فه‌رهاد شاكه‌لی
نووسەر
ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی: ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌کی چلساڵه
ئامانجی ئه‌م نووسینه ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌که
ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه:
ئامانجی ئه‌م نووسینه ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌که که نزیکه‌ی پەنجا ساڵه له‌ناو نووسه‌ران و خوێنه‌رانی کورد و له بازنه فه‌رهه‌نگییه‌کاندا دووباره و چه‌ندباره ده‌کرێته‌وه. له‌م ماوه دوورودرێژه‌دا هه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌باره‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردییه‌وه شتێکیان نووسیبێت ئه‌م هه‌ڵه‌یه به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕیوه و وه‌ک ڕاستییه‌ک وه‌ریانگرتووه و کردوویانه‌ته بناخه‌یه‌ک بۆ داڕشتنی مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی، که به‌شێکی یه‌کجار گرنگ و سه‌ره‌کیی مێژووی فه‌رهه‌نگی کورد و مێژووی سیاسیی کوردستانه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی پێوه‌ستییه‌کی زۆر بته‌و و ڕاسته‌وخۆی به مێژووی سیاسی و هۆشیاریی نه‌ته‌وایه‌تیی کورده‌وه هه‌یه، به‌هه‌ڵه‌داچوون له‌م بواره‌دا زیان ته‌نیا به مێژووی فه‌رهه‌نگی کورد ناگه‌یێنێت، به‌ڵکه ده‌بێته هۆی چه‌واشه‌بوون له لێکدانه‌وه‌ی ڕووداوه سیاسییه‌کانیشدا.
مه‌به‌ستێکی دیکه‌ی ئه‌م نووسینه، که ده‌بێته ئامانجێکی ناڕاسته‌وخۆ، به‌ڵام یه‌کجار گرنگی بابه‌ت و ئه‌نجامگرییه‌که‌ی، سووربوونه له‌سه‌ر گرنگی و پێویستیی به‌کارهێنانی شێوازی زانستی له توێژینه‌وه‌دا. ئه‌م جه‌ختکردنه ته‌نیا به‌و ئامانجه نییه که لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی کورد هان بدرێ به ته‌واوی خۆی ببه‌ستێته‌وه به بنه‌ماکانی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی و شێوازی توێژینه‌وه‌وه، چونکه ئه‌مه خۆی سه‌ره‌تایه‌کی زۆر ڕوون و پێویستی هه‌موو کارێکی زانستی و ئه‌کادێمییه. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک به‌پێی بنه‌مایه‌کی زانستی ئه‌نجام نه‌درابێ ناتوانێت به‌رگه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وەیەکی جددی بگرێت و به‌رانبه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کی زانستی، زوو یا دره‌نگ، شکست ده‌هێنێت. هه‌ر ئهنجامگرییهکیش به‌رهه‌می لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی نازانستی بێت، هیچ ڕاستییه‌ک ناخاته سه‌ر گه‌نجینه‌ی زانیاری و فه‌رهه‌نگ.
بنه‌مایه‌کی گرنگی کاری زانستی، له‌پاڵ شیوازی توێژینه‌وه‌دا، ئه‌وه‌یه که نابێ هه‌موو ده‌رئه‌نجامه‌کانی توێژینه‌وه و به‌رهه‌مه‌کانی عه‌قڵ وه‌ک ڕاستیی ڕه‌ها وه‌ربگرین، به‌ڵکه ده‌بێ به بیرێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه، به عه‌قڵێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه، بابه‌ت و ئهنجامگرییهکان و تێکسته‌کان بخوێنینه‌وه. به‌بێ لێوردبوونه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه زۆر به‌ئاسانی خۆیشمان و فهرههنگهکهیشمان ده‌خه‌ینه داوی دۆگمایه‌کی سه‌خته‌وه که هه‌م مانه‌وه‌ی زیانمان پێ ده‌گه‌یێنێت و هه‌م تێکشکاندنیشی تووشی ڕه‌نج و ئازارێکی زۆرمان ده‌کات. ناکرێ بنه‌مای بیری ڕه‌خنه‌گرانه له‌به‌ر هۆی هه‌سته‌کی یا ئیدیۆلۆگی، یا شانازیی نه‌ته‌وه‌یی، له بوار و شێوازی کاری زانستی دوور بخرێته‌وه، چونکه به‌مه یه‌کێ له ڕێگه گرنگه‌کانی گه‌یشتن به ڕاستی کوێر ده‌که‌ینه‌وه. ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه له‌پاڵ ئه‌وه‌دا که ڕاستییه‌کی مێژوویی ساغ ده‌کاته‌وه، به‌و هیوایه‌یش نووسراوه که بنه‌ماکانی شێوازی زانستیی لێکۆڵینه‌وه و هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه جه‌خت بکات.
ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی وه‌ک بابه‌تێکی مێژوویی
ڕۆژنامه‌ی کوردستان که یه‌که‌مین ژماره‌ی له به‌هاری ساڵی 1898دا له قاهیره چاپ کراوه، به یه‌که‌مین ڕۆژنامه له مێژووی کوردستان و زمانی کوردی‌دا داده‌نرێت. هه‌تا ئه‌مڕۆیش هیچ زانیارییه‌کی تازه نه‌هاتۆته ئاراوه که ڕاستیی ئه‌و ڕووداوه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه یا هه‌واڵێکی تازه‌تری له‌و ڕووه‌وه پێشکه‌ش کردبێت. وا پێ ده‌چێت ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له‌گه‌ڵ مێژووی کورد و کوردستان خه‌ریک بوونه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بایه‌خێکی باشیان به‌وه داوه که په‌یدابوونی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی وه‌ک ڕووداوێکی سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تی تۆمار بکه‌ن. ئه‌گه‌رچی له به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و سه‌رچاوانه‌دا که له‌باره‌ی مێژووی کوردستانه‌وه نووسراون باسی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌که کراوه، به‌ڵام له ماوه‌ی زیاتر له پێنج ده‌یه‌ی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌که‌دا یان هه‌ر ساڵی کۆچی و ڕوومیی ده‌رچوونه‌که‌یان تۆمار کردووه، یا به‌پێی زانیاریی خۆیان ئه‌و ساڵه‌یان به‌رانبه‌ر ساڵی زایینی ڕاگرتووه، ئه‌گه‌رچی له‌مه‌یشدا هه‌ڵه ڕووی داوه. من لێره‌دا به پێویستی نازانم هه‌موو سه‌رچاوه‌کان به سه‌ر بکه‌مه‌وه و پێشانی بده‌م یه‌ک به یه‌ک چی‌یان له‌و باره‌یه‌وه وتووه و نووسیوه، به‌ڵکه ته‌نیا دوو سێ نموونه‌ی گرنگ ده‌خه‌مه به‌رچاو.
دۆکتۆر بله‌چ شێرگوهـ له کتێبی (دۆزی کورد، ڕابوردووی کورد و ئێستایان)دا ده‌ڵێ: ساڵی 1315ی کۆچی بڕیاری ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردی درا... میر مه‌دحه‌ت به‌درخان یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی کوردیی به ناوی کوردستان ده‌رکرد(شێرگوهـ 1931: 50؛ شێرگوهـ 1986: 62؛ شێرگۆ 1990: 49).[1]
محه‌مه‌دئه‌مین زه‌کی(1880-1948) له به‌رگی یه‌که‌می (خولاسه‌یه‌کی ته‌ئریخی کورد و کوردستان)دا ده‌ڵێ: وه‌کو ئه‌یزانین ئه‌ووه‌ڵ غه‌زه‌ته‌ی کوردی له‌ژێر عینوانی کوردستاندا، له ئیستانبووڵ و له ساڵی 1315ی هیجریدا له ته‌ره‌ف میدحه‌ت به‌گی نه‌ته‌وه‌ی به‌درخان به‌گ نه‌شر کراوه(زه‌کی1931: 315؛ زکی بک 1936: 351).[2] وه‌رگێڕی عه‌ره‌بیی کتێبه‌که، محه‌مه‌د عه‌لی عه‌ونی، له‌گه‌ڵ ساڵه کۆچییهکهدا ساڵی 1897ی زایینیشی نووسیوه. دۆکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د وای بۆ چووه که ئه‌و ساڵه زایینییه زه‌کی به‌گ خۆی نووسیویه‌تی، نه‌ک وه‌رگێڕی کتێبه‌که. وا پێ ده‌چێ له‌و کاته‌دا دۆکتۆر ئه‌حمه‌د چاپی کوردیی کتێبه‌که‌ی له به‌رده‌ستدا نه‌بووبێت.
عه‌لائوددین سه‌ججادی له چاپی یه‌که‌می (مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی)دا ساڵی 1897 و له چاپی دووه‌مدا، ساڵی 1898ی به ساڵی ده‌رچوونی یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی کوردی داناوه (سه‌ججادی1952: 551؛ سه‌ججادی1971؛ 609-610). سه‌ججادییش هه‌ر پێی وا بووه ڕۆژنامه‌ی کوردستان له ئیستانبووڵ ده‌رچووه، ئه‌گه‌رچی له په‌راوێزی لاپه‌ڕه‌که‌دا، چاپی دووه‌م، کتێبی (ده‌ستنووسه کوردییه‌کان)ی دۆکتۆر که‌مال فوئادی وه‌ک سه‌رچاوه باس کردووه و 22-4-1898ی وه‌ک ڕۆژ و قاهیره‌ی وه‌ک جێگه‌ی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌که تۆمار کردووه.
