ئاواره به‌ختیار - محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا
نووسەر
خوێندنی ئۆنڵاین و داهاتووی زانست
كێشه‌یه‌كی كۆمپیوته‌ر وایكرد ئه‌مه‌ریكا پێدانی ڤیزا به ئه‌ندزیاره هيندىیه‌كان سێ به‌رامبه‌ر زیاد بكات
له‌گه‌ڵ ڕوودانی هه‌ر گۆڕانكاریه‌كی سرووشتی، یان هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره كه مرۆڤ ده‌ستی تێداهه‌بێت، هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه به پێی گۆڕانكارییه‌كه، ناچارن گۆڕان به‌سه‌ر سیستمی كارگێڕی خۆیاندا بێنن، ئه‌مه‌ش له سه‌ره‌تادا له ڕێگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌ندین بیرۆكه‌ی سه‌ره‌تایی رووده‌دات، هه‌تا له كۆتاییدا ده‌گه‌ن به خاڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی گونجاو، به‌م شێوه‌یه گۆڕانی ڕیشه‌یی له ڕێڕه‌وه‌ی پیشه و سیستم و شێوازی كارگێڕی دێته ئاراوه. كاتێك كه جه‌نگی جيهانى دووه‌م روویدا و سه‌ربازانی ئه‌مریكی چوونه به‌ره‌كانی جه‌نگ، ئافره‌تانی ئه‌مه‌ریكی ناچار بوون ئه‌و شوێنانه پڕ بكه‌نه‌وه بۆ كاركردن كه پێشتر پیاوان كاریان تێداده‌كرد (له‌جه‌نگی جیهانی دووه‌م، ته‌نها پیاوان سه‌رباز بوون)، هه‌ر ئه‌م گۆڕانكارییه‌ش لە داهاتوودا و تا ئەمرۆشى لە گەڵ بێت وایكرد جیاوازی نه‌مێنێت له نێوان ڕۆڵی پیاو و ئافره‌ت و یه‌كسان بن له ماف و ئه‌ركدا، به هه‌مان شێوه، له ساڵی 2000 كێشه‌یه‌كی گه‌وره له سیستمی كۆمپیوته‌ر له سه‌ر ئاستی جیهاندا ڕوویدا كه به‌كێشه‌ی (Y2K) ناسرا، كێشه‌كه بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی دوو ژماره‌ی كۆتایی واته بۆ ساڵی 1998 ته‌نها 98 ده‌نووسرا به‌ڵام به هاتنی ساڵی 2000 ته‌نها دوو سفر ده‌نووسرا كه له‌داهاتوودا له گه‌ڵ ساڵی 2100 و 2200 2300 و هتد تێكه‌ڵ ده‌بوو، ئه‌مه‌ش بوو به هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێدانی ڤیزا به ئه‌ندزیاری كۆمپیوته‌ر هيندى سێ به‌رامبه‌ر بكه‌ن، له‌و رۆژه به‌دواوه ئه‌ندازیاره‌كانی هیندستان ناوبانگیان له هه‌موو دونیا بڵاو بۆوه، به جۆرێك كه ئێستا هه‌ڵسوڕێنه‌كانی كۆمپانیا سه‌ركه‌وتووه‌كانی بواری ته‌كنه‌لۆژیا زۆرینه‌ی هه‌ره زۆریان هیندین، وه‌ك كۆمپانیاكانی ( ماكیرۆسۆفت و ئه‌دۆب و ئه‌لفه‌بێت).
