عێراق له به‌رده‌م سێ سیناریۆ دایه
رووداوه‌كانی هاوشێوه‌ی ساڵی 1920 دووباره ده‌بنه‌وه؟
له ئایاری ئه‌مساڵدا (2020) هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی (بیست) له عێراق دژی (بهریتانیيهكان) ته‌مه‌نی ده‌بێته (100) ساڵ، كه ئه‌م شۆڕشه له ئایاری 1920هه‌ڵگیرسا هه‌موو عێراقی گرته‌وه.
چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی شۆرشه‌كه:
له ساڵی (1920) خۆپیشاندان له شاری به‌غدا ده‌ستی پێكرد دژی (به‌ریتانییه‌كان) و دواتر هه‌موو شاره‌كانی عێراق (سه‌ماوه، كه‌ربه‌لا، نه‌جه‌ف، دیاله و هه‌رێمی كوردستان)یشی گرته‌وه. سه‌رهه‌ڵدانیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م هۆكاره سه‌ره‌كیانه:
- باج و سه‌رانه.
- نرخ هه‌ڵاوسان و گرانی بازاڕ.
- دروستكردنی كێشه‌ی عه‌شایه‌ری وەك سیاسه‌تی داگیركا‌ر په‌یڕه‌و ده‌كرا.
- نادادپه‌روه‌ریی له نێو دانیشتووانی ناوچه جیاجیاكاندا.
- دەست تێكھەلكردنی ده‌سه‌ڵاتداره عێراقییه‌كان له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كان.
- رۆڵی ئه‌فه‌ندی و زانایانی ئایینی.
- پڕۆپاگه‌نده ده‌ره‌كییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌م شێوه‌یه بوو:
له سووریا داوای حكوومه‌تێكی پاشایەتی ده‌كرا بۆ عێراقییه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی (مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ).
له ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌كان له ئه‌نادۆڵ به‌سه‌رۆكایه‌تی كه‌مال ئه‌تاتورك.
له وڵاتی ئێران، كه نیشتمانی فارسه‌كان بوو و خه‌ڵكیان له (نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و كازمیه) ھەبوو كاریگه‌رییان هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه.
له وڵاتی رووسیا بانگه‌شه‌ی (شۆڕشی به‌لشه‌فیه) ده‌كرا، كه دژی داگیركا‌ر بوو به‌سه‌ركردایه‌تی (لینین) ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر دانیشتوانی عێراق هه‌بوو.
ئه‌م شۆڕشه به‌رپا بوو، هه‌موو شار و شارۆچه‌كانی گرته‌وه، سه‌ره‌ڕای هه‌ندێك ده‌ستكه‌وت، به‌ڵام له‌كۆتاییدا هه‌ره‌سی هێنا له‌به‌ر (كه‌می سه‌رچاوه‌ی دارایی و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، به‌هێزی سوپای وشكانی و ئاسمانی به‌ریتانی، نه‌بوونی مه‌شق و راهینانی نیزامی له‌لایه‌ن شۆڕشگێڕانه‌وه، نه‌بوونی سه‌ركردایه‌تییه‌كی گشتی شۆڕشه‌كه،.... هتد).
عێراق له‌ساڵی 2020 دا
سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كانی ئێستا له رووی كاته‌وه ده‌توانین بڵێین زۆر دره‌نگه و ده‌بووایه ده‌مێك پێش ئێستا رووی بدایه. له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق ساڵی (2003) پێكهاته‌ی (شیعه) كۆنتڕۆڵی هه‌موو جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی كردووه و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، زۆرینه‌ی دانیشتووانی عێراق پێكدێنن و هه‌موو ناوچه شیعه‌نشینه‌كان له رووی خزمه‌تگوزارییه‌وه له خراپترین دۆخ دان و زۆربه‌شیان له ژێر (هێڵی هه‌ژاری) دان، ئه‌وه‌ی ئێستا داوای ده‌كه‌ن، مافێكی خوراوی چه‌ندین ساڵەیانە كه لیێ بێبه‌شن، هه‌ر كاتێك داوای ئه‌و مافه ده‌كه‌ن و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، لایه‌نه سیاسییه شیعه‌كان له كۆتاییه‌كه‌یدا خۆیان ده‌كه‌نه خاوه‌نی مافخوراو، هه‌روه‌كو ئێستا له داوایه‌كی (مه‌ده‌نی) بۆ مهكاسیبی (سیاسی و حزبی).
