سامان وەستا بەكر
نووسەر
ئەو جیاوازییەی کە نابینرێ
"باخچە و فێرگەکان داناخرێن، چونکە پێیانوایە دەبێت دایک و باوکەکان لەماڵەوە بەدیار مناڵەکانیان بمێننەوە، بەمەش دەستی كار کەمدەکات و دەبێتە بارگرانی بەسەر حکومەتەوە و پارەیەکی زۆری پێویست دەبێ"
یاسا بۆ خزمەتی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەیەکە نەک مرۆڤ بۆ خزمەتی یاسا، بەڵام ئەی ئەگەر وانەبێ چی ڕوودەدات؟
یاساکان هەمیشە بۆ خزمەتی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی دادەڕێژرێن و هەندێک یاساش بۆ بەرژەوەندی ژینگە، بەڵام دوای ئەوەی کە مرۆڤ هەست بەوە دەکەن چیتر ژینگە بڕشتی تێدانەماوە زیاتر ببەخشێ بە مرۆڤ و بە پێچەوانەوە بەرەو نەمان و فەوتان دەچێ، ئیتر لەوەودوا مرۆڤ دیسانەوە بۆ بەرژەوەندی خودی خۆی هەندێ یاسا بۆ ژینگەپارێزی دادەڕێژێ کە زۆربەی کاتیش وەک خۆی کاری پێناکرێ ئەگەر دژ بە بەرژەوەندی سەرمایەداریبێت، لەوەش کوشندەتر ڕۆتین و بیرۆکراتی هەندێکجار هەر بەزیندووی دەیتاسێنێ.
لە کاتێکدا یەکەم تووشبوو لە سلێمانی وەک یەکەم تووش بوو لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنرا، ئەو کاتە سوید و ستۆکهۆڵم هیچ تووش بوویەک نەبوو، بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان ژمارەکە سەروو 100 کەسە بەڵام لە سوید نزیکەی 3000 تووش بووە!
بێگومان ئێستا پرسیارێک دروست دەبێ، ئەویش ئایا هۆکارەکە چیە و بۆ؟
"هۆکارەکە زۆر بە سانایی تەنها وشەیەکە پێی دەوترێ "بیورۆکراتی Bureaucracy"
بیورۆکراتی لە هەردوو زانستی کۆمەڵایەتی و زانستی ڕامیاریدا بەکاردەهێنرێت، بە واتای جێبەجێکردنی یاساکان بەهێز لە کۆمەڵگە ڕێکخراوەکان.
وشەکە لە دوو بەش پێكهاتووە "بیورۆ" وشەیەکی ئەڵمانیە واتە نووسینگە "المکتب" لە سەرەتای سەدەی 18 بەکارهێنرا تا وشەکە هەموو کۆمپانیایەکی بواری کارکردن بگرێتەوە نەک تەنها نووسینگەی فەرمی حکومی. وشەی "کراتی یان کراتۆس" وشەیەکی ئیغریقییە بە واتای دەسەڵات "سلطـة" یان هێز. واتا کۆی دوو وشەکە پێکەوە "هێزی دەسەڵات یان دەسەڵاتی نووسینگە" (قوة المكتب أو سلطة المكتب) دەدات.
بیرۆکراتی Bureaucracy کوشندەیە ئەگەر ڕۆچووە ناو ورد و درشتەوە
بیوکراتیەکەی سوید لێقەومانی لێدەکەوێتەوە ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا کارەکان بەڕێبکرێت و مامەڵە لەگەڵ پەتای کوشندەیی کۆرۆنا بکرێت، بۆ ڕوونکردنەوە دوو نموونەی سانا وەردەگرین ئەوانیش "ماسک یان دەمامک و كحول یان پاکكەرەوەی دژە ڤایرۆس و بەکتریا".
European conformity “CE” mark مارکەیەکی گەرەنتییە کە ڕەچاوی پێداویستییە سەرەکییەکانی تەندروستی و ژینگە و خۆپارێزی پەیوەندیدار دەکات، مارکەیەکە کە لەو کاڵایانەی دەدرێ کە لە بازاڕی ئەوروپی هاوبەش مامەڵەی پێوەدەکرێ واتە ئەم مارکەیە وەک پاسپۆرتێک وایە لەهەر کاڵایەک بدرێ ئیتر ئەو کاڵایە ڕێگەپێدراوە کە بە سەربەستی لە نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بێت و بڕوا و بەبێ کێشە بەکاربهێنرێ.
ئێستا چەندین هەزار دەمامک و هەزاران لیتر کحولی پاكکەرەوەی دەست "تەعقیم" لە وڵاتی سویدا بوونی هەیە، بەڵام ڕێگەنادرێ بەکاربهێنرێ تەنها لەبەر ئەوەی جارێ ئەو مارکەیەی لەسەرەوە باس کراو لێینەدراوە، لەکاتێکدا مانگێک زیاترە لە هیچ دەرمانخانە و بازاڕێکی سوید نە دەمانک و نە کحولی دژە ڤایرۆس و بەکتریا دەست ناکەوێ و بۆتە کێشە هەم بۆ خەڵک و هەم داودەزگا فەرمی و نافەرمی و تەنانەت کەرتی تەندروستیش، دەزگا تەندروستییەکان دەنگیان بەرزکردۆتەوە لەترسی کورتهێنانی بابەتی خۆپارێزی لە کەرتی تەندروستی و دەزگا هاوکارەکانیان.
