کوردۆفۆبیا "ترسی نائەقڵانی لە کورد "

هەرچی دەکەم و دەکۆشم... هەموو ساتێکی تەمەنم، بەناچاری و نائومێدی ژەهری پرسیارە دەینۆشم!

کوردۆفۆبیا "ترسی نائەقڵانی لە کورد "
کوردۆفۆبیا "ترسی نائەقڵانی لە کورد "

ئەز دەزانم پرسیارەکان بێ وەڵامن! خۆ دەزانم پرسیارەکان هۆکاری دەرد و بەڵامن!

دەشزانم گەر وەڵام هەشبن منجە منجی پڕ (بەڵام)ن!

هەرچی دەکەم و دەکۆشم... هەموو ساتێکی تەمەنم، بەناچاری و نائومێدی ژەهری پرسیارە دەینۆشم!

(شارک – قرش) و  نەهەنگ و دۆڵفین و وردەماسیی دەریای ئیجەو کەناراوەکانی تورکیا و یۆنان و ئیتالیا و فرەنسا، بێزاربوون لە خواردنی گۆشت و ئێسکوپروسکی کوردی سەرهەڵگرتووی دەربەدەری بێ دەوڵەتی، نێچیری دەستی قاچاخچیانی هەمەچیزە دەوڵەتی!

سەگ و گورگ و دڕندەی "دووپێ و چوار پێ"ی ئەمدیوو ئەو دیووی تەلبەندی دڕکەزیی سەر سنووری وڵاتێکی دیموکراسی و ئۆتۆکراسی و چەپ و ڕاستی دونیا نەما،خوێناوی جەستەی هەلا هەلای کوردێکی کۆڵبەر، سەرگەردان و سەرهەڵگرتووی بێ ئایندە، بە لمۆزو کەڵبەیاندا نەچۆڕابێتەوە!

هەزار ساڵە ... شمشێر و گوریس و پەتی عياض وأشتر و فرقد و عقبة و جرير ومقرف و قريشي و سەدان چاوڕەش و چاوشین و هاونەژاد و ( مەن و بەن!) نەما، لە دەوری گەردنی بەرزی کوردان نەسوڕابێتەوە!  

سوک و ڕیسوایەکی ئەم سەرزەمینە نەماوە، زوخاوی (هیچ و پووچێتیی) خۆی بەسەر کوردێکی پەلوپۆ شکاوی بێ پشتوپەنادا هەڵنەڕشتبێ!

ڕۆژنامەیەکی ڕوو زەرد و شاشەیەکی ڕوو ڕەشی دیموکراسی و لیبرال نەما،  سەرلەنوێ  ڕێمان بەرەو چاڵی چاڵدێران و گورگی سایکسپیکۆ و غەدری لۆزانیش خۆش نەکات!

لەم دونیایە مینبەر نەما، دیسداشە لەبەر، یان عەمامەو تەڕبووش بەسەر، رۆژیی پێنج ژەم ژەهری برایەتیی دنیا و دینمان پێ نۆش نەکات! 

بە ئاگر و بە ئاسن و بە کیمیایی، نیشتمانی بێ باوکمیان کردە دۆزەخ ! پاچ و بێڵ وخاکەنازیان پێفڕێداین! کڵاشینکۆف و بیکەیسیی ژەنگاویان کردەشانمان تا یەکتری پێ قڕ بکەین!  

هەندێ قسەی بە بریقە و خەیاڵ پڵاویی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرن و ئازادیی تاکیان دەرخواردداین، تا کورد بوون و بەرخودان و کوردایەتیی پێ سڕ بکەین!

دەیان ساڵە، سورفل، ڕەشپێست و گەنمڕەنگ، چاو و برۆ ڕەش و ورگن، چاوشین،  بەژن زراڤ، گرگن! پرچ زەردێک و قژ ڕەشێکی دنیای (یەکگرتووی دژە کورد) نەما، بە سەدان هەزار دۆلاری شیری منداڵی کوردی لووش نەدابێ!

