ههكار محهمهد
نووسەر
وەرزش و دەوڵەتی كوردی!
كوردستان لە سەروبەندی ڕێككەوتن و گەیشتن بەسەربەخۆی نزیك دەبێتەوە، بەبوون و نەبوون وەرزشیش وەك ھەر بوار و بابەتگەلێكی دیكە گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت.
لایەنە سیاسیەكان بۆ گەیشتن بەبڕیارێكی دروست دەبێ ھەموو لایەك ببینن و ھیچ بوار و بابەتێك پشتگوێ نەخەن، چونكە دواجار سوودەكانی یان زیانەكانی دەبینین.
لە نێوەندی دەوڵەت بوون و نەبوون وەرزشی كوردستان چی بەسەر دێت؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویست ناكات زۆر بگەڕێینەوە بۆ دواوە، چەند رۆژێكی كەمە یاریيەكانی ئۆڵمپيكی ریۆ دەستی پێكردووە و تێیدا 207 وڵات و نەتەوە بەشداریان كردووە.
لەم نێوەندەدا ناسنامە و كلتووری ھەموو نەتەوەیەك دەناسرێ و بەشێكیان بەم بۆنەیەوە پەیوەندی سیاسی و ئابووری بەھێز دروست دەكەن كە ئەمە خاڵێكی ئەرێنی باشە بۆ زیاتر پێشڤەچوون.
لەم كاتەی كە 207 وڵات و نەتەوە بەئاڵا و جلوبەرگی تایبەتیانەوە خۆیان ناساند و بەشەرەفەوە سرودی نیشتیمانی وڵاتەكەیانیان گووتەوە، ئێمەی كورد نە ئاڵامان نە كلتورمان ئامادەگی نەبوو، بێگوومان ئەم پاڵەوانیەتیە خاڵی نەبوو لە پاڵەوان و بەشدار بووی كورد بەڵِام چۆن بەشداربوونێك؟
بەھێزی و لێھاتووی بەشداربووە كوردەكان بەشێك لە وڵاتەكانی ناچار كرد وەك تاكێكی وڵاتەكەیان بەشداری پێ بكەن، بەمانایەكی دیكە پاڵەوانە كوردەكان لەبەر نەبوونی وڵاتێكی سەربەخۆ ناچار بوون توانای خۆیان لەژێر ئاڵای وڵاتێكی دیكە نمایش بكەن.
لەھەر وەشانێكی ئۆڵمپیك زیاتر لە 150 وڵات و نەتەوە بەبێ بەدەست ھێنانی ھیچ مێداڵیا و سەركەوتنێك دەگەڕێنەوە، دوایين وەشانی ئۆڵمپیك كە لەڕیۆ بەڕێوەدەچێت و ئێستاش بەردەوامی ھەیە 10 بەشداربووی كورد لەناویاندا ھەن، كە بەسەر عێراق و ئەرمینیا و ئێران و توركیا و تیپی كۆچبەران دابەشبوون، لەناو ئەم 10 بەشداربووە لە رابردوو شەش لەمانە بە مێدالیاوە گەڕاونەتەوە و لەبری لە مل كردنی ئاڵای كوردستان بە زۆر ئاڵای وڵاتی دیكەیان بەسەر شان دادراوە، ئەمانە بەڵگەی حاشا ھەڵنەگرن كە لە وەرزش كورد توانای زۆر زیاتری لە زۆربەی وڵاتە بەشداربووەكان ھەیە.
لەڕووی ڕێژەی دانیشتووانەوە كوردستان لە بەشێكی وڵاتە بەشداربووەكان زیاترە، ئەگەر وردتری بكەینەوە ھەرێمی كوردستان بە تەنیا رێژەی دانیشووانەكەی لە ھەندێك وڵات ھەر زیاترە كە بەناو و ناسنامەی وڵاتەكەیان لەئۆلۆمپیك بەشدارن.
ئێوە بڵێن سەركردە سیاسیەكان لەكاتی بینینی ھەواڵی وڵاتێكی وەك بەحرێن وكوەیت، یان باشووری سودان و ئایسلاند كە ژمارەی دانیشتوانیان لە ھەرێمی كوردستان زۆر كەمترە كۆڵێك ئەسەف نەخۆن؟ ئاخر چۆن دەبێ كە وڵاتێك دانیشتووانەكەی لە بیست ھەزار تێپەڕ نەكات ئاڵِای وڵاتەكەی لەسەر سینگ بێت و پیاوە سیاسیەكان ئارەق نەكەن.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە مێژووی قوربانیدان و ھەوڵدانی ئێمەی كورد بۆ بەدەوڵەت بوون دەوڵەمەندە، وەرزشكار و وەرزشدۆستانیش وەك ھەر چینێكی ئەم كوردستانە چاوەڕوانی موژدەی سەربەخۆ بوونن، ئەگەر بەڕاستی خەون بەدەوڵەتی كوردستانەوە دەبینن ھەلی ئەم ساتە لەدەست مەدەن و بۆ ئۆڵمپیكی داھاتوو با كوردستانيش ژمارەیەكی دیكە بخاتە سەر ڕێژەی بەشدار بووان، ئەگەرنا مێژوو ڕەحمەتان پێ ناكات.