ھێمن سەیدی
نووسەر
گه‌نده‌ڵی و ناسه‌قامگیری، هاوسه‌نگییه‌کان ده‌گۆڕێ!
ئێستا به رواڵه‌ت باشترین هه‌له بۆ نیزیک بوونه‌وه‌ی هه‌ر چی زیاتری رووسیا و چین
K24 – هه‌ولێر:
له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا, ئایدۆلۆژیا گرنگی زۆری هه‌بوو له هاوسه‌نگییه جیهانییه‌کاندا. به تایبه‌تی له سه‌رده‌می شه‌ڕی سارددا. جیهان به ته‌واوی له نێوان دوو ئایدۆلۆژیادا دا گیری کردبوو. به‌ڵام سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک له‌م بواره‌دا زیاتر له سه‌ده‌ی نۆزده ده‌چێت. سه‌رده‌مێک که زلهێزه‌کان ته‌نیا ململانێی پاره و زه‌وی و داگیرکارییان هه‌بوو. زۆربه‌ی جیهان له نێوان به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسادا دابه‌ش ببوو به بێ هیچ چه‌شنه جیاوازییه‌ک له نێوان ئه‌و دوو زلهێزه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا. ئێستاش وایلێهاتووهتهوه.
چین و ئه‌مه‌ریكا زۆر جیاوازی ئایدۆلۆژیایان نه‌ماوه، ئه‌وروپا و رووسیا و ژاپۆنیش هه‌روه‌تر. ته‌نیا پاره و هێز و ته‌کنۆلۆژیا قه‌واره‌ی هاوسه‌نگییه‌کان دیاری ده‌کات. به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش دوو جیاوازی به نیسبه‌ت سه‌ده‌ی نۆزده هه‌یه: گرنگی نه‌بوونی گه‌نده‌ڵی له سیستمی ئابووری وڵاتاندا و هه‌روه‌ها گرنگی سه‌قامگیری درێژخایه‌ن له سیستمی سیاسی وڵاتاندا. له‌م نوسراوه‌یه‌دا شی ده‌کرێته‌وه که بۆ نمونه چۆن بوونی گه‌نده‌ڵی له روسیا وایکردووه که چین نه‌توانێت به ته‌واوی خۆی لێ نیزیک بکاته‌وه و هه‌روه‌ها چۆن نه‌بوونی سه‌قامگیری سیاسیش بووه‌ته کۆسپی سه‌ر رێگای نزیک بوونه‌وه‌ی ئه‌وروپا و ئێران. به‌م هیوایه که له کوردستان به فێر بوون له‌م دوو ئه‌زموونه، سیستمی سیاسی به‌ره‌و سه‌قامگیری سیاسی بڕوا و هه‌روه‌ها کۆتایی به گه‌نده‌ڵیش بهێنرێت.
چین و رووسیا هه‌ر دووک به ده‌ست ئه‌مه‌ریكاوه ده‌ناڵێنن. له لایه‌ک رووسیا له ژێر گه‌مارۆی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه ئه‌وروپیه‌کانی دایه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌مه‌ریكا به‌رۆکی چینی بۆ شه‌ڕێکی ئابووری درێژخایه‌ن گرتووه و هاوکات شه‌ڕی تهکنۆلۆژیاشی پێ ده‌فرۆشێ. ئێستا به رواڵه‌ت باشترین هه‌له بۆ نیزیک بوونه‌وه‌ی هه‌ر چی زیاتری رووسیا و چین هه‌تا پێکه‌وه به‌ره‌یه‌کی به‌هێزی جیهانی به دژی ئه‌مه‌ریكا پێک بهێنن. به‌ڵام ئه‌م کاره ناکه‌ن و ته‌نیا تا ئاستی مانۆڕی سیاسی ده‌چنه پێش.