کێن ئەوانەی مرۆڤدۆستن، دادپەروەرن، لەمافی گەلان دەپرسن! لە هەڕەشەی نەوەکانی سایکس پیکۆو توولە سەگی هاری لۆزانیش ناترسن؟

کێن ئەوانەی جێژوانیان لێ کردین بە جێ ژان!  جوان دووانیان لێ کردین بە جوێندان!؟

کێن ئەوانەی بە بەرچاوی جاڕنامەکەی مافی هەمووان، گڕیان بەردایە باخ و ڕەز، مۆڵ و خەرمان! ڕەش و سپی و تەڕ و وشکیان پێکڕا سووتاند! کێن ئەوانەی دەیان ساڵە فوو لە چرای ئەقڵ دەکەن، جوێنبارانی شەوانی تاریکمان دەکەن؟

تا کەی رۆشنبیرێکی کورد بە تووڕەیی و بە غەریبی و بە داخەوە بتلێتەوە و بە بێ مۆتەکەی مەرگی ناوادە، خەو لە چاوانی نەکەوێت!  تا ئەو ڕۆژەی لەناو تەکسی، یان لە گەرماوێکی زۆر سارددا، دڵی لە لێدان دەکەوێت!؟  

تا کەی دیموکراتە مرۆڤدۆستەکانی دونیا ڕێنادەن (بیهرۆز بووچانی)یەکانمان لە زیندان دەرچن و خەڵاتی داهێنانەکانیان وەرگرن!

تا کەی سۆشیال دیموکرات و ژینگە دۆستانی ئەورپای دایکی ئازادی، ڕێ نادەن بولبولێکی کوردستان لەناو دارستانەکانیان بایەکی باڵی خۆی بدات، گورج بە پەلە دیپۆرتی دەکەنەوە نەبادا بتەقێتەوە!

تاکەی داوای پڕکردنەوەی فۆرمی ڤیزا لە گوێدرێژە زامدارەکانیشمان دەکرێ؟!

تاکەی تاکەی .... ئەی خودایە ! خۆت دەیبینی ڕاست و چەپی ئەم دونیایە... لە دەرەوە و لە ناوخۆدا، خەریکن نوغرۆمان دەکەن لەناو لیتاوی درۆدا!

ئای خودایە ! تۆ پێم بڵێ، لەسەر چییە (لە کورد ــ ترسان) ؟ لەبەر چییە ئەم فۆبیایە؟!

ئای خودایە داد و بێداد... هاوار هاوار سەدجار هاوار!  بۆچ لە شانس و بەختی ڕەشمان، دیموکراسی و مافی مرۆڤ بوونە درۆیەکی شاخدار ؟!

کێن ئەوانەی لەسەر مەینەتیی نەبڕاوەی میللەتی کورد، درەنگ یان زوو، دەبێ بدەن وەڵامی ورد...؟

زۆرن.. زۆرن.. سپین.. سۆرن.. چاوڕەش.. چاوشین.. ‌قژ زەرد.. بۆرن! داگیرکەر و پیلانگێڕی بیانین و هاوزمان و هاونەژادی خۆپەرستی مەرگ دۆستن، زۆرن زۆرن... کوردی چاپووکی خۆ خۆرن!

-------------------------------------------------------------------------------

کوردۆفۆبیا: ئەم زاراوەیە زادەی هزری نووسەرە. ئاماژەیە بۆ نەخۆشییەکی دەروونی و ترسێکی نائەقڵانی کە زۆرینەی سیاسی و دەسەڵاتدارانی دەوروبەرو دنیای دەرێ، بەرانبەر بە دەوڵەتی کوردستان و کورد هەیانە و بەردەوام ڕکوکینەیەکی بێ پاساو لە گوتار و پێرفۆرمانس و میدیاکانیاندا بەدیاردەکەوێت.