نازم سديق هەرکی
نووسەر
پارتی جوانترین وێنەی کۆمەڵگەی کوردەواریی پیشانی جیهان دا
دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، دەتوانین بڵێین، ئێستە کاتی ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و بەھێزترکردنی کوردستانە؛ کە وەکوو هەرجار ئەرکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان، جوانترین وێنەی ئاکار بەرزی و ڕەوشتی جوانی ئایینی ئیسلام و کۆمەڵگەی کوردەواری پیشانی هەموو جیهان دا. بانگەشەی پارتی دوور بوو لە تەشهیرکردن، جنێو و گوتنی قسەی نەشیاو بە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەڵبژاردنەکە لە کەشێکی ئارام و سەقامیگردا بەڕێوە چوو و ڕێژەیی بەشداریی دەنگدەرانیش لەو پرۆسە دیموکراسییەدا سەدا 70ـی تێپەڕاند؛ لەوانەیە زۆرێک بپرسن هۆکاری ئەم ڕێژە بەرزەی بەشداریی چییە؟ من پێم وایە بانگەشە بەرفراوانەکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەت پارتی، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی وایکرد خەڵک بە گەرمگوڕییە ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن.
لەلایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری دەنگدەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەم بانگەوازەکەی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هاتن. مەسرور بارزانی بە درێژایی بانگەشەی هەڵبژاردن یەک ڕستەی زۆر دووبارە دەکردەوە "هیوادارم دەنگدەران بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، ئەگەر ئێوە بەشداریی نەکەن، کەسانی دیکە لە جیاتی ئێوە بڕیار لەسەر چارەنووستان دەدەن؛ ئەم مافەیە لە دەست خۆتان نەفەوتێنن" ئەمەش وایکردوو بەشێکی زۆری دەنگدەران بکەونە ژێر کاریگەریی ئەو قسەیەی جێگری سەرۆکی پارتی و بەشداریی پرۆسەکە بکەن.
ئەگەر بەراوردێک بکەین بە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، پارتی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە زیاتر لە 200 هەزار دەنگی زیاد کردووە. زیادبوونی ئەم دەنگانەش هەمووی لە سایەی ئەو ئارامی و سەقامگیریی و خزمەتگوزارییانە و پرۆژانەیە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داون.