ئه‌م سیاسه‌ته له‌لایه‌ن وڵاتێكی هه‌رێمی كه (ئێرانه) پیاده ده‌كرێت و به‌جۆرێك ئه‌م سیاسه‌ته داڕێژراوه كه هه‌ر ئه‌وان حكومڕانی له عیراق بكه‌ن و هه‌ر شیعه باڵاده‌ست بێت، ئه‌گه‌ر سه‌یری خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ین، هه‌مووی دژی لایه‌نه سیاسییه شیعه‌كانه، به‌بێ جیاوازی، به‌ڵام له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كان، هه‌ندێكیان ده‌چنه (به‌ره‌ی گه‌ل) وه‌ك (موقته‌دا سه‌در) له رابردوو و له ئێستاشدا.
لئێستا خۆپیشانده‌ران داوای (چاكسازی و داده‌په‌روه‌ری و مافی هاووڵاتیان و گۆڕینی سیسته‌می حكومڕانی و وه‌ده‌رنانی ده‌ستی وڵاتانی بێگانه ده‌كه‌ن، به تایبه‌تی ئێران له عێراق).
عێراق له‌به‌رده‌م ئه‌م سێ سینیاریۆ دایه:
یه‌كه‌م: سه‌رخستنی كابینه‌ی (محەمه‌د تۆفیق عه‌للاوی)
كوتله سیاسییه‌كانی شیعه له سه‌ر زۆربه‌ی كێشه‌كان ناته‌بان و خیلافاتی قووڵیان هه‌یه، گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ش له پاش هه‌ڵبژاردنی (ئایاری 2018) كاندیدی هیچ لیستێكیان (سه‌رۆك وه‌زیران) نه‌بووه، هانایان برده به (سه‌رۆك وه‌زیرانێكی بێلایه‌ن) ئه‌ویش (عادل عه‌بدولمه‌هدی) بوو، وه‌ك ته‌سویه هه‌ڵیانبژارد، دواتر له ژێر فشاره‌كانی خۆپیشانده‌ران ده‌ستی له كاركێشایه‌وه.
لایه‌نه سیاسییه‌كانی (شیعه) هه‌ندێجار بۆ په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌و خیلافات و ناكۆكیانه‌یان و هه‌روه‌ها بۆ چه‌ند ده‌سته‌كه‌وتێكی (سیاسی و ئابووری) و له هه‌ندێ كاتیش لێدان له به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نی تر، هه‌روه‌كو ئێستا كه مه‌به‌ستیانه پێگه‌ی (كورد و سووننه) لاواز بكه‌ن له كابینه‌كه‌ی (محەمه‌د تۆفیق عه‌لاوی) هانا بۆ ئه‌م جۆره سیاسه‌تانه ده‌به‌ن.
ئێستاش به هه‌موو داوایه‌كی (عه‌للاوی) رازین، كە خۆی له ده‌ست تێوه‌رنه‌دانی لایه‌نه سیاسییه‌كان له دانانی وه‌زیره‌كان و كه‌سانی (ته‌كنۆكرات) دابینێتەوە، ئه‌مه‌ش لاوازی سیاسی خۆیان نیشانده‌دات و ته‌نها شه‌قام لییان رازی دەبێ.
كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی (عه‌للاوی) له (22) وه‌زاره‌ت پێكدێت، كه به‌م شێوه‌یه‌یه: پێكهاته‌ی (شیعه 12، سووننه 6، كورد 3 ، توركمان 1) ، ئینجا ئه‌م كابینه‌یه ئه‌گه‌ر له (په‌رله‌مانی عیراق)یش ده‌نگی له‌سه‌ر درا، به‌ڵام له‌لایه‌ن شه‌قامی ناڕازی ره‌تده‌كرێته‌وه و زۆر ئه‌سته‌مه كۆتایی به خۆپیشاندانه‌كان بهێنێت، وێڕای ئەوەی ئەو كابینەیە پشتگیری هه‌یه به‌تایبه‌تی لەلایەن ئێران، به‌ڵام (ئه‌مه‌ریكیه‌كان) به‌مه‌رجێك پشتگیری ده‌كەن وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران بداته‌وه و ئه‌م دوو وڵاته‌ش كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر سیاسه‌تی حكومه‌تی عیراق هه‌یه.
