رێكار مهلا حهسهن
نووسەر
جەنگ و زۆرانگرتن
ناكرێت بە شەڕی کۆڵان و کەڵەشێربازی تەماشای جەنگی جیھانی بکرێت
تەنگەژەیەکی نێودەوڵەتی بەو قەبارەیە سەرھەڵبدات، چاوەڕوانکراو و ئاساییە ھەمووان قسەی لەبارەوە بکەین. ھەرچی قەڵەمە، بۆی بکەوێتە گەڕ. لەپێناو دۆزینەوەی ھۆکار و دەرئەنجامەکان و شیتەڵ کردنیان. بەڵام، شرۆڤەی جەنگە سیاسیەکان، بەپێوەری جەنگی کۆمەڵایەتی و دەستەویەخە دەردێکی پیسە و، راستیەکانی ناو دونیای سیاسەت دەشارێتەوە. دوورمان دەخاتەوە لە ئەسڵی مەسەلەکە، جەنگی نێودەوڵەتی، ناکرێت بە ئەدەبیاتێکی کۆمەڵایەتی لێکدانەوەی بۆ بکرێت و بە شەڕی کۆڵان و کەڵەشێربازی تەماشا بکرێت..!
مەرگ بە بەرزترین ئاستی زیان لە ژیانی مرۆڤدا،لەقەڵەم دەدرێت. ئەگەرچی ھەموو دیوەکانی مەرگ ببینین، دەکرێ بەشێکی کەمیش قازانجی لێ وەدەسخرێت. بۆ نمونە؛ "دەرباز بوون لە جەنجاڵی و پیسی ژینگە" بەڵام، گونجاو نییە بەھۆی ئەم قەبارە بچوکەی قازانجی مەرگەوە، بەگومانەوە بڕوانین و بڕیار بدەین ھەموو مەرگێک خۆ کوژییە. ھەموو ڕووداوێکی سیاسیش، لە چوارچێوەی ئەو لێکەوتانەی بەدوای خۆیدا دەیھێنێت زیان و قازانجی ھەیە بۆ لایەنەکانی. بۆ خوێندنەوەیەکی بابەتی، وا چاکترە ھەردوو لایەن ببینرێت. بە مەرجەیێک "قازانجی کەم" ناوەڕۆکی بابەتەکە ون نەکات.
ئەم ھەڵکشانە خێرایەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە ڕوویدا ئاکتێکی سیاسی بوو. درێژکراوەی ئەو ململانێیە سیاسی و ئایدۆلۆژیە بوو، کە دەمێکە لە ناوچەکە بوونی ھەیە و بەشێکە لە سیماکانی سیستمی نێودەوڵەتی جیھانی. دەستبردن بوو بۆ یەکتر، لە گۆڕەپانێکی دیکە و لەدەرەوەی سنوورە یاساییەکانی خۆیان. ھەردوو لا زەرەر و قازانجی خۆیان لێ ھەڵگرت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ژێر ڕۆشنایی سیاسەتی گورزی پێشوەختە (الردع الاستباقیە) کە یەکێکە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا، بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ جەنگە درێژخایەنەکان زۆرترین قازانجی لێکرد. لەوانە:
١- پەیامێکی جیھانی بوو، بۆ دووبارە جەختکردنەوە لە بەھێزی ئەمریکا و سەلماندنی ئەوەی ئەمریکا چی بوێت لە توانایدایە بیکات. کێ زۆر بە ھێزە، بۆ ئەمریکا ئاسانترینە. پێویستی ئەم پەیامەش لە دوای بارز بوونی ڕۆڵی روسیا لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و، قەیرانی سوریا بەتایبەتی سەرچاوەی گرت.
٢- نیشاندانی جیاوازییەک لە نێوان دۆناڵد ترامپ و سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باراک ئۆباما، کە خاوەنی سیاسەتێکی (انسحابی) بوو لە ناوچەکە لە بری سیاسەتی(تدخل) کە ئەمریکای گەیاندووە بەم پێگە نێودەوڵەتیەی ئێستا.
٣- نیشاندانی ئاستێکی بەرزی ھەواڵگری و سەربازی و چۆنایەتی مووشەک و چەکی ئەمریکی. کە ئەمە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ستراتیژییەتی سەربازی ئەمریکا و ئاوێتەیەکە لە مانۆڕ و ئامانج.
