مەسعود لاوە
نووسەر
بەڵێ ڕاستە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی 21ی نیسانه، بەڵام!!..
"خوالێخۆشبوو میقداد مەدحەت بەدرخان-یش هەڵەی نەکردووە"
نووسەر و لێکۆڵەری کورد مامۆستا فەرهاد شاکەلی لە ڕۆژی 20ى نيسانى رابردوو بابەتێکی لە وێبسایتی «کوردستان 24» ورووژاندووە، کە پێویستە لەسەر نووسەر و لێکۆڵەر و مێژوونووسان بە هەندی وەربگرن و لێکۆڵینەوەی ڕژدی لە بارەوە بکەن.
دیارە مامۆستا فەرهاد لەسەر واڵى خۆی لە Facebook نووسیبووی، کەوا پێشتر ئەم بۆچوونەی لە ژمارە 413ی رۆژنامەی (ئاسۆ) لە رۆژی 22/4/2007 بڵاوکردۆتەوە. دواتریش وەک پاژێک لەم سەرچاوەیەدا بڵاو کراوەتەوە: (فەرهاد شاکەلی (2010): کە بازنە و لاکێشەکان هەڵدەوەشێنەوە؛ ئاخاوتەی سیاسی و فەرهەنگیی کورد، دوێنێ و ئەمڕۆ، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، کوردستان، ل. 84-96).
شاکەلی دەڵێ: "ئێمە 50 ساڵە (هەر چەندە له تايتلى نووسینەکە و درێژەی قسەکانیدا جارێک 40 ساڵ و جارێکیش 39 ساڵی بەکارهێناوە.. بەڵام دياره هۆیەکەی ئەوە بووه کەوا مامۆستا فەرهاد - هەروەک لە سەرەوه باسمان كرد - پێشتر ئەم وتارەی له 2007 نووسيوه و له بيرى كردووه ژمارەکان هەموار بکاتەوە لە نووسینە نوێیەکەیدا..!) هەڵەیەک دووبارە دەکەینەوە کە رۆژی 22ی نیسان بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دادەنێین و يادى دەکەینەوە.. کەچی رۆژی 21 نیسان 1898 یەکەم ژمارەی (کوردستان) دەرچووە.. بۆیە دەبێت ئێمە ئەم هەڵەیە چاک بکەینەوە و چیتر لەسەری نەڕۆین و دەبێ 21ی نیسان ئەم یادە بکەینەوە".
شایانی ئاماژەپێکردنە، کە لە لاپەڕەی یەکەمی ژمارەی (کوردستان) تەنها ڕۆژی پێنچشەممە و (30 ذو القعدة 1315) به ساڵنامەی کۆچی و (9 نیسان 1314) به ساڵنامەی رۆمی دانراوه.
شاکەلی دوای لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ، کە شایستەی سوپاس و پێزانین و ئاماژەپێکردنە، لە ئەنجامی چەند بەراوردکارییەك لە نێوان ساڵنامەی کۆچی و زایینی و رۆمی، له ڕێی چەند سەرچاوە و ساڵنامە و پرۆگرامێکی تایبەت، گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی، کە 21ی نیسان دەکەوێتە ئەو ڕۆژە و خوالێخۆشبوو ميقداد مەدحەت بەدرخان، خاوەنی ڕۆژنامەی کوردستان، هەڵەی کردووە له نووسینی (30 ذو القعدة 1315) بۆ ڕۆژه کۆچییەکە و دەبوایە 29ی ذو القعدةی نووسیبوایە.
دوای گەڕان، پرسیار و لێووردبوونەوە، منیش گەیشتمە هەمان ئەنجام، بەڵام له ڕێیەکی دیكە و بێ ئەوەی میقداد مەدحەت بەدرخان تۆمەتبار بکەین بەوەی کەوا هەڵەی كردووه له نووسينى زانيارى لە سەر ژمارە (یەکی) ڕۆژنامەی (كوردستان)، چونکە به ڕای من لە ئەلف و بێی بنهماکانی لێکۆڵینهوهی زانستی، ئەمە قەبووڵ ناکرێ بێین زانیارییەکی بەردەست و زانراو، كه ڕۆژه کۆچییەکەيه (30 ذو القعدة 1315)، بگۆڕین و به هەڵەی لە قەڵەم بدەین بۆ گەیشتن بە زانیارییەک کە مەبەستمانە و بەدوای دادەگەڕێین، ئەويش ڕۆژەکەيه به ساڵنامەی زایینی.
