زیاتر غەدر لە رۆژنامەنووس و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی مەکەن
"بەردێک لەو ئاسمانە بەربێتەوە، خەتاکەی دەخەنە ئەستۆی (رۆژنامهنووسان)"
ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ساڵانە یەک رۆژ و یەک جەژنیان هەیە، تێیدا کۆمەڵێک پیرۆزباییان بۆدێت، رۆژەکانی دیکە، لەسەر هەموو ئاست و چینەکانی ناو کۆمەڵ، بەردێک لەو ئاسمانە بەربێتەوە، خەتاکەی دەخەنە ئەستۆی ئەوان.
ڕۆژنامەنووس زمانی کوردی تێکدا، هەندێک دەڵێن، ئەم زروفە ناخۆشە، هەمووی خەتای ڕۆژنامەنووسە، هەندێکی دیکە دەڵێن و بە کورتی: کەس دوو قسەی خێر لەسەر ڕۆژنامەنووس ناکات. ئەم لەشکرە بە توانا و پێویست و زۆرەی کوردستان، پاش ئەو هەموو بوختان و قسە نابەجێیانە، خەریکە شەرم بکات، کە ئەو پیشەی "ڕۆژنامەنووسە" جگە لەوە، لەهەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک، ڕۆژنامەنووسێک هەبێت، لە پشووەکان، دوو دوو و سێ سێ، ناڕاستەوخۆ دادگاییان دەکەن و هەموو خەتای کۆمەڵ دەخەنە ئەستۆ ئەو، لەکاتێدا خۆی باش دەناسی و بەو زانیارییانەی لای ئەو هەیە، بە ئاسانی دەتوانی تەنیا بە دوو ڕستە، لە قولینچکیان بپەستی، ئەوە ناکا، چونکە پیشە و ئەخلاقیاتی کاری ئەو، رێگا بەو دوور ڕۆشتنە نادا.
بەتێگەیشتنی من ئەم تاوانبارکردن و دادگاییکردنە بێمانا و بێکۆتاییەی دژ بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن بەکاردێت، پێم وانییە كارێكی دروست بێت، سوکایەتیکردنی بەردەوام بە رۆژنامەنووس، بە کارێکی خراپ دادەنێم، بە تایبەتیش لەو کەسانەی تا ئێستا نازانن کار و ئەرکی ڕۆژنامەنووس چییە. نەزانین و تێنەگەیشتن لە کار و ئەرکی ڕۆژنامەنووس هیچ پەیوەندی بە بروانامە و پلە و پۆست و ئاستی ڕۆشنبیری کەسەکەوە نییە. تێیاندا هەیە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبە، ڕۆژنامەنووس تاوانبار دەکات، بەوەی ئاژاوە دەنێتەوە، هەیە مامۆستای زانکۆیە، رۆژنامەنووس تاوانبار دەکات، بەوەی زمانی کوردی وێرانکردییە، هەیە مەلا و زانای ئایینیە، ڕۆژنامەنووس تاوانبار دەکات، بەوەی کۆمەڵ تێکدەدا، درۆ و فەسادی بڵاودەکاتەوە. زۆر لەو دەمپەل و قەڵەم تیژانە، لەوکاتەی باس لە راگەیاندن دەکەن، لە ڕاستیدا، زیاتر مەبەستیان كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن و پۆستەكانی فەیسبووكە، نەک ڕۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ، چونکە خۆیان ڕۆژنامە و گۆڤار ناخوێننەوە و گوێش لە رادیۆ ناگرن. هەرچەندە فەیسبووک و تەلەڤزیۆن جیاوازییان یەکجار زۆرە، بەڵام لەم شەڕە، کە رۆژنامەنووسانی ڕۆژنامە و گۆڤار لەگەڵ رادیۆ هیچ تێیدا بەشدارنین، سوکایەتیپێکردن ئەوانیش دەگرێتەوە، ئەوانیش لە ڕەخنە و هێڕش بێبەش ناکرێن.
خەڵکی زۆر هەیە، ئەوەی لە فەیسبووک دەنووسرێ، بە کاری ڕۆژنامەنووسی دادەنێ، لە کاتێکدا هەبوونی واڵێک لە فەیسبووک و دەزگای راگەیاندن، دوو شتی جیا و ئەرکی جوداشیان هەیە. لە فەیسبووک، کە ئەوان بە (تۆڕی کۆمەڵایەتی) ناوی دەبەن، هیچ پەیوەندی بە ڕۆژنامەنووس و کاری راگەیاندنەوە نییە، باس لەوە هەرناکەم خۆی وشەی (ماڵپەڕی کۆمەڵایەتی یان تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی) بە هەڵە هاتۆتە ناو زمانی کوردی و ڕاستییەکەی (سۆشیال میدیا)یە، کە ئەویش ئەگەر بۆ زمانی کوردی وەریشبگێڕدرێت، دەکاتە: (میدیای خەڵک) ناکاتە (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)، کە هەندێ کەس بەهەڵە لەجیاتی (تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی) دەینووسن، چونکە تۆڕ زۆرن، بەڵام کۆمەڵ یەکە.