دانانی ساڵی 1897 به‌رانبه‌ر ساڵی کۆچیی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی کوردستان هه‌ڵه‌یه‌کی سه‌یر نییه و ده‌کرێ ڕوو بدات. ئه‌وه‌ی کاری لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیی له بواری ڕۆژهه‌ڵاتناسیدا کردبێت ده‌زانێت که زۆربه‌ی جار ساڵێکی کۆچی به‌رانبه‌ر دوو ساڵی زایینی ده‌وه‌ستێت، چونکه له ماوه‌یه‌کی دوورودرێژدا سه‌ره‌تای ساڵه زایینییه‌کان ده‌که‌ونه ناو ساڵه کۆچییهکهوه. ساڵی کۆچی به‌پێی سووڕانه‌وه‌ی مانگ(Lunar) ده‌ژمێردرێ و ساڵی زایینیش به‌پێی ڕۆژ، یا سووڕانه‌وه‌ی تۆپی زه‌وی به ده‌وری هه‌تاودا(Solar). جیاوازیی ئه‌م دوو سیستێمه ده‌گاته یانزده ڕۆژ. ئه‌گه‌ر ڕۆژ و مانگی ساڵی کۆچی بزانرێت، ئه‌وا ده‌کرێ به‌ئاسانی به‌رانبه‌ره‌که‌ی له ساڵنامه‌ی زایینی‌دا دیاری بکرێت. له‌م بواره‌دا چه‌ند زانایه‌کی ئه‌وروپایی خشته‌ی به‌راوردکردنیان داناوه و ده‌توانین ساڵ و ڕۆژ و مانگه‌کانی ته‌قویمی کۆچی، زایینی، ئێرانی و ڕوومی له‌گه‌ڵ یه‌کدی به‌راورد بکه‌ین. ئێستا که ته‌کنیکی کۆمپیوته‌ر ئه‌وه‌نده پێش که‌وتووه، ئه‌م به‌راوردکردنه به یه‌ک چرکه ئه‌نجام ده‌درێت، چونکه کۆمه‌ڵێ پرۆگرامی ڕێکوپێک بۆ ئه‌م گۆڕینه داهێنراوه. دواتر، هه‌ر له‌م وتاره‌دا، ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته.
وا پێ ده‌چێت دۆکتۆر مارف خه‌زنه‌دار یه‌که‌مین لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی کورد بێت که له نووسێنێکدا ڕۆژی 22ی نیسانی ساڵی 1898ی به ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی دانابێت و یه‌که‌مین که‌سیش بێت به به‌ڵگه ئه‌وه‌ی سه‌لماندبێت که خۆی چاوی به ڕۆژنامه‌که که‌وتووه و وێنه‌یشی له‌گه‌ڵ نووسینه‌که‌یدا چاپ کردووه. دۆکتۆر خه‌زنه‌دار ئه‌م زانیارییانه‌ی له وتارێکدا، له ڕۆژنامه‌ی (برایی- التآخي)دا، ڕۆژی 22ی نیسانی 1968 بڵاو کردووه‌ته‌وه(خزندار1968؛ خزنه‌دار1973: 10). هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ڕۆژه‌یش بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی وتاره‌که هه‌ڵبژاردنێکی هۆشیارانه‌یه له لایه‌ن دۆکتۆر خه‌زنه‌داره‌وه بۆ دیاریکردنی حه‌فتایه‌مین ساڵڕۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی کوردی.
له هاوینی هه‌ر ئه‌و ساڵه‌دا دۆکتۆر که‌مال فوئاد به‌شێکی زۆری ژماره‌کانی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی له کتێبخانه‌یه‌کی ئه‌ڵمانیا ده‌ست ده‌که‌وێت و وێنه‌یان ده‌گرێت و ساڵێ دواتر له گۆڤاری (ڕووناکی)دا وتارێکی له‌سه‌ر ده‌نووسێت(فوئاد1969؛ فوئاد1972: پێشه‌کی؛ فوئاد2000: 4؛ فوئاد2006: 3). دۆکتۆر فوئادیش، وه‌ک دۆکتۆر خه‌زنه‌دار، ڕۆژی 22ی نیسانی 1898 به ڕۆژی ده‌رچوونی یه‌که‌م ژماره‌ی کوردستان داده‌نێت.[3]
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو نووسینه و هه‌تا ئه‌مڕۆیش، ئیتر وه‌ک نه‌ریتێکی لێ هاتووه که هه‌ر که‌سێک باسی ڕۆژنامه‌ی کوردستان بکات، وای داده‌نێ که یه‌که‌مین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌که ڕۆژی 22ی نیسانی 1898 ده‌رچووه و هه‌ر له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و زانیارییه‌یش 22ی نیسان کراوه به ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌که نزیکه‌ی چل ساڵه ڕووناکبیر و لێکۆڵه‌ره‌وه و ڕۆژنامه‌نووس و مێژوونووسی کورد (و هه‌ندێ جاریش ناکورد) دووباره‌ی ده‌که‌نه‌وه. که ده‌ڵێم چل ساڵ مه‌به‌ستم ڕۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی وتاره‌کان نییه، به‌ڵکه چه‌ند مانگێک و بگره چه‌ند ساڵێکیش پێشتره، چونکه نووسه‌ره‌کان پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی وتاره‌کانیان، به مانگان و ڕه‌نگه به ساڵانیش کاریان له‌سه‌ر کردووه و خۆیان بۆ ئاماده کردووه و بیر و زانیارییه‌کانیان لا گه‌ڵاڵه بووه.
