سیاسی
جه‌عفه‌ر  پیرو ئه‌حمه‌د
جه‌عفه‌ر پیرو ئه‌حمه‌د

نووسەر

ئایین لە نێوان بەرداشی راستگۆی نەزان و زانای ناڕاستگۆ

هەر ئاینێک دوو چین لە شوێنکەوتەکانی دەست بخەنە ناو کاروباریەوە

ئایین لە نێوان بەرداشی راستگۆی نەزان و زانای ناڕاستگۆ
ئایین لە نێوان بەرداشی راستگۆی نەزان و زانای ناڕاستگۆ

هەر ئایینێک دوو چین لە شوێنکەوتەکانی دەست بخەنە ناو کاروباریەوە، گەورەترین گورزی بەر دەکەوێت، یەکەمیان کەسێکی نەزان هەرچەند دڵسۆز و راستگۆش بێت، دووەمیان کەسێکی ناڕاستگۆ و فێڵباز، تەنانەت ئەگەر زانا و شارەزا  و شەرع زانیش بێت، ئەویان بە نەزانی ئەمیشیان بە ناڕاستگۆیی بە جۆرێک ئایین پیشان دەدەن وەک جلی بەرەواژ (اللباس المقلوب).

پۆشاک هەرچەند جوان و سەرنج ڕاکێش بێت، وەلێ ئەگەر بە هەڵگێڕدراوی لەبەر بکرێت، دیمەنێکی زۆر ناشیرن بە خاوەنەکەی دەبەخشێت، بە داخەوە ئەم تێزەی کە ئاماژەمان پێیدا بووەتە سروشت و ناونیشانی بەشێک لە گروپ و تەوژمە ئایینیەکان.

 لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی ئایینی و ئەخلاقی، سەرنج دەخەمە سەر بەشێک لەم رەوتانەی کە بە شێوەیه‌کی مەترسیدار گیرۆدەی ئەم دەردەن، نەزانی لە لایەک، ناڕاستگۆی و نادڵسۆزی لە لایەکی ترەوە، رواڵەتێکی دواکەوتوانەی زۆر ترسناکی لەسەر ئاین و شوێنکەوتەکانی داناوە، بەتایبەت ئەو رەوت و تەوژمانەی ناکۆکی نێوانیان  لە رووی هزری، عەقائیدی و فقهی لە لوتکە دایە، زۆرترین توانا خەرج دەکەن، لە پێناو فراوانکردنی هەژموونی بانگخوازی، ئایدیۆلۆژی و رۆشنبیری تایبەتیان، هەڵسوکەوت و رەفتارەکانیان بەرامبەر بە یەکتر ئەرکەکانی برایەتی ئایینی، ئادابەکانی گفتۆگۆ، لۆژیکی یەکترقەبوڵکردن، جیاوازی بیر و بۆچوونیان خستووه‌تە لاوە، بە شێوازی جیاجیا لە هەوڵی پەلاماردان و شکاندن و بێ بەهاکردنی یەکترن، چ لە سەر ئاستی رێبەر و پێشەواکانیان یاخود لەسەر ئاستی لایەنگر و شوێنەکەوتووەکانیان، دیاردەیەکی لەم شێوەیە جێگەی داخ و نیگەرانییە، هەروەک جێگەی گومانی زۆرە.

نەزانی و ناهۆشیاری بەشێکی زۆر لە لایەنگر و شوێنکەوتوانی ئەم رەوتە بەڕێزانە بووه‌تە سیمایه‌کی گشتی، لە کاتی قسەکردن لە سەر یەک، یاخود قسەکردنیان لە سەر هەندێک بابەتی ئایینی، عقائیدی، فقهی، هزری و کۆمەڵایەتی...هتد، زۆرترین هەڵەی زانستی، لۆژیکی و ئەخلاقی لە هەمبەر یەکتر ئەنجامدەدەن، پڕکردنی لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە نووسین و وتار و تێچێنی هەڕەمەکی و بێ کەڵک شاهیدی ئەم ڕاستیەن.

هەروەک ناڕاستگۆی و فێڵبازی بەشێک لە پێشەوا و زانا و رابەرانی ئەم رەوتانە دیمەن و رواڵەتێکی (مظهر) تری ئەم دیاردەیەن، کە کارەکتەری سەرەکی ناو ململانێیەکانن، رۆڵیان پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی شوێنکەوتووانە، لە هەندێک کاتیشدا بەکاریان دێنن، جێگەی داخە ئەم رەوت و گروپانە کە خاوەنی کەسی زانا و دڵسۆزن، لە بنەڕەتدا هەڵگری پەیامی ئایینی و کۆمەڵایەتی جوانن، بەشێکیان خاوەنی ڕەگ و ریشەی  مێژویین، بەڵام لە ئێستادا ئەوانەی نوێنەراتیان دەکەن هەڵگری هەمان رێچکە و پەیام نین، کاتێک سەرنجی سەرچاوە فکری و فەلسەفیەکانییان دەدەین، دەبینین بە شێوازێکی زۆر مەترسیدار دووچاری لادانی فکری و فەلسەفی تەنانەت ئەخلاقیش هاتوون، لەبەر ئەوە پێویستیان بە چاکسازی ریشەییە لە بوارەکانی ئەخلاقی، زانستی، پەروەردەیی و رۆشنبیری.