هەر ئەمجۆرە کەسانەن، کە جارێ نازانن راگەیاندن چییە و کار و ئەرکی راگەیاندن چییە، سۆشیال میدیا چییە و کار و ئەرکی سۆشیال میدیا چییە، ڕۆژانە غەدر لە رۆژنامەنووس دەکەن و هەزار و یەک تۆمەتیان دەخەنەپاڵ، بێئەوەی بزانن یان بیریلێبکەنەوە، لە کوردستان ڕاگەیاندن حزبییە، حزبیش بۆ هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن، کادرێکی حزبی خۆی لەوێندەر وەک بەڕێوەبەر، یان بەرپرس دادەنێ. حزب دەزگای راگەیاندن دادەنێت، چونکە مەبەستیەتی وەک چۆن خۆی دەیەوێ، پەیامی بە خەڵک بگات.
چۆن دەکرێ، کادرێکی حزب، کادرێکی خراپ بێت، بە هەمان شێوەش دەکرێت، رۆژنامەنووس کادرێکی خراپ بێت. لەڕاستیدا لە زمانی رووسی و سویدی ناگوترێ: فلانە کەس رۆژنامەنووسێکی باشە، یان ڕۆژنامەنووسێکی خراپە، چونکە لای ئەوان هەموو ڕۆژنامەنووس باشن، ئەگەر باش نەبن، لە کاری خۆیان خەبیر نەبن، قەت کاری ڕۆژنامەنووسییان لە دەزگایەکی ڕاگەیاندن پێنادرێت، بەڵام لە زمانی کوردی ڕۆژانە ئەوەش دەبیستی، کە فڵانە کەس ڕۆژنامەنووسێکی باشە، یان ڕۆژنامەنووسێکی خراپە. بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیەش (باشە)، نامەنتقی دێتە بەرچاو.
زۆر لەو کەسانەی ڕەخنە لە رۆژنامەنووسی کورد دەگرن، وەڵامی هەموو تەلەفۆنێکی رۆژنامەنووس دەدەنەوە، بەتایبەتیش ئەگەر ئەو ڕۆژنامەنووسە لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی کار بکات. ئەوان لەلایەک هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر کۆمەڵ هاتوون، خەتاکەی دەخەنە ئەستۆی ڕۆژنامەنووس، لەلایەکی دیکە، بێمەرج و بە ڕاکردن بۆ بەرنامەکانیان دەڕۆن.
دەبی ئەو یادە، ئەو جەژنەی ڕۆژنامەنووسان (٢١ی نیسان) سوودی لێوەربگیرێت، بۆ ئەوەی زیاتر هێڕشی ناڕەوایان نەکرێتە سەر و بوختانیان بۆ هەڵنەبەسترێ و وەک هەر پیشەیەکی پێویستی ناو کۆمەڵگەی کوردەواری سەیر بکرێن. ناکرێ ڕۆژنامەنووس بە کارێک تاوانبار بکرێت، کە دوور و نزیک پەیوەندی بەو نییە.
لە کۆمەڵگەی پێگەیشتوو، خەڵکی خوێندەوار و وریا، قەت کار و خراپەی کەسێک، ناخاتە ئەستۆی کەسێكی دیکە. تێبینییان لەسەر حکومەت هەبی، باس لە خراپی حکومەت دەکەن، تێبینییان لەسەر سیستێـمی تەندروستی هەبی، ڕەخنە لەوان دەگرن، ڕەخنەیان لە خوێندنی باڵا هەبی، ڕوو لە خوێندنی باڵا دەکەن، نەک وەک لای خۆمان، هەموو خەتایەک، بخەنە ئەستۆی ڕۆژنامەنووس و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی، لەکاتێکدا، ئەوان خۆیان وەک بینەر، خوێنەر، لە ماڵەوە دانیشتوون و بە بوخچە، هەواڵ و زانیاری پێویستییان لە ڕێگای شاشەوە بە ئامادەکراویی پێدەگات. ئەگەر هەواڵێکی ناخۆش هەبی، خەتای رۆژنامەنووس نییە، چونکە ئەو کێشە، یان قەیرانەکەی دروست نەکردووە. ئەو پیشانی دەدات و باسی دەکات، چونکە لەو بڕوایەدایە، زانینی بۆ کۆمەڵ پێویستە.
هەقە لەمەودوا، هەر کەسێک ڕەخنەی بێبنەمای لە رۆژنامەنووس گرت، خۆی بۆ ڕۆژنامەنووس لە کەمین دانا، پاش خوێندنەوەی ئەم گوتارەم، بەخۆی دابچێتەوە، ناشنووسم "شەرم لەخۆی بکات".