حكوومه‌ت راییكردنی كاروباری هاووڵاتیان به‌ ئه‌لیكترۆنی ده‌كات

هاووڵاتیانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقیش بۆ راییكردنی مامه‌ڵه‌كانیان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن

K24- هه‌ولێر:

لە دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا سەرۆکی وەزیران مەسرور بارزانی وەزیرەکانی راسپارد، بۆ ئه‌وه‌ی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا بە باشترین شێوە رێز لە هاووڵاتیان بگیرێت و جیاوازی لە مامەڵەکردندا نەمێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە حکوومەت بۆ لەمەودوا هەنگاوەکانی بەرەو بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی ببات.

ئه‌م بڕیاره‌ی حكوومه‌تیش هاووڵاتانی دڵخۆش كردووه و نایشارنه‌وه‌، كه‌ زۆری رۆتین له‌ فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت، ئه‌وانی بێزار كردووه‌‌.

هاوكات لە ئەگەری  بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت چاوەڕوان دەکرێت، جگە لە سوودمەندبوونی هاووڵاتیان، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش، هەرێمی کوردستان بکەنە جێگرەوەی بەغدا، کە ئەمەش لە کۆتاییدا بە قازانجی هه‌رێمی کوردستان دەشکێتەوە.

بڕیارە لە ئایندەدا لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستانەوە دامەزراوەکان خزمەتگوزاری گشتی و بەدەستهێنانی بەڵگەنامە و زانیاری پێویست پێشکەشی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەن و ببێتە هەنگاوێك بەرەو بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری حکوومەت و کەمکردنەوەی جەنجاڵی و رۆتین لە دامودەزگاکاندا.

هاوكات جگه‌ له‌وه‌ی ھاوڵاتییان بە بڕیارە نوێیەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دڵخۆشن و به‌رز ده‌نرخێنن، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌ له‌كاتی سه‌ردانیان بۆ فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كان رێزی زۆریان لێ ده‌گیرێت.

داواش ده‌كه‌ن، حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌رتاپای رێككاره‌كانی ناو كارنامه‌كه‌ی وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكات.

H.B