هه‌رێمی كوردستان: هه‌مووان له‌سه‌ر هه‌بوونی ده‌ستوور كۆكن

"لایەنەکان لەسەر ئامادەکردنی دەستوور کۆکن"

K24 - هه‌ولێر:

لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەیەكی سیاسیی لەبار و ژینگەیەكی تەندروست بۆ كاراكردنەوەی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور بۆ ڕاپرسی، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان کۆبووەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان 24دا سەرۆکی پەرلەمان گوتی: "ئێستا هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستیمان بە بوونی دەستوورە".

هاوکات پێکهاتەکان دەستوورێکی کوردستانییان دەوێ کە بتوانێ مافەکانیان بپارێزێت.

دوای کۆبوونەوەکە، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەردانی پێکهاتەکانیان کرد، بەو مەبەستەی لە ئێستاوە نەخشەڕێگایەك بۆ بڕیاردان لەسەر شێواز و داواکارییەکانی لایەنەکان لە بارەی دەستووری هەرێمی کوردستانەوە بکێشن، وەك سەرۆکی پەرلەمان دەیگوت، ئێستا هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستوورە.

نەک تەنها پەرلەمان، تەنانەت بۆچوونی حکوومەتیش ئەوەیە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور.

پەرلەمان بۆ ئەم خولە چەندین پڕۆژەیاسای کردووەتە کاری لە پێشینەی خۆی، گرنگترینیان پرسەکانی دەستوور و چاکسازییە.

پێشتر پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، کاری هەرە لە پێشینەیان بریتی دەبێت لە ڕەخساندنی زەمینەیەكی سیاسیی لەبار و ژینگەیەكی تەندروست بۆ كاراكردنەوەی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور بۆ ڕاپرسی، چاوەڕێش دەکرێت لە ساڵی دووەمی یاسادانانی خولی پێنجەمی پەرلەمان، سەرجەم کارەکان تەواو بن.

ئ. م