ئاشکرا و ڕوونە، کە ساڵنامەی کۆچی ژمارەی رۆژەکانی جێگیر نین وەک ساڵنامەی زایینی. ساڵنامەی زایینی هەموو ساڵێک مانگەکانی وەکو خۆی دووبارە دەبێتەوە و ژمارەی رۆژەکانیشی جێگیر و نەگۆڕن، دەبێ سەبارەت مانگی کۆچی ئەوەیش بڵێین، کە سەرەتای مانگی کۆچی لە ھەر وڵاتێکدا لەلایەن لێژنەیەکەوە دیاری دەکرێت و هەموو کەسێک پەیوەست دەبن پێی و لەسەری دەڕۆن و پەیڕەوی دەکەن، بۆیە ئاسان نییە بڵێین لە وڵاتی میسر هەموو خەڵک ڕۆژێکیان لە ساڵنامەی کۆچی بەکارهێناوە و تەنیا ميقداد مەدحەت بەدرخان هەڵەی کردووە و رۆژێکی دیكەی بەکارهێناوە و ئەو ھەڵەیشی لەسەر رۆژنامەکەی داناوە، کە بێگومان کارێکی لەم چەشنەیش، مەبەستمان کاری دەرکردنی ڕۆژنامەیە، کارێکە ئەوپەڕیی دیققەت و وردبینی دەوێت.
بۆ پتر دڵنیابوون، سەرەتا هانام برد بۆ چەند ماڵپەڕێک لە ئینتەرنێت، کە ساڵنامەی کۆچی ئیسلامی دەگۆڕن بۆ ساڵنامەی زایینی و بە پێچەوانەوەیش. له کۆی 13 ماڵپەڕ، پێنج-یان ڕۆژی 30 ذو القعدة 1315 کۆچیی دەگۆڕن بۆ هەینی 22 نیسان 1898 زایینی و حەوت-یان ڕۆژەکە دەگۆڕن بۆ پێنچشەممە 21 نیسان 1898.. یەک ماڵپەڕیش 30 ذو القعدةى 1315ی قەبووڵ نەکرد و ڕۆژی 29ی بە کۆتایی مانگی ذو القعدة دیارکرد و ئەویشی گۆڕی بۆ چوارشەممە 20 نیسان. دياره لەبەرئەوەی لەلاپەڕەی یەکەمی ژمارە (1) یەکی ڕۆژنامەی کوردستان نووسراوە: پێنچشەممە، کەواتە 21ى نیسانەکە شانسی زیاترە ڕاست بێت.
بەڵام بۆ ئەوەی دڵ ئاو بخواتەوە و وەڵامێکی بێگومانترمان وەدەست بکەوێت، پێویستە ئێمە ئەو ڕۆژە لە سەر ڕۆژنامەیەکی دیكە بدۆزینەوە، کە هاوزەمەن بێت لەگەڵ ڕۆژنامەی (کوردستان) و بەو مەرجەیش، کە ساڵنامەی کۆچی و زایینی لەسەر لەپەڕەکانی نووسیبێت، هەروەها ئەو رۆژنامەیەی بۆ بەراوردکاری بەدوایدا دەگەڕێین، دەبێت لە هەمان وڵاتدا بێت کە ڕۆژنامەی (کوردستان)ی لێ دەرچووە، کە ئەویش قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسرە، چونکە هەروەك دەزانین له ساڵنامەی کۆچی مەرج نییە لە هەموو وڵاتێکدا هەمان ئێوارە مانگ ببینرێت بۆ دیاریکردنی ڕۆژی یەکەمی مانگی کۆچی.
