ئەگەر ریفراندۆم نەكرا؟

گریمان ریفراندۆم نەكراو هەر بە ژێردەستی و وابەستەیی عێراق ماینەوە، ئایا چی لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان دەگۆڕێت؟

ئەگەر ریفراندۆم نەكرا؟
ئەگەر ریفراندۆم نەكرا؟

گریمان ریفراندۆم نەكراو هەر بە ژێردەستی و وابەستەیی عێراق ماینەوە، ئایا چی لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان دەگۆڕێت؟ خزمەتگوزارییەكانی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیان باشتر دەبن؟ قەیرانی ئابووری و تەنگژەی سیاسیی دەرباز دەكەین؟ بەغدا مافە زەوتكراوەكانمان بۆ دەگەڕێنێتەوە؟

وەڵامی ئەو پرسیارانە ئەوەندە زەحمەت نییە، بێدوودڵی، نەك رەوشەكە باشتر نابێ‌، بەڵكو زۆر لەوەی هەشمانە، لەدەستی دەدەین. هەتا بڕیاری سەربەخۆیی دوا بكەوێت، كێشە و ململانێی نێوانمان قووڵتر دەبنەوە و ئازارەكانمان زۆر زیاتر دەبن.

هێزی كوردستان لە جیابوونەوە لە عێراقی عەرەبی و مەزهەبی دایە، كاتی ئەوەیە خەونی دێرینی سەربەخۆیی، لە كۆتایی هێنان بە پێكەوەژیانی درۆزنانەی كورد و عەرەب، بە مەنزڵ بگەیەنین.

ستراكچەری سیاسەتی پێكەوەژیان و پێكەوەبەڕێوەبردن كە لە ساڵی 1921 بە زۆرەملێ‌ عێراقی لە سەر دامەزراوە، ئەمڕۆ نییە داڕووخابێت، بەڵكوو هەر لەدەستپێكەوە شكستی هێنا، لێ‌ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەسەڵاتدارانی قۆناخە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، نەیانویستووە و نایانەوێت ددان بەو شكستە گەورەیەدا بنێن.

هەنووكە كە روومان لەو رووداوە مەزنەیە، رووداوێك نییە بچووك، رووداوێكە گرێدراوە بە ئاییندەی هەمووان، رووداوێكە كۆتایی بە ژیانی پاشكۆیەتی و ژێردەستەییمان دێنێ‌ و بە جۆرێكی دیكه‌ بە رووی دونیادا دەمانكاتەوە.

دەبێ‌ ئەوە بزانین، دوورخستنەوەی بەڕەی ئەو دەرفەتە مێژووییە لە ژێر پێی گەلانی كوردستان، نەك تەنیا دەمانكاتەوە ژێردەستە، بەڵكوو بۆ دەیان ساڵی دیكه‌ دەمانگەڕێنێتەوە دواوە.

سیاسەتی سڕینەوە و دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان لە عێڕاق، دەرفەتی چارەسەریی و پێكەوەژیانی زیاتری نەهێشتۆتەوە، عێراق شیاوی ئەوە نییە چیتر خەونەكانی خۆمانی لە سەر هەڵبچنین.

بە گەڕانەوە بۆ راستییەكی سادە، لە رابردوودا و تا ئەمڕۆش زۆر لە نووسەر و رۆشنبیرانمان، كاتێك بە دیدێكی رەخنەگرانە، لە بێ‌ دەوڵەتی كورد دواون، رەخنە لە رابەر و سەركردەكان دەگرن، بەو مانایەی دەرفەتگەلی مێژووییان لەدەستداون و ئیرادەی دروستكردنی دەوڵەتیان نەبووە.

پرسیار ئەوەیە، ئایا بەدرێژایی مێژوو، هیچ قۆناخێك لە قۆناخی ئەمڕۆ گرنگتر و لەبارتر بووە بۆ دروستكردنی دەوڵەت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە هێندە روون و ئاسانە، كەمترین شەرح و ماندووبوونی ناوێ‌. هەموو ئەو قۆناخە مێژووییانەی زەمینەی دروستبوونی دەوڵەتیان بە ئاستێكی كەم تێدا رەخساوە، بە قەد جارەكی قۆناخی ئەمڕۆ، هەڵگری دەرفەتی گونجاو و جێی بایەخ نەبوونە.

رای گشتی، بە ئەوانەی نەیاری ئەو پرۆسەیەشن، ئەوە باش دەزانن گونجاوترین هەلی مێژوویی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بەزۆرەملێی مانەوەمان لە عێراقدا، قۆناخی ئەمڕۆیە.

هەروەك هەموو ئەو هەوڵانەی بە ئامانجی شكستهێنان بەو پڕۆژە نیشتمانییە چارەنووسسازە لە ئارادان، هەڵسوڕێنەرانیان، خاوەنی خوێندنەوەی كورتبینانە و تێكدەرانەن، هەوڵێك نین سەرچاوەكەیان عەقڵ و لۆژیكەوە  بێ و هەڵقوڵاوی ناخی تەندروست و مرۆڤدۆستانە بن.

هەقە ئەو پرسیارە بكەین، بەڕاست دواخستنی ریفراندۆم لە بەرژەوەندی ئێمە دایە؟ بە دڵنیاییەوە ئەگەر سەركردایەتی سیاسیی كوردستان، بە هەر بیانوویەك و لە ژێر هەر گوشار و ناوێكەوە بێت، لەو بڕیارە چارەنووسسازە پاشگەز بێتەوە، هەڵەیەكی كوشندە دەكا و ئەنجامەكەشی بۆ هەتا هەتایە برینێكی قوڵدەبێ‌ بە سەر جەستە و دەمارەكانی ئەو نەتەوەیە.