٤- ڕاکێشانی دەنگی گەلی ئەمریکا بۆ دووبارە ھەڵبژاردنەوەی ترەمپ، لە ھەڵبژاردنی داھاتوو. ھەر بۆیەش زۆرترین ئاماژە بەوە کرا کە کارەکە لە سەر بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بووە و، زیاتر لە چەندین جار لە سەر زاری دەسەڵاتدارانی ئیدارەی ئەمریکاوە ئاماژە بەوە کرا کە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆک بووە. کە لەدوای ھەوڵەکانی کۆنگرێس بۆ لابردنی لەدەسەڵات سەرچاوەی گرتبوو بە بیانوی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات.
بەھەمان شێوە کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرباری ئەو گورزە کوشندەیەی بەریکەوت، وەک دەوڵەتی ماتەم گێڕ لە ململانێیەکەدا بێ بەش نەبوو لە قازانجی ئەم ڕووداوە. وەک وتمان؛ ئەمە بەو مانایە نایەت، کە پێمان وابێ ئەوەی ڕوویدا ویستی ئێران بووە. چونکە، بە بەراوردی زیان و قازانجەکانی بێگومان زیانەکانی بەشی چەندین ساڵەی شکستی ئێران دەکات، لەدەستدانی فەرماندەیەک و دەرکەوتنی نزمی کوالێتی مووشەک و سیستەمی بەرگری، کە بە ڕوونی لە خستنەخوارەوەی فرۆکە ئۆکرانیەکە بەدیارکەوت و چوونەوە بۆ نێوسنور و دونیایی خۆی، ئەگەرچی لەم ڕووداوەدا ئەم قازانجانەشی لێ ھەڵگرتن:
١-دووبارە داڕشتنەوە و بەھێزکردنەوەی نێوماڵی شیعی و، دروستکردنەوەی ھاوھەڵوێستییان لەھەمبەر دووژمنە سەرەکیەکەیان کە ئەمریکایە، ھەروەھا وەبەرھێنان لە بواری یەکگرتن و بەھێزکردنەوەی ھەست کردن بە ئێرانی بوون و شیعەگەرایی لە نێو شەقام و یەکدەنگی و گریانی بەکوڵ و بەکۆمەڵی شیعەکان. کە ھەمیشە پاڵنەر بووە بۆ یەکگرتوویی، لە گریان بۆ ( حسن و حسین)ەوە بگرە تا دەگاتە گریانی بە کۆمەڵ بۆ فەرماندە قاسم سولەیمانی. کە بەڕوونی بە مەراسیمی بەخاکسپاردنیەوە دیار بوو.
٣- دووبارە گەشتنەوەی محافیزکارەکان بەدەسەڵاتی سیاسی لە ئێران، کە نزیکن لە خودی خامەنەیی و جێبەجێکاری ویستەکانیی ڕابەری ئێرانن و، بەدەستھێنانی مەیل و دڵبەندی گەلی ئێران بۆ ھەلبژاردن، کە قەرارە لەم ساڵدا بەڕێوەبچێت.
٤- کاڵبوونەوەی داواکاریی وەدەرنانی دەسەڵاتی ئێران لە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی عێراقدا، کە داواکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەیی عیراق بوون، لە چوار چێوەی پرۆژەی دووبارە بنیادنانەوەی شوناسی عیراقیدا، جێگرتنەوەی داواکاری دەرکردن و کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، وەک ھەوڵێکی شیعی لە پەرلەمانی عیراقەوە، لە چوارچێوەیی ھەوڵێکی یاسایی و پەرلەمانیدا نەک خۆپیشاندان یان گرد بوونەوەیەکی جەماوەی.!
٥- سەرباری کەمی قورربانیەکانی لە بەرپەرچی ئێراندا. بەڵام، توانی بەسەرجەم ھاوپەیمانە دەوڵەتی و نادەوڵەتیەکانی خۆی بڵێت: کە تەنھا من خاوەنی ئیرادەی بەرپەرچی ئەمریکام ھەیە لە ناوچەکەدا.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت؛ شیاو نیە ڕووداوەکان بە چاویلکە و تیۆری پیلانگێڕی(الموامرە)تەماشا بکەین و، پێمان وابێ ئەوەی ڕوودەدات ڕێککەوتنی ژێربەژێر بووە. بەڵکو، گرنگە بزانین، دەوڵەت لە ماتەم و جەنگیشدا، بەدوای سود و قازانجدا دەگەڕێت.