ئەمەریكا گفتوگۆی چڕ لەگەڵ عێراق دەستپێدەكات

تەوەرێكی سەرەكی تاتوێ دەكرێت

K24 - ھەولێر

ئەمەریكا دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی چڕ لەگەڵ عێراق بۆ چوارچێوەی ستراتیژی پەیوەندییەكانی تاتوێ دەكات.

جەیمس جێفری، نێردەی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە "ئەمەریكا خەریكی شیكردنەوەی پڕۆسەیەكە، بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی چڕ لەگەڵ عێراق، كە تاوتوێكردنی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان واشنتن و بەغدا لەخۆی دەگرێت، رەنگە بەم نزیكانەش ئەم گفتوگۆیە دەستپێبكات".

جێفری ئاماژە بەوەش دەكات، ئەمەریكا پاڵپشتی ناتۆ دەكات بۆ ئەوەی رۆڵێكی فراوانتر لە عێراق و سووریا لە داھاتوودا بگێڕێت، دەشڵێت "پەلە لە دانوستان لەگەڵ عێراق ناكەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانیان دابڕێژنەوە، بەڵكو گرنگی بەوە دەدەن تا چەندە ناتۆ دەتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت".

جێفری ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەم دواییانە چالاكییەكانی داعش لە عێراق و سووریا كەمبوونەتەوە، بەڵام ھێشتا جێگەی مەترسییە.

ھ.م