ئەم مارکەیە "نیشانە"یە لە یەکێتی ئەوروپاوە بڕیاری لەسەر دەدرێ واتە هیچ وڵاتێکی ئەوروپی ناو یەکێتییەکە بۆی نییە بە سەربەخۆ بەکاربهێنێ و دەبێ دوای گیراکردن "قبول" کردنی یەکێتییەکە لە کاڵا جیاوازەکان بدرێ، ئێستاش بەهۆی پەتای کۆڤید 19وە کێشە بۆ کۆبوونەوەو ئیشوکاری هەم یەکێتی ئەوروپا و هەم وڵاتانی ناو یەکێتییەکەش دروست بووە.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا دەبێ ڕۆتین و بیرۆکراتی بخرێتە پێش سەلامەتی و خۆپارێزی و پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان لە کاتێکا خودی یاساکان بۆ خۆشگوزەرانی و سەلامەتی بو خۆپارێزی ژیانی مرۆڤ دادەڕێژرێن؟
جیاوازی شێوازی کارکردنی حکومەتی هەرێم و وڵاتی سوید بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڤید 19
وێڕای کەموکوڕییە زۆرەکانی پێشووی حکومەتی هەرێم، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە بەپەلە هاتنە دوست، ڕۆتین و بیرۆکراتی دەستگیر نەبوو، بڕیارەکان دەردەچن و زوو بەزوو جێبەجێدەکرێن، هەمووی وەك یەك تیم کارەکەن "هەڵبەتە ئەوەی ئێمەی بەچاو دەیبینین"، ژیانی مرۆڤ خرایە پێش ئابووری و دارایی و داهات و دەستکەوتی حکومەت، سنوورەکان توندوتۆڵکران بە تایبەت سنوور لەگەڵ وڵاتی ئێران، کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین تووشبووی هەیە لە جیهان... هتد.
وڵاتی سوید وێڕای ئەوەی یەکێک لە باشترین سیستمی بەڕێوەبردنی هەیە بۆ ڕۆژگاری ئاسایی بەڵام ئێستا بیورۆکراتی و ڕۆتین وای لێکردووە کە ڕۆژانە سەروو 200 کەس تووشی کۆڤید 19 بن، هەماهەنگی تەواو لە نێوان فەرمانگە و دەزگاکان نییە، ئەگەر پێشتر بەپێی یاسا ڕێگەیان پێنەدرابێ. خوێندکارە پێشکەوتوو و تازە دەرچووەکان دوو دڵن بەدەنگ بانگەوازی حکومەتەوە بێن بۆ هاوکاریکردن، چونکە تا کار زیاتر بکەن دەبێ بڕێکی زیاتر لەو قەرزەی بۆ کاتی خوێندن کردوویانە بیگێڕنەوە، ئەمەش واتا ترس لە تووشبوون و خۆ ماندووکردنێکی بێ سوود، چونکە ئەمەش دیاسنەوە یاسایەکی پێویستە تا لەپای ماندووبوونیان بڕێکی زۆری داهاتەکەیان نەچێتە بڕی قەرزەكەیان.
باخچە و فێرگەکان داناخرێن، چونکە پێیانوایە دەبێت دایک و باوکەکان لەماڵەوە بەدیار مناڵەکانیان بمێننەوە، بەمەش دەستی كار کەمدەکات و دەبێتە بارگرانی بەسەر حکومەتەوە و پارەیەکی زۆری پێویست دەبێ. سنوورەکان کراوەن، ڕانەوەستانی بازرگانی و کارگەکان زۆر گرنگی پێدەدرێت، لە لێدوانی لایەنە بەپرسەکان ئیکۆنۆمی لە پێشینەی کارەکان جەختی لێدەكرێتەوە.
ئەمە بەو واتایە نییە کە سیستمی بەڕێوەبردن لە وڵاتێکی وەک سوید خراپ بێت، یان بەراوردێك بێت بە حکومەتی هەرێم، چونکە ئەگەر بێینە باری ئاسایی ئەوا ناکرێ ئەو دوو حکومەتە لە هیچ ئاساتێک بەراورد بکرێن، بەڵکو ئەمە تەنها خستنەڕووی خراپی بیرۆکراتی و ڕۆتینە لە کارکردن ئەو جیاوازیەی دروست کردووە کە تووشبوون لە هەرێم لەسەرەووی 100 و لە سوید نزیکەی 300 تووشبوو لە هەمان کاتا. لە کاتێکدا سیستمی بەڕێوەبردن لە سوید ئەگەر یەکەم نەبێ لە جیهان ئەوا یەکێکە لە باشتریینەکان.
هەڵبەتە زۆرینەی وڵاتانی جیهان تا ئاستێك وەك یەك ڕووبەڕووی پەتای کۆڤید 19 بوونەتەوە بە کەرەنتیتکردنی هەموو کۆمەڵگە وەك حکومەتی هەرێم یان بەشێکی، بەڵام وڵاتی سوید ئەو کەرەنتینکردنە بە ڕێگەچارەیەکی گونجاو نابینێ و فەرمانگەی تەندروستی گشتی سوید کە بڕیاردەرە، پێیوایە کەرەنتیتکردن ڤایرۆسەکە لەبڵاوبوونەوە ڕاناگرێ. بۆیە ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕێ بکەین تا دوای بنبڕکردنی ڤایرۆسەکە، ئەو کات تەماشاکەین ئایا کەرەنتیتکردنی وڵاتان ئەنجامی باشی دەبێ یان نەکردنەکەی سوید؟ ئایا ئابووری ئەو وڵاتانە زەرەری گەورەی بەردەکەوێ لە پێناو پاراستنی ژیانی هاوڵاتییەکانیان؟ یان ئابووری سوید کەمتر زەرەرمەند دەبێ و لە پاراستنی هاوڵاتیانی سەرکەوتووش دەبێ؟ یان قوربانییەکی زۆری لێئەکەوێتەوە؟ ئەم پرسیارانە تا ئێستاش بێ وەڵامن؟