داستانی پردێ سەرکەوتن بوو بە سەر خەیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەردا

وانەیەك بوو کە هەرگیز داگیرکەران و خیانەتکاران لە یادیان ناچێت

داستانی پردێ سەرکەوتن بوو بە سەر خەیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەردا
داستانی پردێ سەرکەوتن بوو بە سەر خەیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەردا

داستانی پردێ سەرکەوتن بوو بە سەر خەیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرو وانەیەك بوو کە هەرگیز داگیرکەران و خیانەت کاران لە یادیان ناچێت

پێش یەك ساڵ وەکو ئه‌مڕۆ کاتژمێر 11.03، بۆ یەکەمجار لە مێژووی تانکی ئێم یەکی ئابرامزی ئەمریکی بەدەستی پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میحوەری رۆژئاوای کەرکووك لە نەبەردی پردێ تێكشکێندرا. 

ساڵێك لەمەوبەر لە 20/10/2017دا،  پێشمەرگە سەربەرزەکانی کوردستان، لە میحوەری رۆژاوای کەرکووک، جبهەی پردێ، سەربەرز و مەردانە، هەڵۆئاسا پەلاماری داگیرکەرانیان تێکشکاندو راویان نان و وانەیەکیان پێدان کە هەرگیز لە یادیان ناچێت.

کاتێ کە لە ئاکامی گەلەکۆمەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی، بە پیلانگێڕی و جووڵاندنی هێز و بە چاوساخی و هاوکاری خوێناوی گرووپە "کاڵفام" و بە خەیانەت گۆشکراوە ناسراوەکەی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە، دووز و خانەقین و کەرکووکی دڵی کوردستان رادەستی داگیرکەران کران، زۆر ماڵی هاووڵاتیانی رەسەنی ناوچەکە بەر تاڵان و سووتان کەوتن و زیاتر لە 200 هاووڵاتیش شەهید کران،  لە ئاکامی ئەو رووداوانەدا، تراژیدیایەکی نەتەوەیی خوڵقا و تاسان و نیگەرانی و نائۆمێدی باڵی بە سەر گشت کوردستاندا کێشا.

لەو کات و ساتە هەستیارانەشدا میدیاکانی تیمی خیانەتکاری 16ى ئۆکتۆبەر پڕوپاگەندەی چەواشە کاریان دەکرد و دەیانوت پێشمەرگە هیچیان پێ ناکرێت و حشد گەیشتنە هەولێر..! لەو تەمو و مژە سیاسییەدا چارەنووسی باشووری کوردستان و هەرێم و حکومەتەکەی کەوتنە بەر پرسیاری ناوخۆ وهەرێمی و جیهانی.

لەوەها دۆخێکی سیاسی و سەربازی و سایکۆلۆژی دا بوو کە بەرەبەیانی رۆژی 20ی ئۆکتۆبەر، فەرماندەکانی ئەو هێزە داگیرکەر و پەلاماردەرانە کە بۆنی نەوتی کەرکووک مەست و کەڕ و لاڵ و کوێری کرد بوون، بە ئامانجی داگیرکردنی پایتەختی کوردستان، بەرەو تێپەڕین لە شارۆچکەی " پردێ" فەرمانی جووڵەیان دەرکرد.

ریز بوونی لەشکرێکی هەزاران کەسیی ئیقلیمی، تەیار بە سەدان چەک و ئالیاتی جەنگیی پێشکەوتووی وەک: دەبابەی ئابرامز و هامەر و باجەر و دۆشکە و مودەرعەی ئەمریکی و تۆپی دوورهاوێژ و کاتیۆشا و سارۆخی کۆرنێت لە بەرەی دوژمن و لەبەرانبەریشدا، دامەزرانی بەرپرس و فەرماندە و پێشمەرگەکانی بەر فەرمانی میحوەری رۆژاوای کەرکووک کە بۆ رێگرتن لە پێشڕەویی داگیرکەران بەرەو هەولێر، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، پەیمانی بەرپرس و فەرماندە و پێشمەرگەکان سەرکەوتن یان کۆتایی ژیان بوون لەو سەنگەرانەیان بەستبوو، تابڵۆیەک لە جەنگێکی مێژوویی و چارەنووس سازی نێوان کورد و داگیرکەرانی، نەخشاند بوو.

ئەو رۆژە چاو و دڵ و هەست و هیوای هەموو کوردستان لە سەر پردێ بوو کە پێشمەرگە وەک هێزی رۆژی تەنگانە و رۆژە سەختەکان، گەل و نیشتمان و پایتەختەکەی لە داگیرکەران بپارێزی.

