لوقمان غه‌فوور
نووسەر
چین ده‌ربازی نابێت له سه‌رزه‌نشتكردن
ئه‌و زیانه‌ی كه به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی "ده‌رده‌كه" له ئه‌مریكا كه‌وتووه هه‌رگیز هێنده‌ی ئه‌و زیانه نییه كه له چین كه‌وتوه
كاتێك ئیتاڵیا گه‌یشته دۆخی مردن به‌ده‌ست كۆرۆنا ڤایرۆسه‌وه، بیرم رۆیشت بۆ بابه‌تێك، ئه‌ویش: ئه‌گه‌ر به‌هۆی كۆرۆنا ڤایرۆسه‌وه زیانی گه‌وره‌ی گیانی و ماددی و ئابووری كوشنده به ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بگات، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له چین خۆشده‌بێت؟ ئه‌مڕۆ 25 ئادار ناونیشانی وتارێكی كۆن كۆفلێن نووسه‌ری دیاری به‌ریتانی له رۆژنامه‌ی ته‌له‌گراف و به‌رپرسی مه‌له‌فی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی رۆژنامه‌كه سه‌رنجی راكێشام. كه دیدو تێڕوانینی منی تیژكرده‌وه.
یه‌كێك له‌و بنه‌مایانه‌ی تا ئێستا حزبی شیوعی چین كاری پێده‌كات ئه‌وه‌یه كه نابێت ره‌خنه‌ی ئاراسته‌ی سه‌ركرده‌كانیان كرێت و رێگه‌یان نیشانبدرێت. بۆ ئه‌وه‌ش گوێنه‌دان به ئاگاداركردنه‌وه‌كانی د. لی وینلیانگ له شاری وۆهان كه یه‌كێك له‌و پزیشكانه‌ی هه‌ر زوو ده‌سه‌ڵاتدارانی حزبی شیوعی چین-ی ئاگاداركردنه‌وه له‌ترسناكی ڤایرۆسه‌كه، به‌ڵام هه‌رزوو ده‌سه‌ڵاتدارانی چین به "بانگه‌شه‌كردنی پرۆپاگه‌نده" وه‌سفیان كرد تا مانگی جێنیوه‌ری 2020 به‌سه‌دان هه‌زار گه‌شتیار له‌شاری وۆهانه‌وه به هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌وه روویانده‌كرده دنیا و به دنیادا ته‌نییوه ئه‌وكاتیش ته‌نیا كه‌رتی هێبی-یان داخست و ئاماده‌نه‌بوون گه‌شتی ئاسمانی داببڕن له‌گه‌ڵ دنیادا و هاتووچۆ له كه‌رته‌كانی تر بوه‌ستێنن.
ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه نابێت چین نیگه‌ران و ته‌نگه‌تاو بێت به‌وه‌ی ده‌وترێت "ڤایرۆسی چینی" یاخود "ئه‌نفلۆنزای وۆهان" وه‌ك چۆن ئیسپانیا نیگه‌ران نه‌بوو له‌ساڵی 1918، ئه‌نفلۆنزاكه‌ی كه 50 ملیۆن كه‌سی كوشت و ناوی نرا "ئه‌نفلۆنزای ئیسپانی". هه‌روه‌ها چین ده‌بێت خۆی ئاماده‌كات بۆ قه‌ره‌بووی جیهان و ئه‌و زیانه زه‌به‌لاحه‌ی كه له ئه‌وروپای سره‌واندووه.
ئه‌مه قسه‌یه بۆچی ئه‌ڵێین؟ وێڕای په‌ككه‌وتنی تواناكانی چین له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌دا، ده‌سه‌ڵاتدارانی چین رۆڵێكی خراپیان گێڕا له هاوكارینه‌كردنی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی تا راده‌ی پێویستی له پێدانی زانیاریی و بێبه‌شكردنی دنیای ده‌ره‌وه‌ی چین له زانیارییه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان تا نه‌گات به ده‌ردێكی جیهانی.
په‌كین له‌بری ئه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی قه‌یرانه‌كه بگرێته ئه‌ستۆ، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر دۆخه مێژووییه‌كه‌ی خۆی و رێگا ده‌دۆزێته‌وه بۆ كپكردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌لێگرتنه‌كانی. له‌كاتێكدا وا خۆی نیشانده‌دات وه‌ك لایه‌نێكی خێركار و خێرخواز چه‌ند كارتۆنێك ده‌مامك و ده‌ستكێش ده‌به‌خشێته وڵاتێك.
