نه‌دا مێرگه‌سۆری
نووسەر
(100) رۆژ ده‌سپێكێك بۆ ئاینده
ئه‌م حكومه‌ته به كردار ده‌یه‌وێت له خزمه‌ت كردنی خه‌ڵك بێـت، (خزمه‌ت كردن)، یه‌كێك له‌و ئامانجه سه‌ره‌كییانه‌یه كه بنه‌مای كاركردنی ئه‌و كابینه‌یه بووه هه‌ر له رۆژی متمانه پێبه‌خشینی له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه.
له‌و گێژاوه‌و خۆپێشاندانانه‌ی كه هه‌ر له مانگی ئۆكتۆبره‌وه، عێراقی فیدڕاڵی له ناوه‌ڕاست و باشوور گرتۆته‌وه، سه‌رۆك وه‌زیرانی (تاقانه هه‌رێم)ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته فیدڕاڵیه، دوای ته‌نیا(100) رۆژ له‌ده‌ست به‌كاربوونی كابینه‌كه‌یه‌وه، باسی ئه‌و پێنگاڤ و ده‌سكه‌وتانه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌كات كه به پلان و ئیراده‌یه‌كی جیدی توانیویانه له ماوه‌ی (100) رۆژی ده‌ست به‌كاربوونیان وه‌ك كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستی بێنن.
له رێكه‌وتی(7)ی دیسه‌مبه‌ری (2019) به‌ڕێز(مه‌سرور بارزانی) سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به بۆنه‌ی (100) رۆژ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گوتارێكی تێروته‌سه‌لی پێشكه‌شی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كرد، له‌و گوتاره‌یدا ته‌واوی ئه‌و هه‌نگاو و خالانه‌ی باس كرد كه له‌و ماوه‌یه‌دا، خۆی و تیمه‌كه‌ی له حكومه‌ت ئه‌نجامیان داوه.
خاڵی گرنگ باس كرا‌و ئومێد‌و متمانه‌ی زیاتریش بۆ هاوڵاتی دروست بوو، كه ئه‌م حكومه‌ته به كردار ده‌یه‌وێت له خزمه‌ت كردنی خه‌ڵك بێـت، (خزمه‌ت كردن)، یه‌كێك له‌و ئامانجه سه‌ره‌كییانه‌یه كه بنه‌مای كاركردنی ئه‌و كابینه‌یه بووه هه‌ر له رۆژی متمانه پێبه‌خشینی له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه.
ئاشكرایه كه خزمه‌تگوزاری و فه‌راهه‌م كردنی ژیانێكی شایسته، یه‌كێكن له‌و بابه‌ته هه‌ره هه‌ستیار و گرنگانه‌ی كه هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگا داوای ده‌كات و فه‌راهه‌م نه‌كردنشی زۆرترین گڵه‌یی و گازنده‌یی لێده‌كه‌وێـته‌وه، به‌ڵام به پێی ئه‌و ئاماژانه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان و له عێراقیش هه‌ن، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه هاوڵاتی هێنده‌ی نیگه‌رانی( بوونی گه‌نده‌ڵی) و (نادادپه‌روه‌ری)یه، هێنده بیری لای خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان نییه، چونكه ده‌زانێت هه‌ر ئه‌و دوو شته‌ن كه ده‌بنه هۆی وێران كردنی ژێرخان و سه‌رخان و داهاتووی هه‌رێم و عێراق.
له‌و گوتاره پوخته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم پێشكه‌شی كرد، هه‌وڵی باش خرایه روو بۆ سنورداركردنی هه‌ر دوو ئافه‌ته‌كه(گه‌نده‌لی) و (نادادپه‌روه‌ری)، ئه‌مه‌ش به رێگه‌گرتن و سنورداركردنیانه له رێگه‌ی ده‌ركردنی ته‌علیمات و دانانی یاساوه، كه خۆشبه‌ختانه یه‌كێك له‌و چوارچیوه یاسایانه‌ی كه رێگه ده‌گرێت له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتری گه‌نده‌ڵی، (پرۆژه یاسایی چاكسازییه) كه له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه كاری جیدی بۆ كراوه‌و له سه‌روبه‌ندی ره‌وانه كردنیه‌تی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌و هیوایه‌ی كه په‌رله‌مانی كوردستانیش بتوانێت له پێناو په‌ره‌ژوه‌ندی هه‌رێم و و هاوڵاتیان، به زووترین كات په‌سه‌ندی بكات.
هه‌ر ده‌وڵه‌تێك به كۆنتروڵ كردنی هه‌ر دوو بابه‌تی(گه‌نده‌ڵی)و (نادادپه‌روه‌ری) و به دانانی پلانی گونجاو بۆ چاكسازی و شه‌فافیه‌ت و گه‌یاندنی خزمه‌ت گوزاری شایسته‌و گرنگی دان به كه‌رتی خوێندن و په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی و هه‌روه‌ها گه‌شه‌پێدانی ئابوری و هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی ئابوری و گرنگی دان به كه‌رتی پیشه‌سازیی، ئه‌وا ده‌توانێت داهاتووییه‌كی گه‌شتر بۆ وڵاته‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر بكات، بۆئه‌وه‌ی بتوانێت وه‌ك ئه‌كته‌رێكی به‌هێز له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیش رۆل بگێرێت.
