بۆچی خۆنەچەمێنن؟

بۆچی حزبە هاكەرەكەی سلێمانی بەخۆی و پاشكۆ هاككراوەكانیەوە لە بچووكترین هەلدا، یەكدەنگ پەلاماری (خۆنەچەمێنن)ی پارتییان دا؟

بۆچی خۆنەچەمێنن؟
بۆچی خۆنەچەمێنن؟

ئیدۆ كۆیانیكان نووسەری ئەفریقی: نابێت چاوەڕێ بن وڵاتەكەتان پایەدار بێت، ئینجا شانازی پێوە بكەن، بەڵكو پێویستە بزانن كە وڵاتەكەتان بەشانازی پێوەكردنی ئێوەوە پایەدار دەبێت.

چۆن بزانین ئەو هەڵمەتی تیرۆری فیكریەی لەسەر وێنەیەكی دیدارەكەی شاندی پارتی و موقتەدا سەدر لە بەغدا دەستیپێكردووە، پەیوەندی بەشێوەی تەوقەكردنەكەی ئەندامێكی شاندەكەوە نیيە، هێندەی بیانووێكی بچووكە بۆ دەرخستنی گرێیەكی گەورە؟

بۆچی لەنێو ئەو هەموو بابەت و ئیدیۆمانەی پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەكاریهێنان، حزبە هاكەرەكەی سلێمانی بەخۆی و پاشكۆ هاككراوەكانیەوە لە بچووكترین هەلدا، یەكدەنگ پەلاماری (خۆنەچەمێنن)ی پارتییان دا؟

لەمەودوا تابلۆی تیرۆرە فیكریەكە زۆر ڕوونە، لە هەر گۆشەیەكەوە تەماشای بكەی، دەبینی ئەوەی دەكرێتە ئامانج تەنها پارتی نیيە، بەڵكو هەست و شانازی نەتەوەیی كورد دەكرێتە ئامانج، بێگومان ئەمەش خەتەری لەوەی یەكەم زیاترە.

ئەمڕۆ هەموو هەوڵەكانی یەكێتی، كە تا سەدەیەكی تریش لە سایەی ماڵی مام جەلال مۆركی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان لێ نابێتەوە، داماڵینی ئەو بڕە شكۆ نەتەوەییەیە كە بەباڵای مرۆڤی كوردەوە ماوە و خاوەندارییەتیەكەی بۆ پارتی ماوەتەوە.

بێینەوە سەر پرسیارە رەسەنەكە، دەبێ بۆچی گۆڕان و حزبە هاوهاككراوەكانی لە سلێمانی، قامچیە پشتدڕێنەكەی ئەوێ ڕۆژێی یەكێتییان لەبیر كردبێ، كە بەوپەڕی گاڵتەجاڕییەوە دەنگەكانی لێ دزین، كەچی ئەمڕۆ یەكدەنگ بەبیانووی تەوقەیەكی بێ ئاگایانە، بە هاشتاگی (خۆنەچەمێنن) پەلاماری پارتی بدەن؟

یەكێتی و پاشكۆكانی لە سلێمانی، كە ئەمجارە بە كورسی هاكەكانیشەوە ناتوانێ پۆستی سەركۆمار وەربگرێتەوە، یا باشتر بڵێین پارتی سزای دەدات و ئەو پۆستەی پێناداتەوە، لە یەكەم ساتی جوڵەی شاندی پارتیدا بۆ بەغدا، شاگەشكە بوو بەوەی بیانووەكی بكەوێتە دەست، تا پارتی ڕاكێشێتە خوارەوە و بیهێنێتە ئاستی عێراقچیەتی خۆی، بۆ ئەمەش بەبیانووی وێنەیەكەوە پەلاماری دروشمی (خۆنەچەمێنن)ی پێشمەرگەی كوردستانی دا.

بەڵام بۆچی لەم هەموو دروشمەی پارتی و لەو هەموو بابەتانەی گۆڕەپانەكەی تەنیوە، یەكێتی و پاشكۆكانی پەلاماری (خۆنەچەمێنن) دەدەن؟

لەبەرئەوەی زۆر بەسادەیی، (خۆنەچەمێنن) ئەو هەورە تریشقەیە بوو، كە لە دوای هەرزەلینی ئەمجارەمان بەهۆی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەری ماڵی مام جەلال، ورەی بەسەر دڵی شكاوی كوردی باشووردا باراند. (خۆنەچەمێنن) بووە گرێیەكی گەورە لە دەروونی ئەوانەی لە سەرەتای لەشكركێشی حەشدی شیعە بۆ سەر كوردستان، لە ڕێگەی میدیاكانیانەوە نەیانتوانی شاگەشكەبوونیان بشارنەوە و بووبوونە ڕێنیشاندەری سوپای داگیركەر.

ئەمڕۆش كە شاندی پارتی مكووڕ لەسەر داوای سەربەخۆیی، بەشانازییەوە ئایكۆنی ئاڵای كوردستانی لەسەر سینگی داوە و لە بەغدایە بۆ ئەوەی پایەداری بۆ كوردستان بگەڕێنێتەوە.