فهرحان جهوههر
نووسەر
ئایندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چی دەبێ؟
دوای نەمانی بەعس ئێران زۆرترین قازانجی کرد
نەک هەر عێراق هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن مێژوویەکی دێرینی ململانێی نێوان زل هێزەکانە، دوای جەنگی جیهانی دووەم ئەم ململانێیە بۆ ئەمریکا و سۆڤیەتی پێشوو یەکلابووەوە، دوای نەمان و روخانی سۆڤیەت، گۆڕەپانەکە بەتەنیا بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی مایەوە، بەڵام زۆری پێ نەچوو هێزێکی تری خۆجێی بە ناوی ئایینەوە دروست بوو، دەیەوێت ناوچەکە هەمووی بخاتە ژێر هەژموون و دەسەڵاتییەوە، ئەویش کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بۆیە دروشمی شۆڕش و رزگارکردنی چەوساوەکانی هەموو جیهانی بڵند کرد، کەوتە ململانێی ئەمریکا لە رێگای دروست کردن و یارمەتیدانی هێزە ئیسلامییە رادیکاڵەکان، بە هەموو باڵەکانییەوە، هەرچەندە پێش ئێرانیش ئەمریکا بۆ دژایەتی سۆڤیەت یارمەتی ئەو هێزە ئیسلامیانەی داوە، ئەو هۆکارەی وای کرد ئێران لەم ململانییەدا زوو نەکەوێتە سەرپێ، شەڕی عێراق بوو، بەعس بە ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی عەرەبی و پاڵپشتی هێزە رۆژئاواییەکان، کەوتە شەڕێکی قورس لەگەڵ ئێران، سەرەنجام توانی شەڕەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە، بەڵام کاتێ بەعس لە دۆستە دێرینەکانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا هەڵدەگەڕێتەوە، ئیدی ئەو دەسکەوتانەشی لە دەست دەدا، کە لە شەڕی خۆی لەگەڵ ئێران بە دەستی هێنابوون، هەردوو هێز بەعس و ئێران تاڕادەیەکی باش ململانێکانیان دواخست لە پێناوی دژایەتی ئەمریکا.
دوای نەمانی بەعس ئێران زۆرترین قازانجی کرد، وڵاتێکی گرنگی وەک عیراقی خستە ژێر هەژموونی خۆی و توانی پێگە و دەسەڵاتەکانی لە هەموو ناوچەکە بەهێزتر بکات، زیاتر لەمەش هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا، چونکە ئێران دەزانێ تەنیا بە گوتاری ئایینی و هاوپەیمانی مەزهەبی، ناتوانێ بەتەواوی هەژموونی خۆی بسەپێنێ، بۆیە لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دەستکەوتنی ئەم چەکە، بەم هۆیەوە پاساوێکی باشی دایە دەست ئەمریکا بۆ ئەوەی گەمارۆی ئابوری بەسەردا بسەپێنێ و ناچاری خۆبەدەستەوەدانی بکات، بۆیە دەبینین ململانێیەکان لە ئێستا گەیشتونەتە ئەوپەڕی و بۆنی تەقینەوەی لێ دێت، هەرچەنده ئێران بەهیچ شێوەیەک ناویەوێت جەنگی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا بکات، تاکو ئەم چرکە ساتە ئێران تا رادەیەک پێگەکەی لە ئەمریکا بەهێزترە و توانیویەتی سەرئێشەیەکی گەورە بۆ ئەمریکا دروست بکات، لە عێراقدا بەتەواوی هەوڵەکانی خستونەتە گەڕ بۆ دەرکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هەرچەندە ئەم کارەی زۆر زەحمەتە و ئەگەر توانی ئەمە بکات، سەرکەوتنی گەورە لە هەموو ناوچەکە بەدەست دێنێ، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری ناوخۆی و پاڵپشتی نەکردنی کورد و سووننە و ناڕەزایەکانی خودی شیعەکانی عێراق و دابەشبوونیان بەسەر شیعەی مەزهەبی و شیعەی قەومی، وا دەکات لەم هەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبێ، لانی کەم تا ئەم ئیدارەی کۆمارییەکان بەتایبەتی ترامپ، تا ما بێت نە دەتوانن ئەمریکا دەرکەن، نە چەکی ئەتۆم بەدەست بهێنن، تەنها هیوایان لەسەر هەڵبژاردنی ئەم ساڵی ئەمریکا هەڵچنیووه، چونکە هەمیشە سیاسەتی هەردوو حزب لە رووی تەکتیکیەوە جیاواز بووە، دیموکراتەکان زیاتر ململانێی رووسیا لە پێشتر دادەنێن، ئێران بە پلەی دووەم، بەڵام کۆمارییەکان ئێران بە مەترسی پلەیەک دەزانن دواتر رووسیا، بۆیە ئیدارەی ئۆباما رێککەوتنی لەگەڵ کردوون و تا ڕادەیەکی باش دەستی ئێرانی واڵاکردبوو لە هەموو ناوچەکە.
