هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك له‌ گفتوگۆدان

پێنج لێژنەی فەرعی و لێژنەیەکی باڵا لە نێوان هەولێر و بەغدا پێكهێنراون

K24 - هه‌ولێر:

شێخ جەعفەر مستەفا فەرماندەی هێزەکانی حەفتا بە کوردستان 24ی راگەیاند، پێنج لێژنەی فەرعی و لێژنەیەکی باڵا لە نێوان هەولێر و بەغدا پێکهاتوون و هەفتانە و مانگانە کۆدەبنەوە و گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی دۆخی کەرکووك ئاسایی بکرێتەوە. 

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌، گوتیشی: "لە ماوەیەکی کورتدا لە کەرکووك زۆر شت دەگۆڕێت".

لە بەرامبەریشدا سیروان بارزانی فەرماندەی میحوەری مەخموور و گوێڕی هێزی پێشمەرگه ئاشکرایکرد، گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بەڵام بەغدا هیچ بەڵێنێکی بە هەولێر نەداوە تا پێشمەرگە بگەڕێتەوە.

ماوەیەکە قسە و باسەکان لە بارەی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکووك و ناوچە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، گەرمتر و گەرمتر بوون، بە تایبەتیش کە یەکێك لە مەرجەکانی پارتی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك ئەو  پرسەیە و لە گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتیشدا یەکێکە لە خاڵە جێناکۆکە سەرەکییەکان.

یەکێتی پێیوایە پرۆسەی گەڕانەوەی پێشمەرگە هێندەی نەماوە بە ئەنجامبگات و لەماوەیەکی نزیکیشدا بە ئەنجامدەگات.

پارتی کە لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووك نەماوە، ماوەیەکی زۆرە مەرجی گەڕانەوەی بۆ ئەو شارە بە ئاسایيکردنەوەی دۆخ و گەڕانەوەی پێشمەرگەوە دەبەستێتەوە.

بەڵام ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبە کە لە هەمان کاتدا سەرکردەیەکی سەربازیشە رەتیدەکاتەوە بەغدا هیچ بەڵێنێکی لەو بارەیەوە دابێت.

نزیك بە دوو ساڵە هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە کەرکووك و ناوچە كوردستانییه‌كان دوورن و رۆژ بە رۆژیش دۆخی ئەو ناوچانە خراپترە، کوردستان 24 زانیویەتی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە ئێستا فشار کەوتووەتە سەر بەغدا تا دۆخی کەرکووك بکاتەوە بە دۆخی شارێك کە دووربێ لە سیمای سەربازی.