نووسەرێكی كورد لە ئەڵمانیا خەڵات دەكرێت
لەبارەی جینۆسایدی ئێزدییەكان نووسیویەتی
K24 - بەرلین
كچە نووسەرێكی كورد لە وڵاتی ئەڵمانیا بەھۆی نووسینێكەوە كە تایبەتە بە جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان لەلایەن چەكدارانی داعش خەڵاتێكی گرنگی ئەدەبی ئەڵمانی بە دەستھێنا. نووسینەكە بە زمانی ئەڵمانی نووسراوە و نووسەر لە بابەتەكەی باس لە ئازار و مەینەتییەكانی ئێزدییەكان دەكات لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش.
دوای جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەو کچە نووسەرە کوردە، کە بە زمانی ئەڵمانی دەنووسێت خۆی تەرخان دەکات بۆ نووسین لە بارەی ئازاری ئێزدییەکان.
رۆنیا عوسمان، تێکستێکی ئەدەبی بە ناونیشانی 74 دەربارەی جینۆسایدی ئێزدییەکان دەنووسێت، بەو نووسینە لە پێشبڕکێی ئەدەبی باخمان خەڵاتی "پەبلیکۆمس پڕایس publikumspreis" یاخود خەڵاتی ھاندەرانی پێدەدرێت کە یەکێکە لە خەڵاتە گرنگە ئەدەبییەکانی ئەڵمانیا.
ئەو کچە نووسەرە دەیەوێت لە رێگەی ئەدەبەوە تاوانی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان بە زیندوویی بھێڵێتەوەو لەبیر نەکرێت.
رۆنیا بە كوردستان24ی گوت: "من نووسەرێکی کوردی- ئێزدی - ئەڵمانیم، لە لایبزیگ دەژیم، من سەردانی خێزانە ئێزدییەكانم کرد لە کوردستان، لەگەڵیان مامەوە، دواتر کە گەرامەوە پەرتووکێکم نووسی لەسەر بارودۆخیان و کۆمەڵکوژی ساڵی 2014".
گوتیشی: "لە کێبڕکێی وێژەيی کە پەرتووکێکم لەسەر کۆمەڵکوژی خەڵکی ئێزدی نووسیبوو، بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکام ئێزدین، بۆ ئەو بەرهەمەم، خەڵاتێکم پێ بەخشرا".
ئاماژەی بەوەشدا: "من پێم وایە وێژە بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە، بۆ نموونە تا دوای 20 ساڵى تريش، ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە کە لە یاد بمێنێتەوە، بۆیە ویستم چیرۆکەکان بخەمە سەر کاغەز، بۆ ئەوەی ئەوەشی خۆشم بیستوومە لەیادم نەچێت. ئەوەی بۆ من زۆر گرنگە ئەوەیە کە شنگال پارێزراوبێت جارێکی تر و خەڵکی بتوانن بگەڕێنەوە، دواتر چەکدارە داعشییەکان دادگایی بکرێن و دادگەریی بەدی بێت".
رۆنیا عوسمان کچە کوردێکی ئێزدیە و لە ئەڵمانیا لە دایکبووە، ئەدەبی ئەڵمانی لە زانکۆی لایپزیگ خوێندوەو وەک رۆژنامەنووس لە میدیای ئەڵمانی کار دەکات، ساڵی 2015 رۆژی فیلمی کوردی لە شاری لایپزیگ سازداوە، ئەندامی لیژنەی داوەری فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دھۆک بووە.
ھ.م