هه‌تا ئه‌م ساته تێكڕای ته‌واوی دنیا نازانن چه‌ند له چین به ڤایرۆسه‌كه گیانی له‌ده‌ستدا و چه‌ندیش تووشبوو و چه‌ندیش ماوه له نه‌خۆشخانه‌كان. حزبی شیوعی چین تا ئه‌مساته سووره له‌سه‌ر فوكردن به پڕۆپاگه‌نده و وڵاته‌كه‌ی وا وه‌سفی جیهان ده‌كات كه فاكتی شانازییه بۆ رزگاركردنی به‌شه‌ریه‌ت له بنبڕكردنی ڤایرۆسه‌كه‌دا.
به‌ڕێو‌به‌رێتی پڕۆپاگه‌نده‌ی مه‌ركه‌زی حزبی شیوعی چین به چه‌نده‌ها زمان به‌یانێكی بڵاوكرده‌وه كه باس له رۆڵی پاڵه‌وانێتی شین شین بینگ ده‌كات لە ڕێگری‌کردن لە ئاست بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
تا ئاستێكی دوورتر بڕۆین، كه‌سێكی وه‌ك تشاو لیجیان وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر و سه‌مه‌ره باس له‌وه‌ده‌كات كه له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ری پار وه‌فدێكی سه‌ربازی ئه‌مریكی له وۆهان ڤایرۆسه‌كه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه. كاتێك (كویی تییانكا) ی باڵێۆزی چین له ئه‌مریكا چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئێچ بی ئۆ-دا كرد، له‌وباره‌یه‌وه وتی:"شتێتییه قسه‌كردن له‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه، ئه‌بێت قسه‌كردن بۆ كه‌سانی زانستی جێبێڵین، هه‌سته‌كه‌م تشاو لیجیان له نائاگاییه‌وه قسه‌ی كردووه".
ئاشكرایه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی چین شۆك ئه‌بێت كاتێك كه تۆمه‌تباری بكه‌ن به كه‌متوانایی تا به‌رپرس نه‌بن له دروستكردنی ئه‌و كاره‌ساته. هه‌ر ئه‌مه‌ش وا له په‌كین كردووه میزاینییه‌یه‌كی كه‌می بێكه‌ڵك دابنێت كه‌سه‌ره‌تا بۆ هاوكارییه‌كانی ناوخۆی گه‌له‌كه‌ی دانا بوو ئێستا ئاراسته‌كه‌ی گۆڕیوه بۆ هه‌ندێك یارمه‌تی كه‌می هه‌ندێك وڵاتی كه‌مده‌رامه‌ت.
په‌كین ئه‌یه‌وێت كه فۆكس بخرێته سه‌ر سه‌ركه‌وتنی سیستمی شیوعی كه سه‌ركه‌وتووه به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م قه‌یرانه. به‌كورتی چین ئه‌یه‌وێت سودوه‌رگرێت له ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ جێگرتنه‌وه‌ی ئه‌مریكا له رۆڵی سه‌ركردایه‌تی جیهانیدا.
هه‌روه‌ها كاتێك یه‌كێتی ئه‌وروپا خۆی ئه‌ناڵێنێت به‌ده‌ست ڤایرۆسه‌كه‌وه و نه‌پرژایه سه‌ر ئه‌ندێشه‌ی ئیتاڵیا، چین به چه‌ند ته‌نێك كه‌لوپه‌لی پزیشكی هاوكاری خۆی گه‌یانده ئیتاڵیا، كه نه‌ك دڵی ئیتاڵیای نه‌دایه‌وه، به‌ڵكو نه‌بووه تیماری ده‌ردی ئیتاڵییه‌كان.
له‌كاتێكدا ئه‌و زیانه‌ی كه به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی "ده‌رده‌كه" له ئه‌مریكا كه‌وتووه هه‌رگیز هێنده‌ی ئه‌و زیانه نییه كه له چین كه‌وتوه بۆیه هه‌موو ئه‌مانه ترسن لای ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌سه‌ر راستگۆیی حزبی شیوعی چین هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌وه تا ئێستاكه. كه ئه‌مه‌ش ره‌فتاری سیستمێكی گونجاوی ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵكو ره‌فتاری نوخبه‌یه‌كه كه نه به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی ویست نه گوێی به ته‌ندروستی جیهان دا.