سیاسی
د. هێمن محەممەد ئیسماعیل
د. هێمن محەممەد ئیسماعیل

نووسەر

دیسان کورد و سەرژمێری

دیسان کورد و سەرژمێری
دیسان کورد و سەرژمێری

ئەگەر باس لە گرنگیی سەرژمێری بكەین لەرووی زانستییەوە بە چەندین نووسین و گوتار تەواو نابێت، بەڵام ئەوەی پێویستە بزانرێ ئەوەیە سەرژمێری گرنگە بۆ پەرەپێدانی وڵات لە هەموو ڕوویەکەوە، بۆیە زانینی لایەنی دیمۆگرافی و تایبەتمەندییەکانی دانیشووانی هەر وڵاتێک لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی،سیاسی و تەندروستی ...تد دەبێت لە سەرژمێری دا بەدەست بێت، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێشکەش بکات بە شێوەکی بەرنامە داڕێژراو، بەڵام ئەگەر سەرژمێری وەکو ئامرازێکی سیاسی بەکارهات، ئەوا بایەخ و گرنگییەی خۆی لە دەست دەدات.

نزیکەی ١٥ ساڵە حکوومەتی عێراق سەرژمێریی دواخست بەبیانووی جۆراوجۆر، بڕیار بوو لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەنجام بدرێ، بەڵام ئەنجام نەکرا و دواخرا بۆ ٢٠١٠ کەچی لەو ساڵەشدا هەر نەکرا، تادوا جار بڕیاری دا لە ٢٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ئەنجامی بدات. بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستەیە ئەوەیە ئایا ئەو سەرژمێرییە لە جێگای سەرژمێری مادەی ١٤٠ـە یان جیاوازە؟ چونکە هەریەکەوە بۆ مەبەستێک ئەنجام دەدرێ.

 ئەوەی بەڕاستی رەنگدەداتەوە لەو سەرژمێریانەی کراون، هەر لە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی عێراق تاوەکو ئەمڕۆ، ئەوا بە شێوەیەک کراوە کە چەندین ئامانجی سیاسی و ڕەگەزپەرستی لە پشتەوە بووە. بۆ نموونە لەو سەرژمێریەی بڕیار وایە ئەنجام بدرێ لە مانگی نۆفمبەر  ٢٠٢٤خانەی نەتەوەیان لێ سڕیوەتەوە لە کاتێکدا لە فۆرمی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ ئەو خانەی تێدا بوو. ئەمەش لە کاتێکدا پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی ئەنجامدانی سەرژمێرییە بە شێوەکی زانستی کە پێوستە هەمو تایبەتمەندییەکانی دانیشتووان لەخۆ بگرێت، وەکو کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕۆشنبیری، تەندروستیی دانیشتووان....هتد. هەروەها بوونی خانەی مەزهەب یەکێکی دیکەیە لە کەموکووڕییەکانی فۆرمی سەرژمێری.

لە هەمو سەرژمێرییەکانی ساڵانی ١٩٥٧ تاوەکو ١٩٩٧ کە ڕژێمەکان لە عێراق ئەنجامیان داون خانەی مەزهەبی تیدا نەبووە، بەڵام خانەی نەتەوە و دینی تێدا بووە، وەکو ئەوەی وەزارەتی پلان دانان نیشانی دەدات ئەو سەرژمێرییە بۆ بابەتی پەرەپێدانە، ئایا بەبێ بوونی خانەی نەتەوە و مەزهەب چۆن پەرەپێدان دەکرێ؟ لەکاتێکدا تەنیا خانەی دین دانراوە، وەزارەت دەبێت ڕوونی بکاتەوە چۆن دیانەت خزمەت بە گەشپێدان دەکات بەڵام نەتەوە نایکات؟.

جگە لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ نەبێت کە هەندێک بە شێوەی زانستی ئەنجام دراوە، ئەوانی دیکە هەر هەمووی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورد بووە، وەکو دەبینین رێژەی کورد ٥١ % بۆ ٤٨% بۆ ٣٦% بۆ ٢٨% تاوەکو دواجار بۆ ١٢% دابەزیووە، وەک ئەوە وایە کورد خێزان دروست نەکات و وەچە نەخاتەوە.

لە وڵاتی مەزهەبگەرایی ئەو ژمارانە ڕەنگدانەوەی سیاسی زۆری دەبێت کە هەموو شتێکی لەسەر بونیات دەنری. بۆیە دەستڕۆیشتووی سیاسیی شیعیی لە عێراق دەیەوێت هەموو کات خۆی بەزۆرینە دابنێ و ژمارەی ئەوانی دیکە لە کەمبوونەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لە وڵاتێک کە هەموو شتێکی لەسەر تایفەگەرایی دابەش بووە لە ماددەی ٩ دەستووری عێراق دەڵێت"دەبێ هاوسەنگی هەبێت لە نێوان پێکهاتەکان" ئەمەش بە ئەنجامدانی سەرژمێری دەبێت هەموو لایەنەکانی دانیشتووان لە خۆبگرێت، بەتایبەت لە نەتەوە، دین و مەزهەب.

ئەوەی دەکرێ هەمووی بە سیاسەت کراوە پێچەوانەی لایەنی گەشەپێدانە و دژی کوردە . دەرکردنی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتی قڕکردنی کورد، یەکێکی دیکەیە لە سیاسەتی شۆڤینی کە قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ کراوە لە ساڵی ١٩٦١ تاوەکو هاتنی داعش و دەرپەڕاندنی کورد لە شوێن و زێدی خۆیان، بە تایبەت لە کەرکووک، مەندەلی، جەلەولا، شنگال، رۆژئاوای موسڵ و هەروەها لە قەراج و حەوێجە کە خاکی کوردە ئەوە زوڵمێکە کە هیچ دین و دیانەتێک قەبووڵی ناکات، سەرەڕای دەرکردنی کوردە فەیلەییەکان.

بەداخەوە بەرەی ناوخۆیی یەکنەگرتنمان وای کرد کورد لەو ناوچانە بێ کەس بێت و ماڵ و موڵکی بەجێ بێڵێت، سەرەڕای خاک داگیرکردن و کوشتن و، لەکاتێکدا دەبایە حکومەتی عێراقی فیدرال قەرەبووی ئەو خەڵکە بکاتەوە لە ناوچەنەدا و دۆخی ناوچەکە ئاسایی بکاتەوە و خەڵکەکە بگەڕێنێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئینجا سەرژمێری بکات، ئەوکات دەمانگوت ئەم سەرژمێرییە بۆ پەرەپێدانە و بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی عێراقە بەهەموو نەتەوە جیاوازەکان.