هه‌روه‌كو ئاشكرایه ئه‌م كابینه‌یه وارسی ده‌یان ساڵی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری حوكمڕانیه له عێراق، هه‌رچه‌نده سه‌ركرده سیاسییه‌كانی شیعه له عێراق و ئێرانییه‌كان ده‌یانه‌وێت به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت له‌م گێژاوه‌ی كه تێیكه‌وتوون له رێگه‌ی كابینه‌ی (عه‌للاوی) رزگارییان بێت، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی كاتیش بێت، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌یان له‌ناوخۆی عێراق چه‌ند كێشه و ئاژاوه‌یه‌ك ده‌نێننه‌وه له‌گه‌ڵ (هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانیان) له‌وانه لێدان به مووشه‌ك له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عیراق.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی كێشه‌كانی (هه‌ولێر و به‌غدا) و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ چوار گۆشه‌ی یه‌كه‌م، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی زووم له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان نه‌مینێ و خه‌ڵكی دووربخرێنه‌وه له‌سه‌ر كێشه راسته‌قینه‌كه ئه‌مه له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌خۆ.
له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كی (ئێران) له سووریا به‌شێوه‌یه‌كی كارا به‌شداری له ئۆپه‌راسیۆنی (ئیدلب) ده‌كات، ئه‌مه‌ش كێشه‌كه زیاتر ئاڵۆزتر ده‌كات و له‌به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی هه‌رێمی ناوچه‌كه ده‌دات و به‌تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌ستیان له خۆپیشاندانه‌كانی عێراقدا هه‌یه، به‌م كارته‌شیان ده‌یانه‌وێ ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌ست ده‌خه‌نه ناو كاروباری عێراق ده‌بێت له هه‌ڵوێسته‌كانیان په‌شیمان ببنه‌وه.
دووه‌م: كوده‌تای سه‌ربازی
له سیناریۆی دووه‌مدا، ئه‌و میكانزمه‌ی كه (عه‌للاوی) له دانانی وه‌زیره‌كان په‌یڕه‌وی ده‌كات ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتووبیت بۆ یه‌كه‌مینجاره له مێژووی كابینه‌كانی عێراق له پاش پرۆسه‌ی ئازادی عێراق لە ساڵی (2003)، دانانی وه‌زیره‌كان دوور دەبێ له ده‌ستێوه‌ردانی حزبی و لایه‌نه سیاسییه‌كان، ئایا تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو ده‌بی، ئه‌وه‌یان پرسیارێكی جه‌وهه‌رییه؟
ئه‌و كه‌سانه‌ی (عه‌لاوی) پیشنیازی كردوون بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان، به‌شێكی زۆریان نیشته‌جێی ده‌ره‌وه‌ی عێراقن و ژیانیان له وڵاتانی به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر بردووه و هه‌ندێكیان به ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای عێراق رازی نه‌بوون و دژی ئه‌م شێوازه‌ی حكومڕانییه بوون، ئه‌م جۆره كه‌سایه‌تییانه‌ی كه (عه‌للاوی) كاندیدی كردوون، گوایه كه‌سانی ته‌كنۆكرات و ئه‌كادیمین و له بواره جیاجیاكاندا پسپۆرییان هه‌یه، ئه‌مه‌ش وه‌ك جیبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران، به‌ڵام پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه: ئه‌م كاره‌كته‌رانه ئایا ئه‌توانن (هه‌یمه‌نه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر عێراق و دام و ده‌زگاكانی حكوومه‌ت رابگرن؟ ئایا ده‌توان سنووریك بۆ هه‌ژموونی ئێرانییه‌كان و وڵاتانی دیكه‌ی هه‌رێمی دابنێن؟).
بۆیه له‌م بارودۆخه‌دا، حاڵه‌تی به‌ریه‌ككه‌وتن له نێوان حكوومه‌ت و گرووپه میلیشیا چه‌كداره‌كانی شیعه ده‌بێت، به‌م پێیه‌ش بێت له ئه‌نجامدا، لایه‌نێك كوده‌تای چه‌كداری به‌سه‌ر لایه‌نێكی دیكه ده‌كات، ئه‌م جۆره كودهتایانه له عیراق ره‌هه‌ندی مێژوویی هه‌یه و له سه‌رده‌می رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كاندا، چه‌ند جارێك دووباره بۆته‌وه.
