هێزەکانی سلێمانی و هەڵوێستی نەتەوەیی

هێزەکانی سلێمانی و هەڵوێستی نەتەوەیی
هێزەکانی سلێمانی و هەڵوێستی نەتەوەیی

ماوەیەکە هێزە سیاسیەکانی سلێمانی خەریکی  فرۆشتنی هەڵوێستی نەتەوەیین بە خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی دوای هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین، ئەو هێزانە یان خەڵکی کوردستان بەگێل تێدەگەن یا ئەوەی خۆیان هەرهەندەی لێدەزانن، زیاتریش ئەوەی یەکەممان راستترە، چونکە ماوەیەکی زۆر بەسەر کەرکوک و خورماتوو تێنەپەڕیوە تا خەڵک هەڵوێستی ئەوان لەبیر بکات، کەئەو هەموو کارەسات و کاولکاریەی بەسەر ئەو ناوچەیەدا هات، بە وشەیەیکیش نقەیان لێوە نەهات، لەکاتێکدا بۆ بچوکترین شت بەیاننامەی دوورو درێژ دەردەکەن، هەروەها هەر لەتەنیشت خۆیان رۆژانە کورد گولەباران دەکرێ، تەقەی سەریان دێت، بەڵام بۆ باکورو رۆژئاوا بەقسە نەتەوەیی عەیار بیست و چوارن، نەهیچیان لەدەست دێت و نەهیچیشیان بۆ ئەو کوردانە کردووە لە قسەی بەردەم کامیرا زیاتر نەبێت، ئاخر هێزێک بۆ ماڵەکەی خۆی هیچی پێنەکرێ و نەتوانێ بەیاننامەیەکی هاوخەمیش بۆ جینۆسایدی خورماتوو ئاوەرەکانی کەرکوک دەربکات، دەبێ  بۆ برای دوور چی بکا.

لەسەرەتای هێرشی سەرعەفرین، هەر ئەو گروپەی کەرکوکی فرۆشت و خیانەتیان لە وڵات و شاری خۆیانکرد، گوتیان هێز بۆ عەفرین دەنێرین، ئەوە عەفرین گیراو هیچیشیان پێنەکرا،  چونکە بەم قسە بۆشانە دەیانەوێت خیانەتی کەرکوک لەبیر خەڵک بەرنەوە، ئەمڕۆ لەکەرکوک ئەمری گرتنیان لەلایەن پارێزگاری کەرکوک بۆ دەرچووە.

ئەوگروپە خیانەتکارە لە رۆژگارێکدا تەراتێنیان لە کەرکوک دەکردو ئاڵای کوردستان و دەسەڵاتی کوردو پارێزگاری کورد حوکمی دەکرد، ئەمڕۆ شانازی بەوە دەکەن کە بۆ دوو کاتژمێر مۆڵەتی ئاهەنگی نەورۆزیان وەرگرتووە، لەکاتێکدا هەموومان دەزانین ئاهەنگ و ئاگری نەورۆز لە هیچ سەردەمێکی دەسەڵاتدارانی عیراق بەسەردەمی بەعسیشەوە قەدەغەکراو نەبووە، چ جای بگاتە ئەمڕۆ تەنها بۆ دوو کاتژمێر مۆڵەتی ئاهەنگی نەورۆزت پێبدەن و دواتریش راوتبنێن. کورد گوتەنی دەهەڵگرەوە کاک راکان جبوریتان پێ لە کاک نەجمەدین کەریمی ئەندامی حزبەکەتان باشتر بوو، ئەمەو سەرباری لە دەستدانی کەرکوک و هەموو ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

بۆیە چیتر خەڵک بەگێل مەزانن و هەڵوێستی نەتەوییان پێ مەفرۆشن و سلێمانیش لەمە زیاتر وێران مەکەن بۆ رازی کردنی خەڵکی تر، چونکە دڵنیام سبەی رۆژ تورکیا هێرش بکاتە سەر هەرشوێنێکی کوردستان بە خودی ناوچەی ژێر دەسەڵاتیشتان هیچتان پێناکرێ و ئەوانەی پشتیشتان پێ بەستوون هیچتان بۆ ناکات. نامەکەی نوێنەرتان لەئەنقەر بەسە بۆ ئەوەی خەڵک تێبگات خەریکی چین لە ئێستادا.