پەیوەست بە لایەنگر و شوێنکەوتووانی ئەم ڕەوت و گروپانە هەروەها ئاستی زانستی، ئەخلاقی و ڕۆشنبیرییان،  لە دۆخی ئێستادا، لەگەڵ ئەوەی بڕوام وایە دڵسۆز و ڕاستگۆن لەگەڵ ئایینەکەیان، بەڵام بەداخەوە لەهەمان کاتدا تێبینی دەکرێت زۆربەیان نەزان و نەخوێندەوارن، لە بارەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بابەتە شەرعیەکانەوە بێ ئاگان، کوێرانە دەست بۆ هەموو بابەتێک دەبەن، لەبارەی هەموو شتێکەوە فەتواو و ڕوونکردنەوەیان هەیە، لێرەدا بە - ڕاستگۆی نەزان – ناوم بردوون، دڵسۆزییان بوەتە پاڵنەرێکی مەعنوی بەهێز تاوەکو بێ گەڕانەوە بۆ سەر سەرچاوە زانستیەکان و بەڵگە ڕاستەکان، سەرسەختانە و کوێرانە بەرگری لە هەر بیر و بۆچوونێک بکەن کە لە مەڕجەعەکانیانەوە دەردەچێت، هەروەها بە نەفەسی دوژمنکارانە بەگژ نەیارە فکریەکانیاندا دەچنەوە، بە ئەرکێکی ئاینیشی دەزانن، گوایە بەرگریکردن لە حەق و ڕاستی ئەرکێکی ئایینیە، بەم لۆژیکە سەقەتە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئەم جۆرە کەسانە خاوەنی کەسایەتی و سایکۆلۆژیەتێکی سادەن بە ئاسانترین شێوە یاری بە هەست و هۆشیارییان دەکرێت، بە خێرایی دەکەونە ژێر کاریگەی گوتارە عاتیفیەکانەوە، دەبنە کەرەستەی بەکارهێنان لە ململانێکان، هەروەک بەکاردەهێنرێن بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئایینی، کۆمەڵایەتی وسیاسی تایبەتی، بەشێک لە ڕابەرانی ئەم ڕەوتانە سادەیی و لاوازی ئاستی زانستی بەشێکی خەڵک وەک دەرفەت دەقۆزنەوە، بە جۆرێک  لە ڕێگەی گوتاری ئایینی و عاتیفی شوێنکەوتەکانیان جۆش دەدەن.

تایبەت بە ڕۆڵی ڕابەرەکان لەم ململانێیانەدا، لەگەڵ ڕێزمان بۆ ئەوانەی مایەی خێرن و ڕۆڵی باشیان هەیە، بەڵام زۆرێکیان بەپێچەوانەوە دەستی باڵایان لە ناکۆکیەکان و گەرمکردنی ململانێیەکاندا هەیە، لێرەدا بە - زانای ناڕاستگۆ - ناوم بردوون، بە زانا ناوم هێناون، چونکە لە پێگەی زانایاندان، ئەگەر زاناش نەبن، لە ئێستادا بەشێکی زۆریان لە پێگەی زانستی، ئایینی، کۆمەڵایەتی وپەروەردەییدان، وەک وتاربێژ، بانگخواز، مامۆستای زانکۆ، کەسایەتی کۆمەڵایەتی، لە ڕاستیدا هەڵسوکەوتی بەشێکی زۆریان جێگەی گومانی گەورەن، ئاماژەن بە هەبوونی دیوی دووەم و ئامانجی نادیار، ئەوەی دەبینرێت کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆیان نییە، بەڵکو لە ژێر ئەم ڕۆالەت و بەرگ و پەردە ئەخلاقییەی پۆشیویانە کەسایەتیێکی زۆر جیاواز لە ڕووی هزر و ئەخلاقییەوە خۆی حەشارداوە، هەڵسوکەوت و ژیانی تایبەتی و پەیوەندیەکانیان ئەوەنیە کە بانگەشەی بۆ دەکەن، شوێنکەوتوەکانیان پێی هەڵدەخەڵەتێنن، زۆریان خاوەنی پەیوەندی و بەرژەوەندی سیاسین، بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە ئەمەیە بەشێک لەم گروپانە، لە ڕواڵەتدا دوژمنکاری سەختیان لەگەڵ یەکتردا هەیە، کەچی دەبینین یەک باوەشی سیاسی بە یەکەوە لە ئامێزی گرتوون، جیا لەو شەڕە ساختەیەی کە وەک سیناریۆ لەگەڵ سیاسەت دەیکەن، شاراوەنیە جگە لە هەندێک بابەتی زۆر لاوەکی نەبێت، گوتاری ئایینییان لە ڕووی جەوهەر و ستراتیژەوە خزمەت بە دەسەڵاتی سیاسی دەکات، لە کاتێکدا زۆرینەی شوێنکەوتوەکانیان لەم ڕاستیانە بێ ئاگان.