ئه‌وی ڕاستی بێت ناکرێ ئێمه هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌یان دووباره کردووه‌ته‌وه به یه‌ک شێوه و به یه‌ک پله به به‌رپرسیار دابنێین. ده‌بێ ئه‌وه‌یش بگوترێت که هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردیان نووسیوه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌یان جه‌خت نه‌کردووه، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌یشه‌وه نه‌یانتوانیوه ڕاستیی باسه‌که یه‌کاڵا بکه‌نه‌وه. که‌سێک نه‌گه‌یشتبێته ئه‌نجامی ڕاست، له‌گه‌ڵ که‌سێک که هه‌ڵه‌ی کردووه جیاوازن و ناکرێ بهرپرسیارییهکهیان وه‌ک یه‌ک ته‌ماشا بکرێت. پێم وایه ئه‌م که‌سانه دوو جۆری جیاوازن و ده‌کرێ به‌م شێوه‌یه دابه‌شیان بکه‌ین:
- زانا کورده‌کان، یا ئه‌و کوردانه‌ی که له بوارێکی زانستی و ئه‌کادێمیدا کار ده‌که‌ن. ئه‌مانه ده‌بوو زۆر به وردی و زۆر ڕه‌خنه‌گرانه ئه‌م زانیارییه‌یان وه‌ربگرتایه و هه‌ر نه‌بێ خۆیان هه‌وڵێکیان بدایه، بۆ دڵنیابوون له ڕاستی و ناڕاستیی ئه‌و ڕۆژه‌ی وه‌ک ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی دیاری کراوه. ساغکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه بۆ که‌سێک خه‌ریکی کاری زانستی بێت، کارێکی نه‌کراو نییه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه به‌شێکی زۆری ئه‌مانه له زانستگه‌کانی ئه‌وروپا خوێندوویانه و کاریان کردووه.
- کوردناسان و ڕۆژهه‌ڵاتناسانی ئه‌وروپایی و ڕۆژاوایی. هێنده‌ی من ئاگادار بم زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان خۆیان له‌وه بواردووه به دوای ڕۆژ و مانگی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی کوردستاندا بگه‌ڕێن و به‌وه‌نده خۆیان په‌ڕاندووه‌ته‌وه که نووسیویانه ڕۆژنامه‌ی کوردستان له ساڵی 1898دا یه‌که‌م ژماره‌ی لێ ده‌رچووه(Kreyenbroek1992: 72; Blau1996: 22; The Encyclopaedia of Islam, Vol. 5, kurds, Kurdistan )، یان بێجگه له ساڵه‌که مانگی چواره‌م، واته نیسان (ئه‌پریل)یشیان باس کردووه(McDowall1996: 90). ئه‌مانه هه‌ڵه‌یان نه‌کردووه، به‌ڵام هه‌وڵی وردبوونهوهیشیان نه‌داوه. ڕه‌نگه پاساویان ئه‌وه بێت که بابه‌ته‌کانیان به‌تایبه‌ت بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ری ته‌رخان نه‌کردووه، به‌ڵکه له چوارچێوه‌ی باسێکی گشتیدا له‌سه‌ر مێژووی سیاسی یا کۆمه‌ڵایه‌تیی کوردستان، ناوی ڕۆژنامه‌ی کوردستانیشیان هێناوه.
- ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رنج ڕاده‌کێشێت هه‌ڵوێستی هه‌ندێ زانای کورده که چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێ ده‌کرا زۆر وردتر و ڕه‌خنه‌گرانه‌تر بۆ باسه‌که بچوونایه، یا هه‌ڵوێستی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که ساڵانێکی دوورودرێژی ژیانی خۆیان بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی ته‌رخان کردووه، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه ئه‌و هه‌ڵه‌یه ڕاست بکه‌نه‌وه.
هه‌ڵه‌یه‌کی زانستی
له ڕوواڵه‌تدا ئه‌وه گرنگ نییه دانانی 22ی نیسان به ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی به هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوویی یا هه‌ڵه‌یه‌کی زانستی دابنێین. ئه‌نجامه‌که ئه‌وه‌یه که ئێمه له ماوه‌ی 39 ساڵی رابوردوودا هه‌موو جه‌ژن و سه‌ربه‌رزی و یادکردنه‌وه‌کانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردیمان خستووه‌ته ڕۆژێک که ئه‌و ڕۆژه نییه ژماره‌ی یه‌که‌می ڕۆژنامه‌ی کوردستانی تێدا ده‌رچووه. هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوویی ئه‌وه ده‌بوو ئه‌گه‌ر، با بڵێین، میقداد میدحه‌ت به‌درخان ڕۆژنامه‌که‌ی له ئیستانبووڵ بڵاو بکردایه‌ته‌وه نه‌ک له قاهیره، یا له‌باتیی ساڵی 1898 ، ساڵی 1905 ده‌ستی پێ بکردایه. ئه‌مه‌ی ئێستا هه‌یه و له به‌رچاوه هه‌ڵه‌یه‌کی زانستییه، به هۆی ڕه‌چاونه‌کردنی بنه‌ماکانی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستییه‌وه ڕووی داوه. ئه‌گه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه لێکۆڵه‌ره‌وه‌کان که‌مێک خۆیان ماندوو بکردایه و زیاتر ورد ببوونایه‌ته‌وه، له‌وانه بوو خۆ له‌و هه‌ڵه‌یه ببوێرن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌یش که دواتر له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی‌یان نووسیوه و کاریان کردووه، به شێوه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه کاری نووسه‌رانی پێش خۆیانیان بخوێندایه‌ته‌وه ڕه‌نگه هه‌ر زوو، 25 یا 30 ساڵ پێش ئێستا، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌یان ڕاست بکردایه‌ته‌وه و ئه‌وده‌م ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا ته‌شه‌نه‌ی نه‌ده‌کرد.