سێیه‌م: هه‌ڵگیرسانی شۆڕش
له سێیه‌م سیناریۆ دا، رۆڵى سه‌رۆك هۆز و هۆزه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عیراق كه به درێژایی مێژوو كاریگه‌رییان له گۆڕینی هاوكێشه سیاسییه‌كان و سیسته‌می حكومرانی له ده‌وڵه‌تی عێراقدا هه‌بووه، ده‌رده‌كه‌وێت. بۆ نموونه شۆڕشی ساڵی (1920) دژی داگیركاریی و حكومڕانی به‌ریتانیا له‌لایه‌ن هۆزه‌كانی باشووڕ و ناوه‌ڕاست و شاره‌كانى كوردستانی عێراق هه‌ڵگیرسا، له پاش پرۆسه‌ی ئازادی عیراق كاتێك گرووپه تیرۆرسته‌كان كۆنتڕۆڵی زۆر ناوچه‌ی عیراقیان كرد و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان هه‌راسان كرد، ئه‌مه‌ریكا هۆزه‌كانی (ئه‌نبار و نه‌ینه‌وا و تكریت و دیاله)ى پڕ چه‌ككردن، به‌مه‌ش تاراده‌یه‌كی باش توانی هاوكێشه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا كۆتایی پێ بهێنێت.
له شه‌ڕی دژی (داعش) هۆزه عێراقییه‌كان به‌گشتی و هۆزه‌كانی ناوچه سووننهنشینهكان، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانی دژی به (داعش) پڕچه‌ك كران له‌ژێر ناوی (حه‌شدی نیشتمانی) تایبه‌ت به سووننه‌كان و له لایه‌كه‌ى تریشه‌وه، هه‌ندێك هۆزى له‌ژێر ناوی (حه‌شدی شه‌عبی) پڕچه‌ك كردن، ئه‌مانه له‌م شه‌ڕه‌دا توانیان رۆڵی كاریگه‌ر بگێڕن له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه.
ئێستا زۆربه‌ی عه‌شائیره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق چوونه‌ته پاڵ خۆپیشانده‌ران، داوای چاكسازیی و دادپه‌روه‌ری و هه‌وڵی و گۆڕینی سیسته‌می سیاسی وڵات ده‌ده‌ن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه سیاسییه شیعه‌كان ده‌زانن گه‌ل له‌گه‌ڵیان نه‌ماوه و زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ریان چووه‌ته سه‌رشه‌قام و ناڕازییه و ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنیش به‌ده‌ستی دێنن به‌شى زۆری ده‌نگی ساخته‌یه، هه‌روه‌ك رێژه‌ی به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كان له ناوچه شیعه‌نشینه‌كان له (25%) تێپه‌ڕ ناكات، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه (75%)ى خه‌ڵكه‌كه له پرۆسه‌ی سیاسی له ناوچه شیعه‌نشینه‌كان و حكوومه‌تی عێراق رازی نییه.
هه‌روه‌كو ده‌بینین عێراق له رووی ئهتنۆگرافیهوه، به جۆراوجۆری له (نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌ب) ناسراوه و كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی له رووی ئه‌نترۆپۆلۆژیاوه، زۆرینه‌ی خێڵه‌كییه، زۆربه‌ی دانیشتوانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق پابه‌ندن به سه‌رۆك هۆزهكانیانهوه، بۆیه له دوای ئه‌و رووداوانه‌ی كه به‌مدواییه‌ی له عێراقدا روویاندا، زۆربه‌ی (سه‌رۆك هۆزه‌كان) داوای به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانی ده‌كه‌ن بۆ رزگاركردنی عێراق له ژێر هه‌ژموونی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی و هێزه ناوخۆییه‌كان، كه ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عیراقیان به‌ده‌سته‌وه‌یه.
هه‌روه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد، پێش هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی (1920) سه‌رۆك هۆزه‌كان له (كوفه) كۆنگره‌یان به‌ست و دواتر شۆڕ‌شیان به‌رپا كرد، ئێستاش واخه‌ریكی خۆكۆكردنه‌وه و به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانیین بۆ رزگاركردنی عێراق.
*ماسته‌ر له جوگرافیای سیاسی و ناوچه دابڕێندراوه‌كان.