لەناو ئەم کێشمە کیشەدا، هەرێمی کوردستان پێگەکەی بەهێز دەبێ وەک ئێستا دەبینین، بەمەرجێک بتوانین هاوسەنگیەک رابگرین، خۆمان بەتەواوی بۆ هیچ لایەکی ناکۆک یەکلانەکەینەوە، چونکە هەردوو لا زۆر پێویستیان بە ئێمەیە و هەوڵدەدەن سوود لەو پێگەیە وەرگرن، لە هەمووشی گرنگتر یەکگرتووی گوتاری سیاسی هەرێمە، هەرچەند تاكو ئێستا سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی یەکگوتاری ناوخۆی هەرێم بپارێزێ و رۆڵێکی بەرچاو لەم بوارەدا دەگێڕێ. چونکە ئەوەی قوربانی ئەم ناکۆکیانەیە، گەلانی ناوچەکەن، بە تایبەتی گەلی کوردستان، ئەگەر ھۆشیار نەبین دەبینە سووتەمەنی ئەو ململانێیە، وەک چۆن بەدرێژایی مێژوو کورد بۆتە قوربانی، زۆر جاریش لە سەر پێستی ئێمە رێککەوتوون، تا ماوەیەک ناکۆکیەکانیان هەڵپساردوون، یان گریمانەی ئەوە هەیە رووی ناکۆکییەکان جارێکی تر بەگۆڕینی ئیدارەی ئەمریکا روولە رووسیا و چین بکاتەوە و ئێران لە سەرووی لیستەکە نەمێنێ، هەموو ئەو گریمانە و ئەگەرانە بە زیادەوەش لە ناو جیهانی سیاسەتدا هەن.
ئەوەی خاڵی لاوازی وڵاتانی بەرهەڵستکاری ئەمریکایە، پەیڕەوکردنی سیاسەتی خراپە، لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆیان، وەک نەبوونی ماف و ئازادییەکان، ئەو وڵاتانە بەر لەوەی لە دەرەوە بشکێن لە ناوەوەدا دەڕووخێن، وەک سۆڤیەتی جاران، بۆیە هیچ وڵاتێک تاسەر ناتوانێ رکابەرایەتی ئەمریکا بکات، نەک لەبەر هێزەکەی، لەبەر سیاسەتە دیموکراتیەکەی ناوخۆی. بۆیە من لەو بڕوایەدام ئەمریکا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێ ناهێڵێ، لە ناویشیدا عێراق لەم دۆخەدا جێناهێڵێ، رەنگە بوون و مانەوەی بە شێوازی ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا بێت و جۆرێک لە رێککەوتنێکی تر لەگەڵ عێراق ئەنجامبدەن، بەڵام ناهێڵن ئەوەی قاسم سولێمانی بەزیندوویی پێی نەکرا، بە مردوویی بیکات.