من نازانم پێش ئه‌وه‌ی دۆکتۆر خه‌زنه‌دار وێنه‌ی ژماره‌ی یه‌که‌می ڕۆژنامه‌ی کوردستان بڵاو بکاته‌وه، چه‌ند که‌س ڕۆژنامه‌که‌یان به چاوی خۆیان بینیوه و ده‌ستیان پێ گه‌یشتووه. به‌ڵام ئێستا ئه‌وه ده‌زانین که له به‌هاری ساڵی 1968 به‌دواوه و تا ئه‌مڕۆ ده‌یان جار وێنه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری ژماره‌کانی ڕۆژنامه‌ی کوردستان بڵاو کراوه‌ته‌وه. ڕه‌نگه کاره‌کانی دۆکتۆر که‌مال فوئاد له‌و بواره‌دا له کاره هه‌ره ڕێکوپێکه‌کان بن، ئه‌گه‌رچی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستیی شایانی تێکۆشانه‌که‌ی خۆی له‌گه‌ڵدا پێشکه‌ش نه‌کردوون(فوئاد1972، 1998، 2006).
بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ده‌رچووونی ڕۆژنامه‌که دیاره سه‌رچاوه‌ی هه‌ره گرنگ و بنه‌ڕه‌تی لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می ژماره‌ی یه‌که‌می ڕۆژنامه‌که خۆیه‌تی. له به‌شی سه‌ره‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می ئه‌و ژماره‌یه‌دا کۆمه‌ڵێ زانیاریی جیاوازمان به‌رچاو ده‌که‌ون له‌سه‌ر ناوی ڕۆژنامه‌که، ژماره‌ی، لاپه‌ڕه‌ی، خاوه‌نه‌که‌ی، تیراژی، ئامانجی، نرخه‌که‌ی، ناونیشانی و ڕۆژی ده‌رچوونی، که ئه‌مه‌ی دوایی، بۆ ئێمه و له‌م نووسینه‌دا، له هه‌موو زانیارییه‌کانی دیکه گرنگتره. له‌باره‌ی ته‌ئریخ یا ڕۆژی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌که‌وه ئاوه‌ها نووسراوه: (روژا پنجشمی ده 30 ذوالقعده سنه 1315 پنجشنبه في 9 نیسان1314). ئه‌م نووسینه به ڕێنووسی ئه‌مڕۆی کوردی وای لێ دێت: (ڕۆژا پێنجشهمێده، 30 زولقه‌عده سه‌نه‌ی 1315، پهنجشهنبه، فی 9 نیسان 1314). ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ وه‌ریگێڕینه سه‌ر کوردیی ناوه‌ندی ده‌بێته: (له ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی 30ی زولقه‌عده‌ی ساڵی 1315دا، پێنجشه‌ممه له 9ی نیسانی ساڵی 1314دا).[4]
ئه‌م زانیارییه له سێ به‌ش پێک هاتووه: یه‌که‌م: ڕۆژی پێنجشه‌ممه، که دوو جار به کار هێنراوه، دووه‌م: 30ی زولقه‌عده‌ی ساڵی 1315ی کۆچی (هیجری) و سێیه‌م: 9ی نیسانی ساڵی 1314ی ڕوومی. ئێمه ئه‌وه‌یش ده‌زانین که له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ئیمپراتۆریای عوسمانی‌دا دوو ته‌قویم، دوو ساڵنامه به کار هێنراون: ته‌قویمی کۆچی- هیجری، که به‌پێی سووڕانه‌وه‌ی مانگ(Lunar) ژمێردراوه و ته‌قویمی ڕوومی یا مالی که به‌پێی سووڕانه‌وه زه‌وی به ده‌وری ڕۆژدا(Solar) ژمێردراوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ساڵی کۆچی له 354 ڕۆژ پێک دێت، ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی جه‌ژن و بۆنه پیرۆزه‌کان جێگه‌یان له چوارچیوه‌ی وه‌رزی ساڵدا ده‌گۆڕێت و هه‌ر ساڵێ ده ڕۆژ بۆ دواوه ده‌ڕوات. عوسمانییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی بۆنه ڕه‌سمییه‌کان بچه‌سپێنن و بتوانن له‌گه‌ڵ ساڵنامه‌ی شه‌مسیدا بیگونجێنن، ئه‌م ته‌قویمی ڕوومییهیان داهێنا و وا پێ ده‌چێت یه‌که‌م ڕۆژی، یه‌که‌م ساڵی به‌کارهێنانی ته‌قویمی ڕوومی یا مالی که‌وتبێته 11ی مارتی 1676، به‌رانبه‌ر به 25ی زولحیججهی ساڵی 1086ی کۆچی.
ده‌بێ ئه‌و سێ به‌شه‌ی زانیاریی ڕۆژی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی کوردستان به‌پێی گرنگی و گرانییان بۆ ئه‌م بابه‌ته، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ڕیز بکه‌ین:
- پێنجشه‌ممه: چونکه به‌کارهێنانی ڕۆژانی حه‌فته به‌پێی سیسته‌مێکی زۆر ڕێکوپیک، له سه‌رده‌می بابیلی و سۆمه‌رییه‌کانه‌وه و تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌یش به‌بێ هه‌ڵه به کار هاتووه و هه‌رگیز پێویستی به گۆڕین و ڕیکخستنه‌وه نه‌بووه.