وه‌ك هه‌رێمێكی بچووك، به‌ڵام به‌هێز، جارجاره له‌م لاو له‌و لاو له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی عێراق و زۆرجاریش ئیقلیمی و بگره هنده‌ك جار نێوده‌وڵه‌تیش، زۆرجار تووشی قه‌یرانی دارایی و سیاسی و سه‌ربازی جۆراوجۆرمان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا نمونه‌یه‌كی به هێز و كاریگه‌ری ناوچه‌كه‌ین و له نێو هاوكێشه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ش رۆلی كاریگه‌رمان هه‌یه‌و كاره‌كته‌رێكی بێده‌وڵه‌تی پڕكاریگه‌رین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بێ كه‌موكورتی نین و پێویستیمان به پێداچوونه‌وه‌و چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و كێماسیانه هه‌یه كه به‌رۆكی پیاده‌كردنی حوكمی ره‌شید ده‌گرن له‌م هه‌رێمه، چونكه وه‌ك هه‌رێمێكی هه‌ڵكه‌وته ئیستراتیجی گرنگ، پێویستیمان به‌وه هه‌یه كه له هه‌موو روویه‌كه‌وه به‌هێز بین.
بێگومان هه‌ر ده‌رئه‌نجامێكی باش له سه‌ره‌تایه‌كی باشی خودان پلانی توكمه ده‌ست پێده‌كات، كه خۆشبه‌ختانه له هه‌رێمی كوردستان، كابینه له‌دوای كابینه هه‌نگاوی باشتر ده‌هاوێژرێت بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ویژێنه ستراتیجیانه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاینده هه‌یه‌تی. هه‌ر بۆیه (100) رۆژی سه‌ركه‌وتووی ئێستا، په‌یژه‌ی سه‌ركه‌وتنه بۆ ئاینده‌یه‌كی به‌هێزتر.
ده‌بینین دوای(16) ساڵ له حوكمڕانی، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئیمكانیاتی مادی و مه‌عنه‌وی و پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی ئیراده‌و پلان و روئیایه‌كی دروست بۆ حوكمڕانی، عێراق به‌ره‌و هه‌ڵدێرو داڕمان ده‌چێت.
دوای(16) ساڵ و به هه‌بوونی پاره‌یه‌كی زه‌به‌لاح له‌به‌رده‌ستی حكومه‌ته یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی عێراق، به‌ڵام خزمه‌تگوزاری له ئاستی پێویست نییه‌و بگره (سفریشه)، گه‌نده‌ڵی رووچۆته نێو هه‌موو جومگه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌ت. له‌هه‌مووشی سه‌یرتر، هیچ كه‌س و حیزبێكیش نییه ئیراده‌و هێزی چاره‌سه‌ركردنی هه‌بێت. هیچ ئومێدێك نییه بۆ رزگاركردنی عێراق، به‌ڵكو هه‌موویان ملیان ناوه‌ته به‌ریه‌ك و تازه به‌تازه شه‌ڕی تائیفی و مه‌زهه‌بی ده‌كه‌ن.
نه‌بوونی حوكمی ره‌شیدو بوونی گه‌نده‌لییه‌كی بێسنور‌و پێشكه‌ش نه‌كردنی خزمه‌تگوزاری پێویست و چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كانی عێراق و هه‌یمه‌نه كردنی بیری مه‌زهه‌بی و تائیفی و ته‌ده‌خول كردنی دین له ده‌وڵه‌ت و شوێن گرتنه‌وه‌ی میلیشاو هێزی چه‌كداری عه‌شایره‌كان له جیاتی حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراق و نه‌بوونی حكومه‌تێكی به ئیراده‌و خاوه‌ن پلانی تۆكمه، عێراقیان به‌ره‌وه هه‌ڵدێر بردووه‌و له‌به‌رده‌م داڕمانێكی مه‌ترسیداردایه.
گومانی تێدانییه كه پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت ببێته یارمه‌تیده‌رێكی باش بۆ عێراق بۆئه‌وه‌ی سوود له ئه‌زموونی كوردستان وه‌رگرن و خۆیان له‌وگێژاوه‌ی تێی كه‌وتوون رزگار بكه‌ن، ئه‌گه‌ر كه مه‌به‌ستیان چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانیان بێـت و چاویان به پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێم هه‌ڵبێت.
هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه هه‌وڵی جیدی داوه‌و ده‌شیدات بۆئه‌وه‌ی بكه‌وێته سه‌ر راسته رێی دروست. ئه‌زموونه تاڵه‌كانی رابردوویی بێ بوجه‌یی و قه‌یرانه داراییه‌كانی هه‌رێم كه به زۆر و به ناده‌ستوری به‌سه‌ر هه‌رێم سه‌پێنران و هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی سنوره‌كان له لایه‌ن وڵاتانی ئیقلیمییه‌وه (كه دڵنیام تا نه‌بینه ده‌وڵه‌ت هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بن)، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه زه‌رووره‌تێكی هه‌ره له پێَشینه‌ی هه‌رێمی كوردستان و به تایبه‌ت حكومه‌ته‌كه‌یه‌تی كه هه‌وڵی جیدی و به‌رده‌وام بدات بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و كێماسی و گرفتانه‌ی له هه‌رێم هه‌ن، بۆئه‌وه‌ی هه‌رێمێكی به‌هێز بوونی هه‌بێـت، كه خۆڕاگر بێت به‌رامبه‌ر هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی.
ئه‌م هیمه‌ته له كابینه یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌دی كراوه، خۆشبه‌ختانه كابینه‌ی نۆیه‌میش هه‌ر له‌و(100) رۆژه‌ی ده‌ست به‌كاربوونیانه‌وه، به‌دیاریان خست كه ئه‌ركێكی قورسیان هه‌ڵگرتووه‌و ئامانجی له پێشینه‌شیان خزمه‌ت كردنی خه‌ڵك و راسته‌رێ كردنی كاری حكومه‌تداری و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و به‌هێزكردنی هه‌رێمی كوردستانه له هه‌موو روویه‌كه‌وه. هه‌ر بۆیه ئومێدی باش به‌دێ ده‌كرێت بۆ هێنانه دی كوردستانێكی به‌هێزتر.