لەسەر شکاندنەوە سەر یەکتری بە ئۆتۆمبێل کەسێك کوژرا
پۆلیس ھۆكاری رووداوەكە رووندەكاتەوە
K24 - ھەولێر
لە شاری ھەولێر بەھۆی شكاندنەوە سەر یەكتر بە ئۆتۆمبێل، كێشە دەكەوێتە نێوان دوو كەس و لە ئەنجامدا كەسێك كوژرا.
رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر، بە كوردستان24 راگەیاند: "شەوی رابردوو، ھێزەكانی پۆلیس ئاگادار کرانەوە بەبوونی رووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی کورانی عنکاوە، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەكە دەرکەوت لەسەر شکاندنەوە سەریەکتری بە ئۆتۆمبێل بووە".
گوتیشی: "ئەو دوو كەسەی بە ئۆتۆمبێل شكاندویانەتەوە سەر یەكتری، دراوسێی یەكترن. لەو كاتە دەبێتە کێشە و دەمەقاڵە دواتر کێشەکە تەشەنە دەكات و لە ئاکامدا کەسێك بەناوی نەبی عەزیز ئەحمەد، تەمەن 28 ساڵ دەکوژرێت".
روونیكردەوە: "كەسێك بەناوی (س.ق) لە شەڕەكە چەكی بەكارھێناوە و نەبی عزیزی كوشتووە".
گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر، ئەوەشی خستەڕوو: "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کردووە".
ھۆگر عەزیز، راشیگەیاند: "ئێستا لەسەرەتای لێكۆڵینەوەكانداین، ئەگەر دەركەوت ئەو كەسەی تەقەی كردووە و كەسێكی كوشتووە، چەكی بێ مۆڵەتی ھەڵگرتووە، ئەوا پەڕاوێكی دیكەشی بۆ دەكرێتەوە و سزاكەی قوڕستر دەبێت".
ھ.م