ئێستا كه بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایره‌سی كۆڕۆنا زه‌وی ته‌نیوه‌ته‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه دوای ته‌واو بوونی په‌تاكه گۆڕانكاری جه‌وهه‌ری له هه‌موو كایه‌كانی ژیاندا دێته ئاراوه، یه‌كێك له‌و كایانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئه‌م گۆڕانكاریه ده‌بێته‌وه سیستمی خوێندنه، چونكه ئه‌مڕۆ دوو ملیار قوتابی له هه‌موو جیهاندا به هۆی كۆڕۆناوه له خوێندن دابڕاون، ئه‌مه‌ش وای له به‌رپرسانی خوێندنی وڵاتانكردووه، بۆ به‌رده‌وامی پڕۆسه‌ی فێربوون بیر له ڕێگای تازه بكه‌نه‌وه، یه‌كێك له‌و ڕێگایانه، كه به‌خێراترین چاره‌سه‌ر ده‌بینرێت، شێوازی فێركردنی ئۆنلاینه، پێده‌چێت ئه‌گه‌ر ئه‌م سیستمه سه‌ركه‌وتوو بێت، بۆ هه‌میشه شێوازی فێركردن بگۆڕێت، كه‌واته ده‌بێ پێوه‌رێكمان هه‌بێ بۆ ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م سیستمه نوێیه، به كورتی ده‌مانه‌وێت پێوه‌ری ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌م سیستمه له ڕێگای خستنه ڕووی ئه‌م سێ پرسیاره ڕوون بكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریوس ئایا پێویسته قوتابی چوار ساڵ له زانكۆ ئاماده‌بوونی هه‌بێت؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره پێویسته لیژنه‌ی زانستی هه‌ربه‌شێك، بابه‌ته‌كانی خوێندن بكاته سێ به‌شه‌وه.
1- ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ده‌كرێ به‌ته‌واوی له سیستمی خوێندن لابدرێن.
2- ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ده‌كرێ گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا بهێنرێت.
3- ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ده‌كرێ به ته‌كنه‌لۆژیای دیجیتاڵ پاڵپشتی بكرێن.
لێره‌وه بۆ مان ده‌رده‌كه‌وێ كه خاڵی یه‌كه‌م بابه‌تی زیاده‌یه و پێویست ناكا كاتی قوتابی پێ به فیڕۆ بدرێت، هه‌روه‌ها خه‌رجی كه‌متریش له‌سه‌ر سیستمی خوێندن ده‌كه‌وێت، سه‌باره‌ت به‌بڕگه‌ی دووه‌م ده‌كرێ هه‌ندێ بابه‌ت تێكه‌ڵی یه‌كتر بكرێن، یان سه‌رله‌به‌ری پڕۆسه‌ی فێركردنه‌كه چاوی پێدا بخشێنرێته‌وه، بۆ نمونه زیاتر په‌ره بدرێت به‌لایه‌نی مه‌یدانی و فێربوونی توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه نه‌ك كێشه‌یه‌كی گریمانه‌یی، هه‌روه‌ها گۆڕینی شێوازی ده‌رچوون له تاقیكردنه‌وه بۆ داهێنان، خاڵی سێهه‌م كه باسی ته‌كنه‌لۆژیا و تێكه‌ڵكردنیه‌تی له‌گه‌ڵ سیستمی فێركردن ده‌كات، ده‌كرێ زانكۆكان تێكه‌ڵه‌یه‌ك له نێوان فێركردنی ڕووبه‌ڕوو و فێركردنی ئۆنڵاین دروستبكات، دیاره یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه خوێندنی ئۆنلاین نه‌بۆته جێگره‌وه‌ی ته‌واوی خوێندنی ئێستا، ئه‌وه‌یه كه له‌خوێندنی ئۆنلاین (Social Experience) ئه‌زموونی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك مانه‌وه له به‌شی ناوخۆیی و ئیداره‌دانی بودجه‌ی كه‌سی و تێكه‌ڵ بوون له گه‌ڵ خه‌ڵكانی تر و فێربوونی ژیانی زانكۆیی… هتد كەمتر بوونى هەيە، به‌ڵام بۆ جێگره‌وه‌ی ئه‌م شاره‌زاییه ده‌كرێ ساڵانه گه‌شتی زانستی و ڕاپۆرتى به گروپ و چالاكی ساڵانه‌ی تایبه‌ت به به‌شه‌كه ڕێكبخرێن.
له‌ڕاستیدا خوێندنی ئۆنلاین ته‌نها بۆ قوتابیان شتێكی نوێ نییه، به‌ڵكو بۆ مامۆستایانیش شتێكی نوێیه، كه پێشتر ئه‌زموونیان له‌گه‌ڵی نه‌بووه، له‌لایه‌كی تری بۆ ستافی كارگێڕی كۆلێژه‌كان شتێكی تازه‌یه.

