بۆچی بە تایبەت دژی مەسرور بارزانیین؟

نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزنی جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزنی جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

لە دوای شەڕی ناوخۆ و یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی و دروستكردنی كابینەی هاوبەشی حكوومەت، هەرێمی كوردستان چووە قۆناغێكی نوێوە و دواتر پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، دەرگەی ئاوەدانی لە كوردستان كرایەوە. 

پاڵەوانی ئەم قۆناغە بریتییە لە نێچیرڤان بارزانی كە پێناسەی "ئەندازیاری ئاوەدانی" لێ نرا، چونكە توانی بە سیاسەتی سفر كێشە، دۆخی سیاسیی كوردستان هێور بكاتەوە و بە سوودوەرگرتن لە ستراتیجی ئابووریی هەموو ئەو وڵاتانەی لە قۆناغی هەڵسانەوەدان، بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی لە قۆناغی داوی شەڕن، توانی بە هێنانی وەبەرهێنەری جیهانی، ژێرخانی كوردستان بە خێراییەكی پێوانەیی لە وڵاتێكی داتەپیو بۆ وڵاتێكی گەشەسەندوو بگۆڕێت، ئەمەش لە كابینەكانی پێنج و شەش و حەتدا ڕەنگی دایەوە.

كابینەی هەشت لە سەردەمێكی دژواردا بوو، چونكە هەم عێراق بە شێوەی جیاوازی ئابووری و سیاسی سزای كوردستانی دەدا، هەم وڵاتانی جیهانی و هەرێمی، لە پاش ڕیفراندۆمەوە، بە شێوەی جیاواز دەرگەیان بە ڕووی كوردستاندا داخست، ئەمەش وایكرد دۆخەكە بگاتە بنبەست و هەرێمی كوردستانی بۆ قۆناغەكانی پاشتر گەڕاندەوە.

ئەگەر تەماشای هەر وڵاتێكی ئاسایی بكەین كە لە قۆناغی بووژانەوەدایە، بۆ نموونە ئیمارات، سعوودیە، سەنگافوورا، یان میسری ئێستای سەردەمی سیسی، بە كەمترین مەرج، پێشوازییان لە وەبەرهێنەری دەرەكی كردووە تا بێنە وڵاتەوە و هاوكاریان بن بۆ بووژانەوە، ئەمەش وێڕای ئەوەی بۆ قۆناغێكی دیاریكراو زۆر پێویستە، بەڵام دەبێت ئەو وڵاتە ئیتر پاش بووژانەوە، مەرجەكانی بۆ وەبەرهێنەرە دەرەكییەكان زیاد بكات و هەوڵ بدات بەهۆی ئەزموونی ئەوانەوە، وەبەرهێنەری ناوخۆیی دروست ببێت و وردە وردە پێویستییان بە وەبەرهێنەری دەرەكی نەبێت. 

زیانێكی وەبەرهێنەری دەرەكی ئەوەیە، دەستی كاریش زۆربەی هەر لە خۆیانە و دەرگەیەكیش بۆ گەندەڵیی ئیداری دەكاتەوە. بۆ وڵاتێكی وەكوو كوردستان و دوای ڕیفراندۆم كە بەر سزایەكی جیهانی كەوتین، تەنیا لەبەر ئەوەی داوای مافێكی ئاسایی خۆمان كرد كە دەمانەوێت سەربەخۆ بین، زۆر پێویست بوو كوردستان بیر لەوە بكاتەوە، بە كەمترین پێویستی بە وەبەرهێنەری جیهانی و بە فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و هەوڵی خۆژیاندن، بونیادی خۆی نوێ بكاتەوە. ئەم قۆناغەش پێویستی بە كەسایەتییەكی وەكوو مەسرور بارزانی بوو.

ئەگەر سەرنج بدەینە هەموو ئیپریالیزمەكانی ڕابردوو: بەریتانیا، فەرەنسا، پرتۆگال، ئیسپانیا و هۆڵەندا، كاتێك وڵاتەكەشیان بەجێ هێشتووە، هەوڵیانداوە هەر چۆنێك بێت ئابوورییەكەیان لەدەست خۆیان بمێنێتەوە، بۆیە شۆڕشی دووەمی گەلانی ڕزگاربوو لەدەست ئەو داگیركارانە، بریتی بووە لە خۆماڵیكردنی نەوت و كشتوكاڵ و هەوڵی پیشەسازیی ناوخۆیی، ئەمەش بە تەواوی وڵاتە زلهێزەكانی تووشی دژایەتیی هیستیریا كردووەتەوە.

مەسرور بارزانی لە كابینەی نۆیەمدا ئەم بڕیارانەی دا: دەبێت وەبەرهێنەری ناوخۆیی جێی وەبەرهێنەری دەرەكی بگرنەوە. دەبێت كوردستان لە وڵاتێكی بەکاربەرەوە ببێتە وڵاتێكی بەرهەمهێنەر. دەبێت هاوردە كەم بكەینەوە و بیر لە هەناردە بكەینەوە. دەبێت تەنیا پشت بە نەوت نەبەستین و سوود لە هەموو سەرچاوەكانی تری ئەم وڵاتە ببینین. دەبێت كشتوكاڵ بەشی خۆی بە زیادەوە بكات و بەشی دەرەوەشی لێ بدرێت. دەبێت بەنداو دروست بكەین و نەكەوینە ژێر ڕەحمی وڵاتانی دراوسێ و تووشی وشكەساڵیمان بكەن. دەبێت كارگەمان هەبێت لە هەموو بوارەكانی ژیانی خەڵكی، دەبێت پیشەسازیی جۆراوجۆر دروست بكرێت... 

ئەمانە كۆمەڵێ بڕیارن، تەنیا ئەو سەركردانە لە مێژوودا داویانە كە خەونیان بە سەروەری گەل و شكۆی وڵاتەكەیان داوە و ویستوویانە وڵاتەكەیان لە چەندان بوارەوە بچێتە سەر نەخشەی جیهانەوە، وەكوو كۆریای باشوور و سەنگافوورە و زۆر شوێنی تر.

بڕیار و هەنگاوەکانی مەسرور بارزانی، تاكی كوردی فێری سەروەری و خۆژیاندن كرد، ئەمەش ئەو شتەیە كە لە سەردەمی سایكس بیكۆوە دەیانەوێت كورد خەبەری نەبێتەوە و فێری نەبێت. ئەوان هەردەم كاریان بۆ ئەوە كردووە، تاكی كورد تاكی بەکاربەری خۆبەكەمزان بێت بەرانبەر نەتەوە و گەلانی تر، كەچی كاتێك مەسرور بارزانی ئەوە فێری گەلە دەكات، نەخێر، ئێوە هیچتان لەوان كەمتر نییە، بەدڵنیاییەوە هەوڵ دەدەن ڕێگەی تر بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەم ستراتیجییانە سەرنەگرێت، كە بریتییە لە دروستكردنی كێشەی ناوخۆیی و هاندانی حزبی تری ڕكەبەر بە دژایەتیكردنی بەرنامەكانی ئەو پیاوە، لەولاوە دەستبردن بۆ قووتی خەڵك، چونكە دەزانن لەم قۆناغەدا دوایین فرسەتە بۆ ئەوەی ئەم هەوڵانە سەرنەگرێت، ئاخر ئەگەر بەتەواوی كورد فێری خۆژیاندن بوو، ئیتر هەڕەشەی قووت سەرناگرێت. 

خاڵێكی تریش كە پێویستە دوژمنان بیكەن بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە نوێیەی كوردستان سەرنەگرێت، بریتییە لە بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەر بەسەر گەنجاندا، چونكە داینەمۆی گەشانەوە گەنجانن، ئەگەر ئەوان نائومێد بكرێن و فێری ماددەی هۆشبەر بكرێن، ئەگەر هان بدرێن بچنە دەرەوەی وڵات، ئیدی ئەم هەوڵانە شكست دەهێنێت.

مەسرور بارزانی لەسەر هێڵێكی ڕاستدایە، بەڵام ڕێیەكی ئێكجار سەخت و دژوار، ئەوەی وا دەكات ئەم ڕێیە سەر بكەوێت، تەنیا ئیرادەیەكی پۆڵایینە و وا دیارە خۆی و حزبەكەشی بڕیاریانداوە واز لەم بەهایانە نەهێنن.