سه‌ردانی حه‌وتووی پێشوی سه‌رۆکی چین له مۆسکۆ زیاتر مه‌به‌ستی پڕۆپاگا‌ندای هه‌بوو ده‌نا چین حازر نیه پشت به روسیه ببه‌ستێ. ره‌نگه سه‌رۆکه سیاسییه‌کانی چین به دڵ حه‌زیان له‌و هاوپه‌یمانیه خیاڵیه بێ به‌ڵام کۆمپانیا چینیه‌کان بڕوایان به سیستمی ئابووری رووسیا نیه هه‌تا پاره‌ی خۆیانی پێ بسپێرن. گه‌نده‌ڵی سه‌رتاپێی ئابووری ئه‌م وڵاته‌ی داگرتووه. مافیا حکومی و نیوه حکومییه‌کان بۆخۆیان هه‌ر چی پێیان خۆش بێ به سه‌ر بازاری رووسیا ده‌هێنن و حکومه‌تی پوتین هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێ ده‌کرێ که به‌رتیلی خۆی زیاد و که‌م بکات و توانای هیچ چاکسازییه‌کی نیه. هاوکات هه‌ر ئه‌م کۆمپانیه چینیانه به ده‌یان تریلیون دولار پاره‌یان له بازاری ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه و ناترسن دۆلارێکیان لێ که‌م و زیاد بێ. گرنگییه‌که‌ی له ئه‌وه دایه ئه‌گه‌ر بانکی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا بیهه‌وێ ته‌نیا یه‌ک سه‌نت له بایه‌خی دۆلار که‌م بکاته‌وه چین به سه‌دان میلیار دۆلار زیان ده‌بینێ له که‌م بوونه‌وه‌ی بایه‌خی ئه‌م پاره‌یه‌ی که له ئه‌مه‌ریكادا خه‌واندوویه‌تی، به‌ڵام بانکی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا ئه‌م کاره ناکا هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته مایه‌ی متمانه‌ی ئه‌م کۆمپانیه چینیانه که به بێ ترسی گه‌نده‌ڵی یا به بێ ترسی ده‌ستێوه‌ردانی حکومه‌ت، پاره‌ی خۆیان به بازاری ئه‌مه‌ریكا سپاردووه، به پێچه‌وانه‌ی بازاری رووسیا.
دوای رێکكه‌وتنی 2015ی زلهێزانی جیهان له‌گه‌ڵ ئێران و لاچوونی گه‌مارۆکانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له سه‌ر ئه‌م وڵاته چاوه‌ڕوان ده‌کرا سه‌دان کۆمپانیای ئه‌ورووپی و بیانی روو له ئێران بکه‌ن. بازاڕی ئێران تینووی پاره بوو، بازارێکی گه‌وره‌ی هه‌شتا ملیۆن حه‌شیمه‌تی که له لایه‌ک پردی نێوان چین و ئه‌وروپا و رووسیا بوو له لایه‌کی دیکه‌وه چه‌ندین ساڵ بوو ده‌رگای تیجاره‌تی جیهانی له سه‌ر داخرابوو. سه‌رۆکی وڵاتانی ئه‌ورووپی خاوه‌ن کۆمپانیه زه‌به‌لاحه‌کانی خۆیان بانگهێشت ده‌کرد و به نهێنی پێیان راده‌گه‌یاندن که ده‌ست ببزێون و وه‌پێش کۆمپانی باقی وڵاته‌کان که‌ون تا بتوانن به‌شی زۆری بازاڕی ئێران بۆخۆیان قۆرخ بکه‌ن. به‌ڵام کۆمپانیه ئه‌وروپیه‌کان وه‌ڵامی سه‌رۆکه سیاسیبهکانیان نه‌ده‌داوه. راسته