جیهان، جیاوازییان کەمە و زۆر لەدواوە نییە، بەڵام ئەم 20 ساڵە قەت بۆ کورد نەبۆتەوە یارمەتی، رادیۆی خۆی لە ئاستی رادیۆی جیهانی ببینێت یان لێیانەوە نزیک بێت، ئەگەرچی هەمان تەکنۆلۆژیاش بەکاردێنێت. هەبوونی هەمان تەکنۆلۆژیا و ستۆدیۆ، بۆتە یارمەتی و کارئاسانی بۆ کارمەندانی رادیۆ، نەک هەنگاو هاویشتن بۆ پێشەوە و گەیشتن یان نزیکبوونەوە هەرنەبێ بۆ ئاستی رادیۆکانی وڵاتانی دراوسێ.

یەکەم ئێزگە لەناو خاکی کوردستان لە 10ی نیسانی 1946 لە مەهاباد کرایەوە. ئەم ئێزگەیەش بەیارمەتی سۆڤیێتییەکان دامەزرا و لەوکاتەش کرایەوە، کە لەشکری سۆڤیێتی تازە (لە 9ی مایسی 1946) ئێرانیان جێهێشتبوو.

هەبوونی ئێزگە لە کوردستان پەیوەندی بە هەبوونی ئازادییەوە لە کوردستان هەیە، لەبەر ئەوەی کوردیش لە مێژوو بەردەوام چەوساوەتەوە و لەژێر دەستەڵاتی حکومەتەکانی ناوەندی بووە و لە بچووکترین مافی بێبەشکرابوو، گرانە گلەیی لە نەبوونی ئێزگەی ئازادی کوردی بکرێ. ئەم حکومەتانەی مەرکەزی، هەبوونی ئێزگەیەکی ئازادییان بە کورد ڕەوا نەدەبینی و بە توندی لێیان قەدەغە کردبوون، چونکە ئەوان باش لە گرنگی ڕادیۆ و راگەیاندن دەگەیشتن.

ئەگەر لاپەڕەی مێژووی ئێزگە کوردییەکان هەڵبدەینەوە، تێدەگەین هەر هەموویان پەخشیان لەدەرەوەی کوردستان بۆ ناوەوەی کوردستان بووە و قەت هیچ لەوانیش ئێزگەی سەربەخۆ نەبووین و هەمووشیان ئێزگەی ئاراستەکراو بووین. جگە لەوە زۆر پەرت و بڵاویش بووین و ئەگەر لەیەک کات چەنەد ئێزگەیەک وەک: بەغدا، تاران، بولغاریان، پراگ...هتد پەخشیان بە زمانی کوردی هەبووبێت، هیچ پەیوەندیێکیان لەگەڵ یەکتر و بەیەکەوە نەبووە و هەر یەک لەم ئێزگانە پەیامێکی تایبەتی خۆی هەبووە و بۆ ئامانجێکی دیارکراو کراوەتەوە و بە ئاشکرا دژ بە لایەنێكی دیاربووە.

مێژووی رادیۆکانی کوردی، وەک مێژوو نەتەوەی کورد خۆی، بەش بەش و پچڕ پچڕ و پڕ بەرزی و نزمییە، بۆیە پاش ئازادکردنی کوردستان لە بەهاری 1991 و کردنەوەی سەدان ئێزگەی کوردی تەنیا لە باشووری کوردستان، نەتواندراوە وەک پێویست سوود لە رادیۆ وەربگیرێ، بەرنامەکانی لەناو جەماوەر دەنگ بدەنەوە، هەواڵ و زانیارییەکانی بۆ رۆژی دواتر لە گۆڤار و رۆژنامەکان سەردێر دروست بکەن، سوود لەو پەخشە راستەوخۆیە وەربگرن و پێش تەلەفزیۆن و رۆژنامەکان لکەکانی دیکەی ڕاگەیاندن بکەون.

ئێزگەی زۆر لە کوردستان هەن، تا ئێستاش هەواڵەکانی دوێنێ دەخوێننەوە، چاوەڕی دەکەن، رۆژنامەکانی خەبات و کوردستانی نوێ دەربچێت و لەوەێوە هەواڵ و زانیارییەکان لە بەرنامەی دەنگوباسیان بخوێننەوە.

رادیۆکانی کوردی بەشێوەیەکی گشتی ئازاد و سەربەخۆنین و حزبین، حزبیش لەتەک هەبوونی ئێزگەی رادیۆ، رۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن و ماڵپەڕی ئێلیکتڕۆنیشی هەیە و لەناو هەموو ئەو لکانە، زیاتر بایەخ بە شاشە دەدرێ و دەکرێ بگوترێ ئامرازەکانی بیستن و خوێندنەوە، بڕەک پشتگوێ خراین و بایەخیان کەمتر پێدەدرێ، یارمەتی داراییان کەمتر دەدرێ، ئەگەرچی بە بەراورد لەگەڵ شاشە، خەرجییان زۆر کەمترە و کاریگەرتریش نەبن، لەدواوە نین.