- ڕۆژه‌که به‌پێی ته‌قویمی ڕوومی، که 9ی نیسانی ساڵی 1314یه: چونکه له‌م تهقویمهدا سیسته‌می شه‌مسی به کار براوه و بواری هه‌ڵه‌کردن که‌متره، ئه‌گه‌رچی عوسمانییه‌کان وا پێ ده‌چێت جارێک یا دوو جار هه‌ڵه‌یان کردبێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵه‌کردنه ناکه‌وێته ساڵی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی کوردستان.
- 3. ڕۆژه‌که به‌پێی ته‌قویمی کۆچیی قه‌مه‌ری، که 30ی زولقه‌عده‌ی ساڵی 1315یه: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دیاریکردنی ڕۆژ له‌م تهقویمهدا پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به بینینی مانگه‌وه هه‌یه، زۆر جار خه‌ڵک ده‌که‌ونه هه‌ڵه‌وه و هه‌میشه کێشه‌یه‌ک له به‌راوردکردنی تهئریخهکاندا دروست ده‌بێت.
بۆ به‌راوردکردن و دیاریکردنی ڕۆژێک به‌پێی ئه‌و سێ ته‌قویمه، زایینی و کۆچی و ڕوومی، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگ له به‌رده‌ستدان که زانایانی ئه‌وروپایی دایانناون و به‌پێی خشته‌ی ڕێکوپێک ده‌توانرێ ڕۆژه‌کانی ئه‌و سێ ته‌قویمه له‌گه‌ڵ یه‌کدی به‌راورد بکرێن. له‌م بواره‌دا من دوو سه‌رچاوه‌م به کار هێناوه که هه‌ردوویان کاری زانستین و جێگای باوه‌ڕی هه‌موو که‌سێکه خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی بێت له بواری ڕۆژهه‌ڵاتناسی یا کوردناسیدا. سه‌رچاوه‌کان ئه‌مانه‌ن:
- Wustenfeld-Mahler’sche: Vergleichungs-Tabellen, Deutsche Morgenländische Gesellschaft, Wiesbaden 1961.
- G. S. P. Freeman-Grenville: The Islamic and Christian Calenders, Garnet Publishing, Lebanon 1995.
ئه‌م کتێبه، خۆشبه‌ختانه، له‌لایه‌ن دۆکتۆر نه‌جاتی عه‌بدوڵڵاوه کراوه به کوردی و بنکه‌ی ژین ساڵی 2004 له سلێمانی بڵاوی کردووه‌ته‌وه.
بێجگه له‌م دوو سه‌رچاوه گرنگه ته‌قویمێکی سوێدیم له به‌رده‌ستدایه که خشته‌یه‌کی تێدایه بۆ دیاریکردنی دووسه‌د ساڵی 1867 تا 2066ی زایینی. به‌پێی خشته‌کانی ئه‌م ته‌قویمه ده‌توانین بزانین هه‌ر ڕۆژێک له ماوه‌ی ئه‌م دووسه‌د ساڵه‌دا ده‌که‌وێته کامه ڕۆژی حه‌فته‌وه. له‌وانه‌یش بترازێ پرۆگرامێکی کۆمپیوته‌ر به کار ده‌هێنم، ناوی (ته‌قویم)هو بۆ به‌راوردکردنی ساڵنامه‌کانی کۆچی، زایینی، ئێرانی و ڕوومی ڕێک خراوه. ئه‌م پرۆگرامه له کۆمپیوته‌ره‌کانی سیسته‌می (ماکینتۆش)دا کار ده‌کات. هه‌روه‌ها سوود له ماڵپه‌ڕێک وه‌رده‌گرم ناوی (Tekvim) ـه و به تورکییه و به‌شێکه له ماڵپه‌ڕی کۆڕی مێژووی تورک.
به‌پێی دوو سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م، سه‌ره‌تای ساڵی 1315ی کۆچی (واته یه‌کی موحه‌ڕڕه‌م) ده‌که‌وێته ڕۆژی چوارشه‌ممه، دووی مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1897. یه‌که‌مین ڕۆژی مانگی زولحیججهی ساڵی 1315ی کۆچی ده‌که‌وێته ڕۆژی شه‌ممه، 23ی نیسانی 1898. که‌واته یه‌ک ڕۆژ پێش ئه‌وه، دوایین ڕۆژی مانگی زولقه‌عده‌یه، واته 30ی زولقه‌عده‌ی ساڵی 1315ی کۆچی، که ڕۆژی جومعه‌یه و به‌رانبه‌ر 22ی نیسانی ساڵی 1898ی زایینییه. به‌پیی هه‌موو تهقویمهکانی دیکه‌یش ڕۆژی 22ی نیسان(ئه‌پریل)ی ساڵی 1898ی زایینی ڕۆژی جومعه (هه‌ینی)یه. هه‌روه‌ها به‌پێی هه‌موو سه‌رچاوه‌کان ڕۆژی 30ی زولقه‌عده‌ی ساڵی 1315ی کۆچی، ده‌که‌وێته به‌رانبه‌ر ڕۆژی 10ی نیسانی ساڵی 1314ی ڕوومی (مالی) و 22ی نیسانی 1898ی زایینی و ڕۆژه‌که‌یش هه‌ینی(جومعه)یه.
