فهرحان جهوههر
نووسەر
سەرکردەی رۆژانی سەخت.. ئیدریس بارزانی
لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بهو خاسیەتانەی سەرکردەی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی هەیە
هەموو ئەوکەسە تێکۆشەرانەی رۆژانێک لە پاڵ ئەو سەرکردە مەزنەی کورد خەباتیان کردووە، هەرگیز ناتوانن لە بیری بکەن، ئیدریس بارزانی سەرکردەیەکی پشوودرێژبووە لە سیاسەت، گفتووگۆزانێکی گەورەش بووە لە بەیەکگەیاندنی لایەنە جیاوازەکان، ئاشتەوایی سیاسی لایەنە کوردییەکان و دامەزراندنی بەرەی کوردستانی لەسەردەستی ئەو سەرکردەیە لە دایک بوون.
بەر لەو هەنگاوەش رۆڵی سەرەکی گێڕاوە بۆ هەڵسانەوەی شۆڕشی کوردستان و دووبارە خۆسازدانەوە بۆ درێژەدان بە شۆڕش و خەبات. لە شۆڕشی ئەیلوولیشدا چ وەک سەرکردەیەکی مەیدانی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ و دپلۆماتکارێکی لێهاتوو بۆ گفتووگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، بەتایبەتی رۆڵی مەزنی لە دەرچوونی رێككهوتننامهی ئازارگەلێک زۆر بوو، هەروەها سەرکردایەتی کردنی شەڕی گەورە و بەناوبانگی هەندرێن، کە بووە هۆی گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەگەڵ حکومەتی عێراق و ناچاربوون مل بۆ گفتووگۆ بدەن.
کۆکردنەوەی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی شان بەشانی پێشمەرگەی پارتی و شۆڕش لەم شەڕەدا، کە شیوعیەکان رۆڵی بەرچاویان هەبوو، دەرەنجامی بیری فراوانی ئەو سەرکردە مەزنە بوو، بۆ هاوخەباتی و پێکەوەبوون. هەرلەم روانگەیەشەوە لەسەر دەستی ئیدریس بارزانی کۆتایی بە شەڕی نێوخۆی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان هات.
لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقیش، هەماهەنگی دروست کرد، بۆ خەباتکردن پێکەوە لە دژی دیکتاتۆریەت، وێڕای لایەنی سیاسی، لە رووی کۆمەڵایەتیش هیچ کاتێک خۆی لە خەڵك جیانەدەکردووە، کێشەکانی تاک بە تاکی پێشمەرگە و هاووڵاتیان و گەنجانی چارەسەر دەکرد، پێداویستیەکانی پێشمەرگە و بەرەکانی جەنگی دابین دەکرد، کەمبوون ئەوانەی کێشەی لای ئەو سەرکردەیە چارەسەر نەکرابێ، گەلێك لەو گەنجانەی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بەنیازی ھەندەران بوون، دوای دانیشتنیان لەگەڵ ئەو، رایەکانیان دەگۆڕاو دەچوونە ناو ریزەکانی پێشمەرگە و دەستیان بەخەبات دەکردەوە.
ئەمەش نیشانەی سەرکردەی کاریزماییە، کە دەتوانێ لە سەختترین کاتدا، بڕوا و هێز بداتە دۆست و لایەنگرانی، هەربۆیە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ئاوارەیی توانی دەستە دەستە پێشمەرگە کوبکاتەوە و لە باردۆخێکی زۆر سەختدا رەوانەی سنوورەکانیان بکات و سەرکردایەتییەکی کاتی پێکبهێنێ، بۆ دووبارە هەڵگیرسانەوەی شۆڕش، دواتر بە شۆڕشی گوڵان ناسێنرا.
هەروەها لە ئێرانیش وێڕای چاودێری دەزگای جاسووسی ساڤاک، کاری رێکخستنی حیزبی و یارمەتیدانی خەڵکە ئاوارەکەی لە ئەستۆ گرتبوو، هیچ ماڵە پێشمەرگەیەک نەبووە ئیدریس بارزانی یارمەتی نەدابێ، بەو بڕە پارەیەی لە پاشماوەی شۆڕش مابووەوە هەریەک بەگوێرەی پێداویستی خۆی، هەموو ئەو فەرماندە پێشمەرگانەی پەیوەندیان لەگەڵ ئەو سەرکردەیە هەبووە، رۆژێک نەبووە دڵی یەکێکیانی زویرکردبێ، بە پێچەوانەوە هەبووە لە ناو ئەو فەرماندانە، دڵی ئەویان شکاندبێ، بەڵام وەک باس دەکەن، هیچ بەسەر خۆی نەهێناوە.
لە گفتوگۆ هێمن بووە و بواری بە بەرامبەرەکەی داوە بە ئازادی رای خۆ دەرببڕێ، ئەوکاتەی ئۆپۆزسێونی عیراقی لایەنی شیعی ویستویەتی لە کۆنگرەی تاران ساڵی 1986، کە هەموو لایەنە کوردیەکانیش بەشداربوون، فۆڕمێکی دیارکراوی خۆیان بۆ حوکمدارێتی لە دوای رژێمی سەددام بەسەر لایەنەکان بسەپێنن، ئیدریس بارزانی تەنها سەرکردەبوو رووبەڕوویان بووە و داوای کرد، ئەبێ خەڵکی عێراق بە هەڵبژاردن ئەم بابەتە یەکلابکاتهوە، نەک بە سەپاندنی مۆدێلێکی بەزۆر، بۆیە هەموویان رازی بوون بەو رایەی ئیدریس بارزانی، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە فکر و بۆچوون و خاسیەتانەی سەرکردەی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی هەیە.