لە نێوان ئاگرکردنەوەی بەکۆمەڵ و نوێژی بە بەکۆمەڵ

"بۆچی بۆخۆت بەڕەوا دەزانی بچی حەماسەتی نەتەوەییت بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز تاوبدەی و داواش لە دینداران بکەی نابێ نوێژی بەکۆمەڵ ئەنجام بدەن"

لە نێوان ئاگرکردنەوەی بەکۆمەڵ و نوێژی بە بەکۆمەڵ
لە نێوان ئاگرکردنەوەی بەکۆمەڵ و نوێژی بە بەکۆمەڵ

دوێنێ لە هەولێر بەرپرسانی ئەو شارە بەکۆمەڵ ئاگری نەورۆزیان هەڵکرد، کە پێچەوانەی ئەو رێکار و رێنماییانەی تایبەت بە پاراستنی ڤایرۆسی کۆڕۆنان لە هەرێم و هەموو جیهان. بۆچی بۆخۆت بەڕەوا دەزانی بچی حەماسەتی نەتەوەییت بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز تاوبدەی و داواش لە دینداران بکەی نابێ نوێژی بەکۆمەڵ ئەنجام بدەن، لە کاتێکیشدا هۆکارەکانیش یەکن، بۆیە ئەگەر پیاوانی ئایینی رەخنەیان گرتبێ لەم بارەیەوە ئەوا لەسەر حەقن، ئەگەر نەورۆز لای تۆ پیرۆزە و شایانی ئەوەیە لە پێناویدا گوێ بەمەترسی ڤایرۆسی کۆڕۆنا نەدەی وگردبوونەوەی بۆ بکەی، ئەوا بەهەمان ئەندازەو زیاتریش لای  کەسێکی نوێژخوێن وتاری هەینی و نوێژی بەکۆمەڵ سەت ئەوەندە پیرۆزتن و شایانی ئەوەن لە پێناویدا گوێ لە مەترسی نەخۆشی کۆڕۆنا نەگرن.

جیاوازی کردن لە نێوان بەجێ گەیاندنی تقووسە دینی ونەتەووییەکان واتە بۆ نەتەووییەکان حەڵال بێ و بۆ دینییەکان حەرامبێ هەڵەیە، چونکە کۆڕۆنا ڤایرۆس جیاوازی ناکات لە نێوان هەردوو تقوسەکەدا، جێبەجێکردنی هەردووکیان لەو ئان وساتە هەڵەن، چونکە پاراستنی گیانی مرۆڤ لە پێش هەموو شتێکەوەیە و رەنگە بڵێن ئەو ئاگرە یەک جارە و تا ساڵێکی تر ناکرێتەوە، بەڵام هەڵە هەر هەڵەیە و دەکرێ لەیەک جاردا کۆڕۆنا ڤایرۆس بە خێرایی بڵاو ببێتەوە، لە لایەکی تر چۆن دەکرێ نوێژ لە ماڵەوە بکرێ بەهەمان شێوەش دەکرێ ئاگرلە ماڵەوە بکرێتەوە و پێویست بەگردبوونەوە ناكات، لەلایەکی تر ئەمڕۆ سەردەمێکی ترە وەک سەردەمی رژێم نییە، هەڵکردنی ئاگرلەو کاتەدا وەک تەحەدایەک بوو، بەڵام ئەمڕۆ کەس دژی نەورۆزو هەڵکردنی ئاگر نییە، لە کاتێکیشدا بۆتە جەژنی گەلانێکی زۆر لە رۆژ هەڵاتدا، جاران ئێمە واماندەزانی تەنها جەژنی گەلی کوردە، بەڵام دەرچوو جەژنی زۆرێک لە گەلانی ناوچەکەیە، بۆیە چیتر ئەو حەماسەتەی جارانی نەماوە کە گڕی لە دەروونی خەڵکی شۆڕشگێرهەڵدەکرد، لەسەردەمی رژێم بە هەزاران گەنج لە پێناوی بەرز راگرتنی یادی نەورۆزو هەڵکردنی ئاگرکەیدا ئاماددەبوون سەریان لەسەر دانێنن، ئێمە خۆمان لەو سەردەمەدا لەو گەنجانە بووین، كاتێک شانۆگەری کاوەی ئاسنگەرمان پێشکێ کرد خەریک بوو هەموومان بچینە کونجی زیندان، بەڵام ئێستا نەشۆڕش ماوەونە شۆڕشگێڕ، ئێمە ئێستا لە قوناغی دامەزراوەو دەستورین، و رژێمی دیکتاتۆریش نەماوە تا لە نەورۆز بترسێ، بۆیە هیوادارم چیتر ئەو هەڵانە دووبارە نەکەنەوە.