دوای گەڕان و لێوردبوونەوە بەدوای ئەو گۆڤار و رۆژنامانەی، کە لە هەمان زەمەندا دەردەچوون له وڵاتى ميسر، توانیم دوو گۆڤاری گرنگی ئەو سەردەمە بدۆزمەوە، کە یەکێکیان گۆڤاری (الهلال)ـە، كه دوو هەفتەی جارێك لەلایەن جورجى زێدان-ـەوە دەردەچوو و بۆ ماوەی 115 ساڵ بەردەوام بوو (1892 ـ 2007)، لەسەر بەرگی ژمارە دووى مانگی نیسانی 1898 دا نووسراوە (الجزء السادس عشر – السنة السادسة) (15 أبریل (نيسان) سنة 1898 – 24 ذي القعدة سنة 1315 – 8 برموده سنة 1614)، ئەمەی دوايى به ساڵنامەی قيبتى ميسريه. دیارە بەزیادکردنی 6 رۆژ بۆ هاوکێشەی دوو ساڵنامەی کۆچی و زايينى بۆمان دەردەکەوێت، کە 21 نیسان 1898 دەکەوێتە رۆژی 30 ذو القعدة 1315. دووەمیشیان گۆڤاری (المقتطف)ە، کە گۆڤارێکی مانگانە بووە و لەلایەن یەعقووب سەرروف-ـەوە دەردەچوو و بۆ ماوەی 76 ساڵ بەردەوام بووە (1876 – 1952)، لەسەر بەرگی ژمارەی مانگی نیسانی 1898 نووسراوە (الجزء الرابع – السنة الثانية والعشرين) (1 أبریل (نيسان) سنة 1898 – الموافق 10 ذي القعدة سنة 1315).. دیسانەوە دیارە بەزیادکردنی 20 رۆژ بۆ هەردوو ساڵنامەی كوچی و زايينى هەمان ئەنجام وەدەست دێنین.
لەگەڵ ئەو ڕاستیەیشدا، دیسان دەکرێ مامۆستا فەرهاد شاکەلی، یا هەر بەڕێزێکی تر، بڵێ: بەڵام ئەم مانگی ذو القعدةیە لەوانەیە تەنها 29 ڕۆژ بوو بێت. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە و تا بتوانین ئەم گومانەش بڕەوێنینەوە، دەبێت بەدوای ڕۆژنامەیەکی میسری بگەڕێین، کە رۆژانە دەرچوو بێت.
ھەر بۆ پتر لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم پرسە، کە بە بڕوای من پرسێکی میدیایی و لە ھەمان دەمدا پرسێکی مێژووییشە، ئاماژە بە ڕۆژنامەی بەنێوبانگی (الأھرام) دەکەین، بەڵگەنەویستە کە ڕۆژنامەی (الأهرام) لە رۆژی 5ی ئابی ساڵی 1875 لە قاهیرە دامەزراوە، واتە 23 ساڵ بەر لە دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) و تا ئیمرۆیش ڕۆژانە هەر بەردەوامە، بۆیە ئەگەر ئەو ژمارەیەی (الأهرام) بدۆزینەوە، کە لە رۆژی 30 ذو القعدة 1315 دەرچووە، ئەوا دەتوانین سەیری لاپەڕە یەکی ئەم ژمارەیە بکەین و ببینین، کە ئایا ئەوان ڕۆژی (21)، یان (22) ی نیسانیان داناوە، ئەو کاتە ھەموو شت ڕوون و زەڵاڵ دەبێت و گرێیەکەیش دەبێتەوه..!
من لە ڕێگەی چەند هاوڕێ و هاوکارێکم هەوڵمدا بگەمە کەسێک، کە لە ڕۆژنامەی (الأهرام) کار بکات و ئەم ژمارەیەم بۆ بدۆزێتەوە، ئەوە بوو دوای پتر لە یەک ھەفتە چاوەڕوانی، بەهۆی ڕەوشی کۆڕۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ، وەڵامم بەدەست گەیشت، کەوا ژمارەی ڕۆژی 22ی نيسان 1898 بەرامبەری 1ی ذو الحجة 1315 کۆچی نووسراوه و ژمارەی 21ی نيسانیش 30 ذو القعدةى 1315 ی بۆ دانراوه، کەواتە لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی، کە 21ی نیسانی 1898 یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) دەرچووە و خوالێخۆشبوو میقداد مەدحەت بەدرخان-یش هەڵەی نەکردووە، کە بۆ ڕۆژە کۆچییەکە نووسیویەتی 30 ذو القعدة 1315.
لە کۆتاییدا دەمەوێت دەنگم بخەمە پاڵ دەنگی مامۆستا فەرهاد شاکەلی بۆ ئەوەی چیتر ئەم هەڵە ڕۆیشتووە بەردەوامە دووبارە نەکرێتەوە و ئیتر با لەمەودوا ساڵانە لە بری ڕۆژی 22ی نیسان، ڕۆژی 21ی نیسان یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی بکرێتەوە.
* سکرتێری نووسین لە رۆژنامەی "الشرق الأوسط" ی لەندەنی