"پێویستە کورد به‌ر له‌ ھاوپەیمانەکانی لۆمەی خۆی بکات"

جاری یەکەم نییە کورد لە رۆژئاوا بە تەنھا جێدەھێڵدرێت

K24 - هه‌ولێر:

پسپۆرێکی پەیوەندیيە نێودەوڵەتیيەکان پێیوایە ئەو دۆخەی ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت، ھۆکارەکەی لادانی لایەنەکانی رۆژئاوایە لە رێنمايیەکانی سەرۆك بارزانی، کە بەردەوام تێڕوانینی دوورمەودای بۆ دۆخی سیاسی سووریا بە گشتی ھەبووە، شارەزایەکی مێژووی کورد و ئەمریکاش دەڵێت، پێویستە کورد پێش ئەوەی لۆمەی ھاوپەیمانەکانی بکات لۆمەی خۆی بکات و یەکڕیزی نێوخۆی بپارێزێت.

جارێکی دیکە ئەمه‌ریکا پشتی لە کورد کرد و ئەمجارە ھێزەکانی لە رۆژھەڵاتی فورات کشاندەوە، کە دەرفەت دەداتە تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەو ناوچانە، سەرۆك بارزانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا، نیگەرانيیەکانی خۆی لەمەڕ ئایيندەی گەلی کورد لە سووریا دەربڕیوە، بە رای شارەزایەك لایەنەکانی رۆژئاوا، ھەڵەیان کرد کاتێك پابەندی رێککەوتنەکەی دھۆك نەبوون.

بە گوتەی پسپۆران مێژوو سەلماندوویەتی، وڵاتان ھیچ کاتێك بەرژەوەندیان نەکردووه‌تە قوربانی پەیوەندیيەکانيیان لەگەڵ کورد، بۆیە کارێکی چاوەڕوانکراو نییە ھەرکاتێك بیانەوێت پشت لەو پەیوەندیيە بکەن، پسپۆڕێكی مێژووی په‌یوەندی کورد و ئەمریکا، پێیوایە ئەگەر کورد بیەوێت پارێزگاری لە پەیوەندیيەکانی لەگەڵ وڵاتان بکات، پێویستە خۆی لە ھاوسۆزی بەدوور بگرێت.

ئەمە جاری یەکەم نییە کورد لە رۆژئاوا بە تەنھا جێدەھێڵدرێت، بەڵکو پێشتریش رووسیا لە عەفرین کشایەوە کە بووە ھۆی ئەوەی ئەو شارە لە لایەن تورکیا داگیر بکرێت، ئێستاش سەرکردایەتی سیاسی کورد نیگەرانه لەو دۆخەی ئێستا لە رۆژئاوا دەگوزەرێت و داوا لە وڵاتان دەکەن کوردانی رۆژئاوای کوردستان پشتگوێ نەخرێن.