لە رووداوێكی ئاگركەوتنەوەدا دایكێك و دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا
ئەندامێكی خێزانەكە لەو رووداوە رزگار بووە

K24 - ئاكرێ
ئاری حوسێن، پەیامنێری كوردستان24 لە ئاكرێ رایگەیاند: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رووداوێكی ئاگر كەوتنەوە لە قەزای ئاكرێ دایكێك و دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا".
گوتیشی: "ئەو خێزانە خەڵكی مووسڵن و چەند ساڵێكە ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونە و لە ئاكرێ نیشتەجێن، لەكاتی كەوتنەوەی رووداوەكە دایك و سێ منداڵەكەی لە ماڵ بوونە".
یەكێك لە شایەتحاڵەكان كە دراوسێی ئەو خێزانەیە بە كوردستان24 گوت: "لەكاتی رووداوەكە كە گەیشتین ھەموو پەنجەرەكانمان شكاندن، بەڵام ئاگرەكە گەورەبوو تا ھێزەكانی بەرگری شارستانی نە گەیشتن نەتوانرا كۆنترۆڵ بكرێت، بۆیە دایكێك و دوو منداڵەكەی گیانیان لەدەستدا و تەنھا منداڵێكیان لە رووداوەكە رزگاربوو".
ھ.م