سێ كورد كاندیدی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی بەلجیكان
"بەلجیكییەكان نوێنەرەكانیان ھەڵدەبژێرن"
K24 - برۆكسل
لە 14/10/2018، ھاووڵاتیانی بەلجیكا دەچنه سەر سندووقەکانی دەنگدان، بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، بۆ یەکەمجاره سێ کورد له پارته جیاوازەكان بەربژێرن.
ئاران كەمانگەر، كاندیدی پارتی لیبرالە بۆ ئەنجوومەنی شارەوانی برۆكسل ئەو کچە کورده خەڵكی شاری کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستانە و كه ماوەی 15 ساڵه لە برۆكسل دەژیت، بۆیەکەم جاره وەکو کوردێك کاندیدە بۆ ئەنجوومەنی شارەوانی شارێك كه بەپایتەختی بەلجیکا و ئەوروپاشه. ئاران کەمانگەر، شانازی دەکات کە کوردەو ئەگەر دەرچێت لە ھەڵبژاردن، یەکەم کاری بەرگریکردن دەبێت لە مافەکانی کوردستانیان لە بروكسل.
ئاران بە كوردستان24 گوت: "وەك كچە كوردێك دەمەوێت ئەو توانایەی ھەمە بۆ خزمەتكردن بە شاری برۆكسل و ئەو كوردانەی لەو شارە دەژین بەكاری بێنم، وەك كورد دەتوانین لە خزمەتكردن بۆ خەڵك و خۆمان لەپێشەوەی خەڵكی دیكە بین".
ئەو كوردستانیانەی کە مافی دەنگدانیان ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانی بروكسل، خۆشحاڵن بۆ یەکەم جاره کوردێك لەناو لیستی کاندیدەکان دەبیندرێت بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانی بروكسل و رایدەگەیەنن، دەنگ بە ئاران دەدەن.
ھێمن كەریمی، كوردێكی دانیشتووی شاری برۆكسلە و دەڵێت: "جێگەی شانازییە بۆ ئێمە وەك كوردانی دانیشتووی برۆكسل كە كوردێك لەناو بەربژێرەكان ھەیە، بۆیە داواكارین لە ھەموو كوردانی برۆكسل دەكەین دەنگ بە ئاران بدەن".
بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی بەلجیکا، ھەر کەسێك تەمەنی لەسەروی 18 ساڵ بێت و خاوەنی رەگەزنامەی بەلجیکی بێت، پێویسته وەك ئەركی هاووڵاتی بوون بەشداری دەنگدان بێت، ھەر کەسێکیش دەنگ نەدات، بەبڕی 80 یۆرۆ سزا دەدرێت، ئەگەر بۆ جاری دووەم دووبارەی بکاتەوە ئەوا سزاکەی بەرزدەبێتەوە بۆ 200 یۆرۆ.
ھ.م