لە لایێکی ترەوە ئەم نەزانی و ناڕاستگۆییەی باسمانکرد لەم زمان و گوتارە ئایین و کۆمەڵایەتیەی نێوانیان  ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە ئەگەر لە ڕووی زانستیەوە سەرنج بدەین دەبینین لە چوارچێوە و میتودە زانستیەکان جێگەییان نابێتەوە، بەو پێیەی تاکە ڕێگەی زانستی بۆ هەر گفتوگۆیەک بریتیە  لە ڕێزگرتنی بەرامبەر، پابەند بوون بە ئادابەکانی گفتوگۆ، گفتوگۆی ئامانجدار، گرتنەبەری میتۆدی زانستی، ڕەخنەی بونیادنەر، بەڵگەی باوەڕپێکراو...هتد، بەدەر لەم ڕێچکەیە هیچ گفتوگۆیەک بەهای زانستی نابێت، ئەگەر گفتۆگۆی بەشێک لەم برایانەمان بخەینە بەر رەخنە و بەم  پێودانگەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین، دەتوانین بڵێین ئەوەی لە نێوانیان دەگوزەرێ جگە لە چەلەحانێ هیچی تر نیە، ئەمە لە ڕووی زانستییەوە.

 سەبارەت بەڕەچاوکردنی ڕەهەندی کۆمەڵایەتی لە گفتوگۆی نێوانیان، تێبینی دەکرێت ئەم جۆرە گوتارە زیان بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەگەیێنێت، بەو پێیەی پرەنسیپ و بەها کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە بەرمەترسی گەورە، چونکە ئاستی گوتارەکان هێندە لاواز ونابەرپرسانەیە بە هیچ شێوەیێک لەگەڵ داب و نەریت و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا ناگونجێت، لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین بونی گوتارێکی لەم شێوەیە لە ڕووی ستراتیجیەوە دەبێتە هۆی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، کاریگەرییە نەرێنیەکانی لە دوورمەودا دەردەکەوێت، وەک دەرەنجامی نەمانی متمانە و لاوازبونی برایەتی ئیمانی نێوان خەڵک.

 سەبارەت بە ڕەهەندی ئەخلاقیشەوە شتێکی نکۆڵی لێنەکراوە ئەم ڕێچکەیەی کە بەشێک لەم برایانە پەیڕەوی دەکەن لەهەمبەر یەکتریدا کەمترین بەها و ڕەوشتی ئیسلامی تیادا بەدی ناکرێت، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم شێوازە لە روبەڕووبونەوە دابەزینە بۆ نزمترین ئاستی ئەدەب و ئیتیک. جوێندان، غەیبەتکردن، تۆمەت هەڵبەستن، یەکتر ریسواکردن بە خراپترین و ناشیرنترین شێواز، لە بەر قێزەونی  دەربڕینەکانیان و نزمی ئاستیان لە ڕووی زانستی و ئەخلاقی، مرۆڤ ناتوانێت تەنانەت وەک نمونەش بیانخاتەڕوو، بەکارهێنانی دەستەواژەکانی(گومڕا، مشرک، کافر، بیدعەچی، مرتد) لە هەرلایێەکەوە جاڕی ئیفلاسی زانستی و ئەخلاقیە.

لە کۆتاییدا جێگەی خۆیەتی بڵێین پێویستیمان بە گوتارێک نییە کە دووربێت لە میتۆدی زانستی، دژبێت لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتییەکان، بەتاڵبێت لە ئیتیک و ئەدەب، چونکە لە ڕاستیدا ئەم جۆرە گوتارە ئایینیەی باسمان لێوە کرد، جگە لە ڕق و قین هیچ بەرهەمێکی تری نابێت، هەروەک هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە ئەرکی هەموو ئەو زانا و ڕۆشنبیرانەیە، کە بەشێک نین لەم دیاردە ناشیرینەی نێوان ئەم گروپانە.