سوپای کوردستان و سوپای داگیرکەران ئاوقای یەکتر بوون و بە توندی بە گژ یەکدا چوون. گرمەی تۆپ و شریقەی گولە و بڵێسەی ئاگر و دووکەڵی بارووت و تۆزی هاون و زڕەی زنجیری دەبابەی دوژمن، ئاسمانی پردێ و ناوچەکەی داگرتبوو.

پێشمەرگە وەک چیاکان چەقیبوون و وەک داربەڕووەکان وەها خۆیان داکوتابوو کە سینگیان ببووە قەڵغانی پاراستنی نیشتمان و بەها بەرزەکانی.

سەرەنجام بە هەموو ئەو ناهاوسەنگییەی کە لە رووی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەوە لە نێوان بەرەی وڵاتپارێزانی کورد و دوژمنانی داگیرکەر و خاکفرۆشان لە ئارادا بوو؛ پاش زیاترلە 8 سەعات شەڕی بێ پسانەوە و بەردەوام و2 کاتژمێریش شەڕی پچڕ پچڕ، دوژمن نەک هەر نەیتوانی بەرەو ئامانجە دیاری کراوەکەی پێشڕەوی بکات، بەڵکوو تێکشکا و هەموو ئەو غروور و لە خۆبایی بوونەی بە هۆی پشتوانی دەرەکی و خیانەتەکەی تاقمەکەی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، کەڵەکەی سەر لەش و رۆحیان ببوو، پووکایەوە.

بەو حاڵەشەوە گرنگی و جێگای نەبەردی پردێ تەنیا بەو دیمەن و رەهەندانەوە شرۆڤە ناکرێت. هەر جەنگ و نەبەردێک بە ئاکام و کارییگەرییە سیاسی و سەربازییەکانی و دەسکەوت و دۆڕانەکانییەوە هەڵدەسەنگێندرێت.

نەبەردی "پردێ"، هاوکێشە ئاراییەکانی نێوان 16 تا 20ی ئۆکتوبەری گۆڕی و هەموو ئەوانەی دەست و رۆڵیان لەو پیلانگریی و لەشکرکێشیەدا هەبوو و ئەوانەش کە وا چاوەڕێی ئاکامی ئەو هێرشانە و بەلادا کەوتنی تەوازنی هێز بوون، لە ئێوارەی ئەو رۆژەدا بە حیساباتی خۆیاندا چوونەوە.

نەبەردی پردێ، نەبەردی پاراستن و مانەوەی هەولێر و حوکمڕانی کوردستان بوو. راسان لە رووی پیلانی دەرەکی و خەیانەت و نیشتمان فرۆشی و نائۆمێدی دا بوو.

هەڵمەتی نیشتمانپەروەران و دەرکەوتن و درەوشانەوەی سەربەرزانەی هێز و لایەنی دڵسۆز بە گەل و خاکی کوردستان بوو. هەروەها بە هێز بوونی زیاتری سیاسی و سەربازیی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان بوو.

ئەو نەبەردە مێژووییە هەر لە ئاستی شان و شکۆی بەرزی پێشمەرگە دەوەشایەوە و پووچەڵ کردنەوەی پیلانی هاوبەشی داگیرکەران بوو. هەر لەو کاتەشدا مایەپووچ کردنی خاکفرۆشانی بەرەی خەیانەت بوو.

حەماسەی پڕ لە شانازیی پردێ، لە نەبەردەکانی سحێلا و مەحموودییە و زمار وتلسقۆف و مەخموورو دووپات بوونەوە و ئێستا هەموو بەرەکانی بەرگری لە کوردستان، پردێ وسحێلا و مەحموودییە وتلسقۆف و زومار و مەخموورن.

لە یادی ئەو حەماسە مێژووییەدا کە بە خوێنی پۆلێک لە رۆڵەکانی نیشتمان تۆمار کرا، هەزاران سڵاو پێشکەشی شەهیدانی ئەو نەبەردە دەکەین و سەری رێز لە بەرامبەر شکۆ و گەورەییاندا دادەنەوێنین. سڵاوی ئەمەک و وەفاداریی پێشکەشی ئەو فەرماندە و پێشمەرگانە دەکەین کە ئامادە بوون بمرن بەڵام، شکۆی نەتەوە ونیشتمانەکەیان پارێزراو بێت.

ئێمەش زۆر سەربەرزین  بەوەی کە پلانداڕێژی ئەو بەرگرییە بوین و تێدا سەرکەوتین و ئەو نەبەردە بوو بە بەشێك لە نەبەردە درەوشاوە پڕ شانازییەکانی کوردستان بۆ هەتا هەتا.

دکتۆر کەمال کەرکووکی

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك – گەرمیان

20/10/2018