د. عەبدولحەمید بەرزنجی
نووسەر
وەڵامێک بۆ بەرزان عەلی حەمە
"نووسەری باشیش ئەو کەسەیە، خوێنەرێکی باشبێت"
هەموو ئەو وتارانەی لە وێبسایتی کوردستان 24 و ئەوانەی پێشتريش بڵاوتکردوونەتەوە، خوێندوونەتەوە، نووسەری باشیش ئەو کەسەیە، خوێنەرێکی باشبێت، ئاگادارییەکی زۆر باشی لە رەوشی کۆمەڵگەکەی هەبێت. بەرپرسیارێتی چارەسەری کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگەکەی لە ئەستۆ بگرێت.
تۆ ئازادی چۆن بیردەکەیتەوە و چی دەنووسیت، رەنگە لێرەدا دەرفەتی ئەوە نەبێت، هەڵسەنگاندنی هەموو نووسینەکانت بکەم، بەڵام وەک کۆمەڵناسێکی کورد، زۆر بە پێویستی دەزانم، وڵامی ئەو بڕگەیەی کە لە وتارەکەت بەناوی (زهنگینی لات و برسیی دهوڵهمهند) بدەمەوە، کە دەڵێیت: (کورد کۆمەڵناسی نییە و وا دیاره قەراریش نییە هەیبێت. تۆش كه كۆلێژی کۆمەڵناسیت تەواوکردووە و پێت وایە کۆمەڵناسیت، نهخێر نیت. گهر ههبایت، شتگهلێكی ئهم وڵاته ڕێك دهخرانهوه، كه كاری كۆمهڵناسهكانه ڕێكی خستبان. سوودی کۆمەڵناس ئەوەیە، کۆمەڵگە بەو جۆرەی هەیە، بە خودی کۆمەڵگە دەناسێنێتەوه) ؟!.
زۆر بە راشکاوی بە بەڕێزتان دەڵێم، کورد کۆمەڵناسی هەیە، کۆمەڵگەی خۆمان زۆر لە تۆ باشتر دەناسنەوە، بەڵام دەبێت باش بزانیت و ئەوە لە بیر نەکەیت، کە کۆمەڵناس لەم وڵاتەی خۆماندا بڕیار بەدەست نییە.
کۆمەڵناسی و گەلێ پسپۆری زۆریان کردووە و بەردەوام دەیکەن، گەر پێوەری بوونی کۆمەڵناسی لای بەڕێزتان تەنها بڵاوکردنەوەی وتار بێت؟ ئەوا رەنگە 10 ساڵیتر بەڕێزتان وتار بڵاو بکەنەوە، نەگەنە چارەکێکی ئەوەی تەنها کۆمەڵناسێکی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە. چجای ئەو هەموو توێژینەوە و کۆڕ و کۆنفرانس و راسپاردە و پێشنیازە هەنووکەیی و پلانی ستراتیجی، چ بۆ چارەسەری، یان خۆپارێزیی لە کاتی قەیرانەکاندا.
باشتر وابوو ئەو بوێرییەت هەبووایە، ئەو پرسیارەت لە بڕیار بەدەستان بکردبایە، ئەرێ بۆ گوێ نادەنە کۆمەڵناسان؟ کەی راوێژییان پێدەکەن؟
گەر لای بەڕێزتان وتار و دیبەیت، یان دیمانەی تەلەڤزیۆنی، چارەی کێشەکەمان دەکات، دڵنیابە تەنها بۆ خۆخەڵەتاندنە، جگە لە بە فیڕۆدانی کات و پڕکردنەوەی بەرنامەکانی تەلەڤزیۆن و رادیۆ و لاپەڕەکانی رۆژنامە و گۆڤارەکان، هیچ سوودێکیتری نییە.
هەر ئەم بایەخ پێنەدانە وایکردووە، کۆمەڵناسان بایکۆتی ئەم جۆرە کارانە بکەن.
بەڵێ منیش زۆر هاوڕام لەگەڵ ئەو رستەیەی بەرێزتان، کە دەڵێيت: "وا دیاره قەراریش نییە لەم وڵاتە کۆمەڵناس هەبێت". لەگەڵ رێزم.
*پرۆفیسیۆر لە بەشی کۆمەڵناسی/ کۆلیژی ئاداب/ زانکۆی سەڵاحەدین- هەولێر.