دوای ئه‌و به‌راوردکردنه ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه که له‌و سێ به‌شه‌ی ته‌ئریخی یه‌که‌م ژماره‌ی ڕۆژنامه‌که، دوویان به ته‌واوی یه‌ک ده‌گرن و ڕاستن: ڕۆژه‌که پێنجشه‌ممه‌یه و 9ی نیسانی ساڵی 1314ی ڕوومییه. ئه‌وه‌ی که هه‌ڵه‌یه ڕۆژه‌که‌یه به‌پێی ته‌قویمی کۆچی- هیجری، که ده‌بوو 29ی مانگی زولقه‌عده‌ی ساڵی 1315 بێت، نه‌ک 30ی زولقه‌عده. ئه‌م ههلهکردنهیش زۆر ئاسایی و باوه، چونکه دیاریکردنی ڕۆژ به‌پێی ته‌قویمی کۆچی پێوه‌ستی بینینی مانگی یه‌کشه‌وه‌یه، که ئاسان نییه. له هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوه و ته‌قویم و ماڵپهڕانهیشدا به‌ئاشکرا ده‌بینین که: (ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی 9ی نیسانی ساڵی 1314ی ڕوومی) ده‌کاته (ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی 21ی نیسانی ساڵی 1898ی زایینی) و ده‌کاته (ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی 29ی زولقه‌عده‌ی ساڵی 1315ی کۆچی).
لێره‌دا ئێمه دوو هه‌ڵه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌ون: هه‌ڵه‌ی یه‌که‌م هه‌ڵه‌ی خوالێخۆشبوو میقداد میدحه‌ت به‌درخانه که ده‌بوو له‌باتیی 30ی زولقه‌عده، بینووسیایه 29ی زولقه‌عده. هه‌ڵه‌ی دووه‌میش هه‌ڵه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌یه که تا ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی‌یان نووسیوه و ده‌بوو بزانن له‌و سێ به‌شه‌ی زانیارییه‌که‌ی ژماره‌ی یه‌که‌می ڕۆژنامه‌ی کوردستان، دوویان گرنگترن؛ ڕۆژی حه‌فته‌که که پێنجشه‌ممه‌یه و ڕۆژه‌که به‌پێی ته‌قویمی ڕوومی که 9ی نیسانی 1314یه و ڕۆژی ڕاست و گونجاویش له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو به‌شه‌دا 21ی نیسانی ساڵی 1898ی زایینییه.
دوای ئه‌م به‌راوردکردنه ئێستا ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه که یه‌که‌مین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان ڕۆژی پێنجشه‌ممه، 21ی نیسانی ساڵی 1898ی زایینی له قاهیره بڵاو کراوه‌ته‌وه. هه‌ر زانیارییه‌کی دیکه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م ئهنجامگرییهدا نه‌گونجێت ناڕاسته و ده‌بێ ڕاست بکرێته‌وه.
پرسیارێکی، تا ئێستا، بێوه‌رام
له‌ناو ئه‌و ده‌یان مێژوونووس و لێکۆڵه‌ره‌وه و نووسه‌رانه‌ی له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی کاریان کردووه، دۆکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د له هه‌موویان زیاتر ڕه‌خنه‌گرانه له‌و بابه‌ته کۆڵیوه‌ته‌وه و زیاتریش له ڕاستی نزیک که‌وتووه‌ته‌وه، که‌چی له دوایین چرکه‌دا خۆی خستووه‌ته هه‌ڵه‌یه‌که‌وه که تا ئێستایش بۆ من ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه بۆچی ئه‌و زانا گه‌وره‌یه تووشی بووه و چی بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌ی که ته‌نیا یه‌ک هه‌نگاو لێیه‌وه دوور بووه، نه‌بینێت؟
دۆکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د (به یارمه‌تیی خشته‌کانی ئۆربێللی) له‌وه گه‌یشتووه که 30ی زولقه‌عده‌ی 1315ی کۆچی ڕۆژی هه‌ینییه و ده‌کاته 22ی نیسانی 1898، که‌چی له‌باتیی ئه‌وه‌ی دوو به‌شی گومانلێنه‌کراوی تهئریخهکه بکاته بنه‌مای لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی، واته پێنجشه‌ممه و 9ی نیسانی ساڵی 1314ی ڕوومی، په‌نا ده‌باته به‌ر 22ی نیسانی 1898ی زایینی، که به‌شی نادیاری تهئریخهکهیه و پێویستی به ساغکردنه‌وه‌یه. له‌وه‌یش سه‌یرتر، دوای ئه‌و هه‌موو جه‌ختکردن و ڕاستییه ئاشکرا و به‌رچاوه، له‌پڕ ده‌نووسێت: دوای لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ورد ساغ بۆوه که 22ی نیسانی ساڵی 1898 ده‌قاوده‌ق ڕۆژی پێنج شه‌ممه ده‌گرێته‌وه(دۆکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د1978: 58–59). به‌م ڕسته‌یه، دۆکتۆر ئه‌حمه‌د هه‌موو ئهنجامگرییه ڕاسته‌کانی خۆی و ئه‌و هه‌موو باوه‌ڕه‌یش به ئۆربێللی و به خشته‌کانی ئۆربێللی هه‌یه‌تی، هه‌ر هه‌مووی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و ده‌گاته ئه‌نجامێک که هه‌ڵه‌کانی پێش خۆیشی جه‌خت ده‌کات. تا ئێستایش من له‌وه نه‌گه‌یشتووم دۆکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر پشتی به کامه سه‌رچاوه‌ی زانستی به‌ستووه که لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی وردی کردووه و چۆن بۆی ساغ بووه‌وه؟ مامۆستا له هه‌موو کاره‌کانیدا به به‌ڵگه‌ی زانستی قسه ده‌کات و زۆری به لاوه گرنگه سه‌رچاوه‌ی کاره‌کانی به شێوازێکی زانستی تۆمار بکات و ڕێکیان بخات، که‌چی بۆ ئه‌م ساغکردنه‌وه‌یه ناوی هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک نادات و خوێنه‌ری جیددی به‌بێ وه‌رام به جێ ده‌هێڵێت.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی من ده‌بێته هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ی تا ئێستا له‌سه‌ر ڕۆژی ده‌رچوونی یه‌که‌مین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان نووسراوه و بڵاو کراوه‌ته‌وه، ده‌مه‌وێ لێره‌دا ئه‌وه جه‌خت بکه‌م که من ڕێزم بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه هه‌یه که له‌و بواره‌دا کاریان کردووه و توێژینه‌وه‌یان ئه‌نجام داوه، ئه‌م کاره‌ی من هه‌رگیز به‌و مه‌به‌سته نه‌نووسراوه که له نرخ و پایه‌ی به‌رهه‌م و ڕه‌نجی ئه‌و به‌ڕێزانه که‌م بکه‌مه‌وه، به‌ڵکه به‌رده‌وامییه‌کی کار و به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌وانه. ئێمه که باوه‌ڕمان به زانست و به کاری زانستی هه‌بێت، ده‌بێ ئه‌وه بزانین که ئامانجی هه‌ره گرنگ ده‌رخستن و چه‌سپاندنی ڕاستییه. ئه‌م کاره‌ی منیش ههنگاوێکی بچکۆله‌یه له‌و بواره‌دا.
ئه‌نجامگری
یه‌که‌مین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان 122 ساڵ پێش ئێستا له قاهیره بڵاو کراوه‌ته‌وه. حه‌فتا ساڵ پاشتر به کۆششی چه‌ند لێکۆڵه‌ره‌وه‌یه‌کی کورد ژماره‌کانی ڕۆژنامه‌که دۆزرانه‌وه و چاپ کران و ئه‌م کاره بوو به سه‌ره‌تایه‌ک بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی و نووسینه‌وه‌ی مێژووه‌که‌ی. له ساڵی 1968ه‌وه و تا ئه‌مڕۆ، هه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی‌یان نووسیوه وایان زانیوه یه‌که‌مین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌که ڕۆژی 22ی نیسانی ساڵی 1898ی زایینی بڵاو کراوه‌ته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یش ڕۆژی 22ی نیسان(ئه‌پریل) کراوه به ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی و هه‌موو ساڵێک له‌و ڕۆژه‌دا یادی ڕۆژنامه‌ی کوردستان ده‌کرێته‌وه.
له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا من هه‌وڵم داوه ئه‌و هه‌ڵه‌یه ڕاست بکه‌مه‌وه و ئه‌وه بچه‌سپێنم که یه‌که‌مین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی 29ی زولقه‌عده‌ی ساڵی 1315ی کۆچی، 9ی نیسانی ساڵی 1314ی ڕوومی و 21ی نیسانی ساڵی 1898ی زایینی ده‌رچووه. ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که تا ئێستا له‌و بواره‌دا له ئارادا بوو له‌گه‌ڵ بنه‌ماکانی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیدا ناکۆک و نه‌گونجاوه.
ئه‌گه‌ر تا ئێستا ڕۆژی 22ی نیسان به ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی دانراوه، ده‌بێ له ئه‌مڕۆ به‌دواوه ڕۆژی 21ی نیسان ببێته ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی. ئه‌م جیاوازییه ئه‌گه‌رچی یه‌ک ڕۆژه، به‌ڵام هه‌م له کار و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیدا و هه‌م له مێژووی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی مرۆڤایه‌تیدا بایه‌خی خۆی هه‌یه و ده‌بێ ڕاستی ئامانجی یه‌که‌م بێت.
سه‌رچاوه
کوردی
ئه‌حمه‌د، که‌مال مه‌زهه‌ر (د.): تێگه‌یشتنی ڕاستی و شوێنی له ڕۆژنامه‌نووسیی کوردی‌دا، کۆڕی زانیاریی کورد، به‌غداد 1978.
زه‌کی، محه‌مه‌دئه‌مین: خولاسه‌یه‌کی ته‌ئریخی کورد و کوردستان، جلدی یه‌که‌م، به‌غدا 1931.
زکی، محمدامین: خلاصة تاریخ الکرد وکردستان، من اقدم العصور التاریخیة حتی الان، الجز‌ء الاول، ترجمة محمد علي عوني، الطبعة ا