لە 20ـی ئۆكتۆبەر پێیان دەڵێین: ئەمڕۆ دوێنێ نییە و سبەینێش وەك ئەمڕۆ نابێت
20ی ئۆكتۆبەر لە دیرۆكی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان بە بەرزی دەمینێتەوە، چونكە حەوت ساڵ پێش ئێستا دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری سالی 2017 هەروەكو سەرۆك بارزانی لەكتێبی بۆ مێژوو باسی كردووە دەڵێیت لەرۆژی 17ی ئۆكتۆبەر باڵیۆزی ئەمەریكا لەبەغدا (دۆگڵاس سلێمان) پەیامێكی بۆ ئێمە ناردبوو بەو دەقە (( كە دنیا گۆڕاوە، ئیمڕۆ دوێنێ نیە، پیویستە بەخۆتاندا بچنەوە)) ئەمەش دوای داگیركردنی كەركووك و ناوچەكانی تر و ئاوارەبوونی هەزاران كەس و هێزەكانی چەندین تاوانیان ئەنجام دابوو و گەلەكۆمەیە بەردەوام بوو كە هەولێر و دهۆكیش بگرن، كەچی لە 20ی ئۆكتۆبەر هێزەكانی حەشدی شەعبی و عیراقی و حزب الله ی لوبنانی هێرشیان كرد، بەڵام بەرگری و خۆراگری پێشمەرگە توانیان گەورەترین داستان تۆماربكەن و دەبابەی ئەبرامزی ئەمەریكی تێكشێكندرا، بۆیە سەرۆك بارزانی پاش ئەم سەركەوتنە وەڵامی پەیامەكەی باڵیۆزی ئەمەریكای دوگلاس سلیمانی داوە كەدەڵێ بە جەنابی بالیۆز بڵێین ((ئەمڕۆ دوێنێ نییە و سبەنێیش وەك ئەمڕۆ نابێت)).
بۆ ئەم مەبەستە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەمجارە لە (20ی ئۆكتۆبەری 2024) بەڕێوەدەچێت ، ئەوەی جێگای سەرنج و هەڵوەستە كردنە ووڵاتێكی هەرێمی لەڕێگەی چەند لایەنێكی بەشداربووی هەلبژاردنەكان دەستێوەردان لەپرۆسەكە بكەن، هەر لەسەرەتاوە هەوڵییان داوە یاسای هەلبژاردن و تۆماری دەنگدەران و دابەشبوونی كورسیەكان بەدلی ئەوان بێت، بەڵام هەڵویستە نەگۆرەكانی بارزانی و پارتی نەیهێشت پیلانەكانیان سەربگرێت، ئەگەر سەیری شێوازی بانگەشەی لایەنەكان بكەین دەبینین هەرلایەنێك بەدروشمێك هاتۆتە ناو پرۆسەكە، ئەگەر شیكردنەوەیەكی ئەكادیمی و زانستی بۆ دروشمەكان بكەین شتی نامۆ و سەیر دەبینین دوور لەهەموو بەهایەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و دەوڵەتداری و كوردایەتی، بەجۆرێك هەموو لایەنەكان جگە لەپارتی دیموكراتی كوردستان نەبێت ئەوەش بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ناڕازی دەیان دروشمی تێكدان و رووخان و دروشمی تر نەشاز بۆتە بەرنامە و بانگەشەیان، بەڵام كاتێ شیكردنەوە بۆ ژمارەی كەسانی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆن لەشەقامی كوردستان دەكەین دەبینین ڕێژەیان لە (30%) تێپەرناكات، كەواتە گریمان (10) دەنگدەر هەبێت چوار نارازییە و زیاتر لە حەوت لایەنی سیاسی كێبركێ لەسەر بەدەستهینانی ئەو چوارە دەكەن كە ئەوەش دەنگدەری نارازی جارێكی تر دابەش دەكەن، لەملاوەشەوە تاكە هێزی سیاسی كە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە خاوەن پێگە و جەماوەر و بەحزبی نەتەوەیی و نیشتمانی و لەرابردوودا بەپارێزەری دەستكەوتەكانی هەریم و كوردستان ناسراوە و هەروەكو بارزانی نەمر دەفەرمووێت هەموو کوردێکی دڵسۆز پارتییە، ئەمەش وایكردووە مرۆڤی نەتەوەیی و نیشتمانی پێگەی خۆی لەم لیستە ببینێتەوە، بۆیە دەبینین بە دروشمی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی و خۆڕاگری بەرەو هەڵبژاردنی ٢٠-١٠ هەنگاو دەنێت بەرابەرایەتی سەرۆک بارزانی.
كەواتە جیاوازییەكی گەورە لەنێوان هەردوو جەمسەری ئاوەدانی و تێكدان دەبینرێت، بۆیە سروشتی هەموو مرۆڤێكی عاقل و ژیر وایە كە هەر بەیانیەك لەخەو هەڵسا بەهیوای ئایندەیەكی گەش و باشتر ڕۆژ دەكاتەوە نەك تێكدان و لەناوبردن و رووخاندن، كەواتە دەنگدەری ئێستای هەرێم هۆشیارە دەزانن تاكە هێزی سیاسی هەرێم پارتی یە پارێزەری قەوارەی هەرێم و شووناسی نەتەوەییمانە، هەر ئەویشە دوێنێ بەرگری و داكۆكی بەهێزی دیبلوماسی و چەكەوە بەرگری لەو خاكە كردووە ئەمرۆش هەنگاو دەنێت بەرەو ئارامی و ئاوەدانی و پێكەوە ژیانی نێوان هەموو نەتەوە و ئاینە جیاوازەكانەوە ئەوە مانای دەوڵەتداری و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژوویی یە.
بۆیە جارێكی تر دەنگدەرانی لیستی 190 ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەنە هێزی یەكەم و كوردستان رادەسپێرنە دەستێكی ئەمین و خۆراگر ، بۆیە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە دەنگ بەلیستی پێشمەرگە و شەهید و ئەنفال بدەین نەك ئەوانەی سووكایەتی بەچین و توێژ و پیرۆزییەكانی ئەم هەرێمە دەكەن، 20 ی ئۆكتۆبەر ئەو داستانە دووبارە دەكەینەوە كە لەپردێ پێشمەرگەكان تۆمارییان كرد ئینجا جەنابی سەرۆك بەو كەسانەی گووت كەپشتییان لەپیشمەرگە كرد “ئەمڕۆ دوێنێ نییە و سبەنێیش وەك ئەمڕۆ نابێت”. جارێكی تر ئەو سەركەوتنە دووبارە دەكەینەوە لەپێناو كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ.