دوای دابەشكردنی مووچە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانە دەكرێت كە دەوام ناكەن
"داوامان لێكردوون پابەندبن"
K24 - سلێمانی
جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دوای دابەشكردنی مووچە بە سیستمی نوێ، ھەر مامۆستا و فەرمانبەرێك دەست بە دەوام نەكاتەوە ھەڵوێستی دیكەمان بەرامبەریان دەبێت.
پەروین ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "تائێستا لەسەر بایكۆت و دەوام نەكردن، سزای ھیچ مامۆستایەكمان نەداوە، تكامان لێكردون بگەڕێنەوە سەر دەوامی خۆیان، پێم وایە دەگەڕێنەوە ناوەندەكانی خوێندن و دەست بە دەوامی خۆیان دەكەنەوە، ئێستا ژمێریارییەكانی پەروەردە ھەموویان دەستیان بە دەوام كردووەتەوە، بۆ ئەوەی لیستی مووچە ئامادە بكەن، ئەو مووچەیە دابەش بكرێت، ئەگەر ھەر مامۆستا و فەرمانبەرێك دەوام نەكات ھەڵوێستی دیكەمان دەبێت".
ھەر پەیوەست بەو پرسە عەبدوڵڵا ئەحمەد، جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت: "دڵنیام لە ھەفتەی داھاتوودا پزیشك و فەرمانبەرانی تەندروستی دەست بە دەوام دەكەنەوە، لە ھەموو كاتێك فەرمانبەر كە سەرپێچی دەكات سزا دەدرێت، بەڵام بەھۆی ئەو دۆخەی كە ھاتووەتە ئاراوە، ئیجرائاتمان كەمكردووەتەوە".
ھەرچەندە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گۆڕانكاری لە سیستمی پاشەکەوتی مووچەدا كردووە، بەڵام ژمارەیەك لە مامۆستا و فەرمانبەران داوا دەكەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پابەند بیت بە پێدانی مووچەی تەواو بە فەرمانبەران ئەگەر ئەوە نەكرێت، ئەوان لەسەر بایكۆتكردنی دەوام بەردەوام دەدەن.
بێخاڵ عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە كوردستان24 گوت: "خۆپێشاندان و چالاكییەكانمان بەردەوام دەبێت و بە ڕێپێوان ھەنگاو دەنێین بۆ ھەموو ئەو شوێنانەی كە پێشتر نەچووین، تا وەڵامی ئەرێنیمان دەدەنەوە".
ھ.م