كوردستان24 زانیاری لەبارەی ئەو بەڵێندەرە "ئەمەریكییەی" لە (کەی وەن) كوژرا بڵاو دەكاتەوە
لە كێڵگەی (كەی وەن) لە كەركووك كوژرا

K24 - ھەولێر
ئەو بەڵێندەرە ئەمەریکیەی لە ئاکامی هێرشە موشەکیەکەی سەر بنکەی سەربازیی (کەی وەن) کوژرا لە مانگی رابردوو، بە رەچەڵەك عێراقییە.
ئەمەریکا ناسنامەی بەڵێندەرە کوژراوەکەی ئاشکراکرد کە یەکێك بوو لە بیانوەکانی کۆشکی سپی، بۆ تۆڵەسەندنەوەی واشنتن لە تاران.
نەورەس حەمید، تەمەن 33 ساڵ، دانیشتووی شاری ساکرامێنتۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا بووە و لەساڵی 2017 رەگەزنامەی ئەمەریکی وەرگرتووە. ئەو وەک وەرگێڕ گرێبەستی کارکردنی هەبووە لەگەڵ کۆمپانیای Valiant Integrated Service LLC کە یەکێك لە کۆمپانیا بەڵێندەرەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایە.
نەورەس حەمید، باوکی دوو کوڕ بوو کە یەكێكیان تەمەنی 2 ساڵ و ئەوی دیكەشیان 8 ساڵە. دوای كوژرانی لە كێڵگەی (كەی وەن) لە كەركووك تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ شاری ساکرەمێنتۆی ئەمەریكا و لەوێدا نێژرا.