ئه‌گه‌ر هاتوو كۆلێژه‌كان نه‌یانتوانی هه‌تا سه‌ره‌تای مانگی ئایار ده‌ست به‌خوێندنی ئاسایی بكه‌نه‌وه، ئه‌وه به پێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ده‌ست به خوێندنی ئۆنلاین ده‌كه‌ن، ده‌كرێ ئه‌م هه‌نگاوه وه‌ك ئه‌زموونێك سه‌یر بكرێت و هه‌رسێ به‌شی سێكوچكه‌كه داتا كۆبكه‌نه‌وه، لایه‌نی باش و خراپی سیستمه‌كه هه‌ڵبسه‌نگێنن و باشه‌كان باشتر و خراپه‌كان لابدرێن، به‌م هۆیه‌وه هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی سیستمه‌كه به‌ره‌وه سه‌ركه‌وتن ده‌چێ، دەكرێت لە داهاتوودا بە شێوازێكى جێگر سەير بكرێت.
دووه‌م: ئایا ژێرخانی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری پێویستمان هه‌یه بۆ به‌ئۆنلاینكردنی خوێندن؟
ژێرخانی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری دوو شتی سه‌ره‌كی ده‌گرێته‌وه:
أ- ئامێره‌كان (Hardware)
مه‌به‌ست له‌و كه‌ل و په‌ل و ئامێرانه‌یه كه له پڕۆسه‌ی خوێندندا سودی لێوه‌رده‌گرین، وه‌ك (سمارت بۆرد، سێرڤه‌ر، ئامێری كۆمپیوته‌ری به‌هێز، كامێرای تۆماركردنی وانه‌كان، ستۆدیۆ… هتد).
به پێی ئه‌زموونی ئێمه له زانكۆدا، كه‌موكوڕی زۆر له به‌شی هاردوێردا هه‌یه، ته‌نانه‌ت شته سه‌ره‌تاییه‌كان به‌رده‌ست نین، له‌لایه‌كی تره‌وه كێشه‌یه‌كی تر هه‌یه كه پێیده‌گوترێ (نایه‌كسانی) ته‌كنه‌لۆژی، كاتێك كه له فێركردنی رووبه‌روودا مامۆستا وانه ده‌ڵێته‌وە، هه‌موو قوتابیان به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان كوالێتی وانه‌كه‌یان پێده‌گات، به‌ڵام له فێركردنی ئۆنلایندا به‌مشێوه‌یه نییه، چونكه هه‌موو قوتابیه‌كان به‌هره‌مه‌ند نین له ئامێره ئه‌لیكترۆنیه پێشه‌كه‌وتووه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازی له نێوان ئاستی داهاتی قوتابیه‌كان.
ب- پڕۆگرامه‌كان (Softwware)
ئه‌م به‌شه ئه‌مانه له خۆ ده‌گرێت (ماڵپه‌ڕی سه‌ره‌كی زانكۆ، تۆماری ئه‌لیكترۆنی، پڕۆگرامه‌كانی په‌یوه‌ندی كردن و په‌خشی ڕاسته‌وخۆ).
لێره‌دا هه‌ندێ پرسیاری جه‌وهه‌ری دێنه ئاراوه:
1- ئایا ماڵپه‌ری زانكۆكانی ئێمه له ڕووی ته‌كنیكییه‌وه له‌و ئاسته‌دانه له یه‌ك كاتدا لۆدی هه‌موو قوتابیه‌كان ته‌حه‌موول بكات و ئاسان بێت له‌به‌كارهێناندا؟
2- ئایا تۆماری قوتابیانمان تا ئێستاش به شێوه‌ی تڕادیشناڵه یان له كوێ كراوه‌ته دیجیتاڵ و ئه‌رشیفه‌كردنه‌كه‌ی له ڕووی ئه‌منیه‌وه پارێزراوه؟
3- ئایا زانكۆكان هیچ پڕۆگرامێكی په‌یوه‌ندی و په‌خشی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه، یان پشت به‌و پڕۆگرامه ده‌به‌سترێ كه له بازاڕی ته‌كنه‌لۆژیادا هه‌یه بۆ نموونه پڕۆگرامی Zoom، كه ئه‌وانیش چه‌ندین كێشه‌ی خۆیانیان هه‌یه؟ وه‌ك كێشه‌ی پاراستنی زانیارییه‌كان و كێشه‌ی ژماره‌ی به‌شداربووان و كێشه‌ی پاره‌دان.
