عێراق.. لایه‌نه‌كان هه‌وڵی پێكهێنانی حكوومه‌تێكی كاتی ده‌ده‌ن

ژماره‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی له‌ 10 وه‌زاره‌ت زیاتر نابێت

K24- هه‌ولێر:

لایەنە سیاسییەکانی عێراق هه‌وڵ ده‌ده‌ن حکوومەتێکی کاتی بۆ ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ پێکبهێندرێت و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات، هەروەها جەخت دەکەنەوە، کە دەبێت حکوومەتی کاتی، حکوومەتێکی بچووك بێت و ژمارەی وەزارەتەکانی لە 10 وەزارەت زیاتر نەبێت.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق رایگەیاند، بڕیاری لایەنەکان ئەوەیە، حکوومەتێکی کاتی پێکبهێندرێت، کە ماوەی فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی لە ساڵێك زیاتر نەبێت، ئەرکی حکوومەتەکەش ئامادەکاریکردن بێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و پەسندکردنی بوودجە، هەروەها دۆسییەی ئەمنی لە ئەستۆ بگرێت.

سەرەتای ئەم مانگە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی پێشکەشکرد و پەرلەمانیش بەزۆرینەی دەنگ پەسندی کرد، حکوومەتی ئێستا حکوومەتێکی کاربەڕێکەرە و بەهۆی سنوورداربوونی دەسەڵاتەکانی ئەو حکوومەتەوە چەندین پرس هه‌ن كه‌ ناتواندرێت یەکلایی بکرێنەوە.

سەبارەت بەشێوازی کابینەی حکوومەتەکە و ژمارەی وەزارەتەکانی ریاز مەسعوودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی سائیروون ئاشکرایدەکات، ریاز مەسعوودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی سائیروون رایگەیاند، زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن حکوومەتێکی کاتی بۆ ماوەی ساڵێك یان ساڵێك و شەش مانگ لە عێراق دەستبەکار بێت. گوتیشی: لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن حکوومەتە کاتییەکە لە 8 بۆ 10 وەزارەت پێکبێت و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت.

H.B