بەرژەوەندی تایبەت كارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك دەوەستێنی

"لە چوار ساڵی رابردوودا ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك لاوازترین ئەنجوومەن بووە"

K24 - دھۆك

ھاووڵاتییانی دھۆك لە ئەدای چوار ساڵی كاركردنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكەیان رازی نین و كارەكانیان بە لاواز دەبینن، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكەش ئاشكرای دەكات سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگاكە بە گوێرەی بەرژەوەندییە كەسییەكان كار دەكات و خۆی لە زۆر دۆسیەی گەندەڵی بێدەنگ كردووە، بەوەش ھاووڵاتییان زەرەرمەند بوونە.

مەتین دۆسکی، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی پارێزگای دھۆكە، ئەو دەڵێت: "ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك سەرقاڵی كار و بەرژەوەندی شەخسی خۆیانن، لە خەمی خەڵكی دانین و ھیچیان بۆ دھۆك نەكردووە، بەیانیان دەچنە دەوامم نیوەڕۆیان دێنەوە، ھیچ كار و پڕۆژەیەكیان بۆ شار نییە".

دانیشتوویەكی دیكەی دھۆك بەناوی خالد عەلی، بە كوردستان24 گوت: "لاوازترین ئەنجوومەنی پارێزگا لە ھەرێمی كوردستان ھی دھۆكە، تەنھا خەریكی بەرژەوەندی خۆیانن، پێویستە خوێنی شەھیدان لەبیر نەكەن، ھەر بەدوای كەیف و خۆشی خۆیان نەبن، بەڵكو خزمەتی شارەكەی خۆیان بكەن".

ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك دان بەوەدادەنێن، كە ئەنجوومەنی پارێزگا لاوازە، لەوبارەوە دیندار عابد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك ئەندامی ئەنجوومەن گلەیی زۆرم لە دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەن ھەیە، وەك پێویست رۆڵی خۆی نەبینیووە لە شارەكەدا، بەرژەوەندییە شەخسییەكان ناكۆك بوونە لەگەڵ راپۆرت و گوتەكانی ئێمە لەنێو پارێزگا، بۆیە حاڵی ئەنجوومەن بەوشێوەیە، ھۆكاری سەرەكی لاوازبوونی ئەنجوومەن لەبەرچاوگرتنی بەژوەندی تاكە كەسین".

عەبدولسەمەد تێلی، ئەندامێكی دیكەی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆكە ئەویش دەڵێ: "تائێستا ئەنجوومەن یەكەی ژمێریاری نییە، ئێمە چایەك بخۆین دەبێ بیخەینە ناو لیستی خەرجییەكان و پارێزگا بمانداتەوە، لە كوێی دونیا ھەیە دەزگای چاودێریكردن ھەقی چا لەو دەزگایە وەربگیرێتەوە كە لەژێر چاودێری ئەودایە، ئەوە یەكێكە لە ھۆكارەكانی لاوازی ئەنجوومەنی پارێزگا".

لەبەرامبەردا فەهیم عەبدۆڵڵا، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك بە كوردستان24 گوت: "بابەتی نەبوونی شارەزایی كاریگەری زۆری بەسەر كارەكانی ئەنجوومەونەوە ھەیە، لەو ماوەی چوارساڵی ھەستمان بەو لاوازییە كردووە، كە نەمانتوانیووە وەك پێویست كارەكانمان ئەنجامبدەین".

 ھ.م