سێهه‌م: ئایا پێویستیمان به‌چ جۆرە راهێنان و ئەزموونێك هەيە، هه‌تا بتوانین به‌سه‌ركه‌وتووی خوێندنی ڕووبه‌ڕوو بگۆڕین بۆ خوێندنی ئۆنلاین؟
ئه‌گه‌ر باشترین هاردوێر باشترین سۆفتوێرمان هه‌بێت، به‌ڵام شاره‌زایی به‌كارهێنانمان نه‌بێت، ئه‌وه سه‌رله‌به‌ری ڕیسه‌كه‌مان لێده‌بێته‌وه خوری، به‌پێی تێگه‌یشتنی ئێمه، پێمان وایه نه‌قوتابیان و نه مامۆستایان، نه فه‌رمانبه‌رانمان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو ئاماده‌كراونین بۆ بواری ئۆنلاین، ئه‌مه‌ش پێویستی به كاته، هه‌تا هه‌ر سێ كوچكه‌كه بخرێنه سه‌ر سكه‌ی دروستی خۆیان، ده‌كرێ بڵێین به‌شێكی زۆر له‌و به‌رهه‌ڵستیه‌ی ئێستا هەيە بۆ جێبەجێكردنى خۆێندنى ئۆنلايەن له هه‌رسێ كوچكه‌كه‌دا بەديدەكرێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه شاره‌زایی و ئەزموونيان له بواری تەكنۆلۆجيا بە گشتى و خۆێندنى ئۆنلاین بە تايبەتى.
زۆربه‌ی وانه‌بێژان تا ئێستاش پشت به‌ڕێگا كۆنه‌كه ده‌به‌ستن له كاتی پێشكه‌شكردنی بابه‌ته‌كانیان به قوتابیان، ئایا چۆن ده‌كرێ به‌بێ ڕاهێنان، ئه‌و وانه بێژانه ناچاربكرێن وانه‌كانیان بكه‌نه ئۆنلاین و ڤیدیۆ تۆمار بكه‌ن و چارت و ئه‌نیمه‌یشن و گرافیك و مۆڵتی میدیا به‌كاربهێنن؟ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ زانكۆكان به زووترین كات تیمی شاره‌زا ئاماده بكه‌ن بۆ ڕاهێنانی سه‌رجه‌م وانه‌بێژان.
قوتابیانیش توشی زۆر كێشه له خوێندنی ئۆنلان ده‌بن، بۆ چه‌ندین ساڵه كێشه‌ی (لێدانی خوێندن) نەهاتن بە گشتى له زانكۆكان به‌رده‌وامه و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، ئایا چۆن ده‌توانین قوتابیان ناچار بكه‌ین بێن له وانه ئۆنلاینه‌كان به‌شداربن؟ له‌لایه‌كی تره‌وه كاتێك كه دێت و به‌شدار ده‌بێت چۆن ده‌توانرێت ڕێگری بكرێت كه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌كه‌دا، خه‌ریكی شتی لاوه‌كی تر نییه؟ یه‌كێكی تر له‌كێشه‌كان له‌ده‌ستدانی هه‌ستی ڕكابه‌رایه‌تییه له نێوان قوتابیاندا، ئایا وانه‌بێژ چۆن ده‌توانێ ڕۆحی ڕكابه‌رایه‌تی گه‌شه پێبدات و له نێوان قوتابیاندا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته هاندان بۆ هه‌مووان.
یه‌كێكی تر له‌كێشه زۆر گه‌وره‌كان، كه ڕووبه‌رووی مامۆستا و قوتابی ده‌بێته‌وه، بابه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندنه، به‌و پێیه‌ی كه شێوازی هه‌ڵسه‌نگاندنی قوتابی له زانكۆكانی كوردستان بریتیه له تاقیكردنه‌وه، بۆ تاقیكردنه‌وه‌ش پێویسته قوتابیان له هۆڵێك ئاماده‌بن و چاودێریان بكرێت، ئایا ئه‌م كێشه‌یە له ئۆنلاین چۆن چاره ده‌كرێت؟
له‌وكاته‌دا ده‌كرێ ئه‌م كێشه‌یه به‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، كه شێوازی هه‌ڵسه‌نگاندن له تاقیكردنه‌وه‌وه بگۆڕدرێت بۆ نووسینی ڕاپۆرت و ئاماده‌كردنی توێژینه‌ی مه‌یدانی و ئاماده‌كردنی پرێزنته‌یشنی ڤيديۆيى و ناردنی بۆ مامۆستا.