ئه‌وان تامه‌زرۆی بازاری نوێ بوون و زۆریش حه‌زیان له قۆرخ کردن بوو، به‌ڵام کێشه‌که له‌وه دابوو که ئێران سه‌قامگیری سیاسی درێژخایه‌نی نه‌بوو. ئێران موشه‌کی ساز ده‌کرد و ده‌ستی له کاروباری عێراق و سووریه و یه‌مه‌ن و لوبنان وه‌رده‌دا هاوکات مه‌ترسی هێرش و ده‌ستێوه‌ردانی ئیسرائیل و سعودی و هه‌روه‌ها ناڕه‌زایه‌تی ناوخۆیی بۆخۆی ساز ده‌کرد. کۆمپانییه ئابورییه‌کان ئێستا هه‌موو راوێژکاری سیاسی‌یان هه‌یه. پێش ئه‌وه‌ی که پاره و ته‌کنۆلۆژیای خۆیان بنێرنه وڵاتێک له پسپۆڕه سیاسییه‌کانیان ده‌پرسن که ئه‌م وڵاته چه‌نده سه‌قامگیره؟ چه‌نده به‌ره‌ورووی هێرشی ده‌ره‌کی و ناڕه‌زایه‌تی ناوخۆیی ده‌بێته‌وه؟ ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌م وڵاته ده‌یخه‌وێنن چه‌نده مه‌ترسی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی له سه‌ره؟ کۆی ئه‌م پرس و راوێژانه گه‌یشته ئه‌م خاڵه که جگه له چه‌ند پرۆژه‌ی بچوکی چه‌ند کۆمپانیای بچوک هیچ پرۆژه‌یه‌کی گرنگی ئابووری له لایه‌ن هیچ کۆمپانیایه‌که‌وه له ئێران ده‌ست پێنه‌کرێ، ئه‌و کۆمپانیه بچوکانه‌ش زۆربه‌یان دوای گرژ بوونه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا خه‌ریکن ئه‌م وڵاته به جێده‌هێڵن.
جا کوردستان ده‌بێ حیسابی خۆی بکا. راسته له وڵاته دراوسێکان و وڵاتانی دوور و نیزیکی عه‌ره‌به‌وه بگره تا زلهێزه ئابوورییه‌کان هه‌موو پێیان خۆشه به‌شداری له گه‌شه‌ی ئابووری کوردستاندا بکه‌ن و ره‌نگه له هێندێ بواردا بۆیان له به‌غداش گرنگتر بێ، به‌ڵام خۆ کوردستان، له رووسیا و ئێران بۆ ئه‌م وڵاتانه گرنگتر نیه. کاتێک گه‌نده‌ڵی ئابووری له رووسیه و ناسه‌قامگیری سیاسی له ئێران نه‌هێڵێ ئه‌م وڵاتانه پاره‌ی خۆیان ته‌رخان بکه‌ن به بازاری رووسیا و ئێران، به بێ گومان خۆیان له کوردستانیش ناده‌ن مه‌گه‌ر دڵنیا بن که سیستمی ئابووری کوردستان خه‌ریکه به دژی گه‌نده‌ڵی هه‌نگاو ده‌نێ و سیستمی سیاسیه‌که‌شی به تایبه‌تی له ناوخۆوه سه‌قامگیره. ئه‌گه‌ر کوردستان سالم و سه‌قامگیر بێ ته‌نانه‌ت ده‌توانێ ئه‌و پارانه‌ی بۆ تاران و به‌غداش ته‌رخان کرابوو بۆ لای خۆی رابکێشێ. راگواستنه‌وه‌ی کۆمپانیایه‌ک له تارانه‌وه بۆ ئه‌وروپا هاسان نیه و مایه‌ی دڵساردییه بۆ خاوه‌نه‌که‌ی به‌ڵام راگواستنی له تارانه‌وه بۆ هه‌ولێر و سلیمانی هاسانه و مایه‌ی دڵخۆشییه و نیشانه‌ی قه‌ره‌بوو کرنه‌وه‌ی زیانێکه له ماوه‌یه‌کی که‌م دا.