حكوومه‌تی هه‌رێم دڵنیایی ده‌داته مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌ران
"ئه‌گه‌ر ناردنی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی دوا بكه‌وێت مووچه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت"
K24- هه‌ولێر:
بۆ ئاماده‌كردن و په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان له‌چاوه‌ڕوانی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراقدان. سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش دڵنیایی ده‌دات، كه له ئه‌گه‌ری دروستبوونی كێشه و نه‌ناردنی بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌وا ناردن و دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.
محه‌مه‌د ئیلخانی، بریارده‌ری لێژنه‌ی دارایی و ئابوری له په‌رله‌مانی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌فه‌رمی له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه داوایان له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كردووه، پرۆژه یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند بكرێت.
له‌كاتێكیشدا یه‌كلانه‌بوونه‌وه و نه‌ناردنی بودجه‌ی عێراق بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بووه‌ته جێگه‌ی نیگه‌رانی هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا و له وه‌ڵامی پرسیارێكی كوردستان24 له‌و باره‌یه‌وه دڵنیایی ده‌دات، كه له ئه‌گه‌ری نه‌ناردن و په‌سه‌ندنه‌كردنی بودجه‌ی عێراقیش، ئه‌وا ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئاماده‌كردن و ناردنی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ناردنی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌ك له گوته‌ی به‌رپرسانی هه‌رێمدا دیاره، له چاوه‌ڕوانی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراقه، كه ڕه‌نگه به‌هۆی كێشه و ئاڵۆزییه‌كانی به‌غداوه ناردنی پرۆژه یاسای گشتی عێراقی بكه‌وێته دوای ده‌ستنیشانكردن و ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق.
H.B