هه‌روه‌ها ستافی كارگێڕی به‌شی ماڵپه‌ڕ و تۆماری ئه‌لیكترۆنی پێویستیان به‌ڕاهێنانێكی پڕۆفێشناڵانه و گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی هه‌یه، چونكه ئه‌وان خاڵی په‌یوه‌ندین له نێوان قوتابی و مامۆستادا، هه‌روه‌ها به‌رپرسن له سه‌لامه‌تی داتاكان و به‌ره‌و پێشبردن و نوێكردنی پڕۆگرامه‌كان به‌پێی پێویست.
ئه‌زموونه گه‌وره‌كه
ئێستا كه تیشك خرایه سه‌ر پایه سه‌ره‌كیه‌كانی خوێندنی ئۆنلاین، وا نیشانده‌دات پێویستیمان به كاتێكی زۆر هه‌بێت و ئه‌سته‌م بێت له ئێستادا جێبه‌جێبكرێت، به‌ڵام ڕاستی ئه‌وه‌ی كه ماوه‌یه‌كه پڕۆسه‌ی خوێندن به‌هۆی په‌تای جیهانی كۆڕۆناوه په‌كی كه‌وتووه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه كه هه‌ر ده‌ستپێنه‌كاته‌وه، بۆته مه‌ترسی بۆ سه‌ر به‌فیڕۆدانی ڕه‌نجی ئه‌مساڵی خوێندن، ئه‌م ڕاستیه هه‌موو لایه‌ك ده‌خاته ژێر به‌رپرسیاریه‌تیه‌وه، چونكه پێویستی قۆناغه‌كه‌یه و ده‌بێ به‌كه‌مترین زیان خوێندنی ئه‌مساڵ تێبپه‌ڕێندرێ، هەر بۆيەش دەكرێت ئەو چالێنجەى كە ئەمساڵ رووبەڕوومان بۆتەوە وەكو ئه‌زموونێكى گەورە سەير بكرێت هەرسێكوچكەكە داتاكان كۆبكەنەوە بۆ پێشڤه‌بردنی خوێندنی ساڵی داهاتوو رەهەندە باش و خراپەكانى سيستەمە خۆێندنى ئۆنلاين دەستنيشان بكەن و بەيەكەو هەمووان ميكانيزمێك بەخەينە روو، هه‌روه‌ها نابێ ئه‌مه نادیده بگرین كه خوێدنی ئۆنلاین لە زۆربەى وڵاتان دونيادا زۆر بەباشى جيگير بووە، ئەمەش لەبەر هۆكارى ئەوەى كە كه‌مترین تێچووی هەيە به‌به‌راورد به خوێندنی ڕووبه‌روو، هه‌م بۆ قوتابی و هه‌م بۆ زانكۆش. نكۆڵى لێنەكراوە ئەم پەتاى كۆرونايە، زەروريەتى ئەم سيستەمە دەكاتە ئەمرى واقیع و جێگيرى دەكات بۆ هەتاهەتايە، هەر بۆيەش پێویسته هاتنی په‌تای كۆڕۆنا له خاڵی هه‌ڕه‌شه‌وه بگۆڕدرێت به ده‌رفه‌ت و پێداچوونه‌وه به سیستمی خوێندن بكه‌ین و خۆمان هاوته‌ریب بكه‌ین به زانكۆ جیهانییه‌كان له ڕووی ته‌كنه‌لۆژی و سيستەمى خۆێندن و كارگێريەوە.
محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا مه‌حموود/ مامۆستا له كۆلێژی به‌ڕێوه‌بردن و ئابووری زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
ئاواره به‌ختیار ره‌سووڵ/ مامۆستا له كۆلێژی به‌ڕێوه‌بردن و ئابووری زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین