سەرنجێک لەسەر پرۆژەی تەوتین و هەژماری من!

سەرنجێک لەسەر پرۆژەی تەوتین و هەژماری من!
سەرنجێک لەسەر پرۆژەی تەوتین و هەژماری من!

‎هەڵبەت لە سەرەتاوە حەز دەکەم لێکدانەوەی ئەم بابەتەم وەک پسپۆڕییەکی خۆم لێ وەرگرن، دوور لە بیرو بۆچوونی حزبایەتی .

‎ماوەیەکە خەریکی ڕێکلامێکی زۆرن لە دەڤەری سلێمانیدا بۆ بابەتی تەوتین و پیاهەڵدانیدا، هەڵبەت بۆیە ناوی دەڤەری سلێمانی دەهێنم و مەبەستم بوو دەڤەرەکە جیا بکەمەوە، تا لای تۆی خوێنەر زیاتر ڕوون ببێت، ئەگەرنا وەک بەندە بڕوای ڕەهایم تەنها بە کوردستانی گەورە هەیە و هیچی دیکە. بەڵام کە ناوی دەڤەر دێنم دەمەوێت ئەوە بڵێم، هەوڵێک هەیە لەلایەن نەیارانمانەوە بۆ ئەم دابەش کردنە، بە داخیشەوە کە خۆشمان تا ڕادەیەک کەم تا زۆر، هەندێک لایەن ئەو مەیلەی هەیە .

‎ئینجا با لە باسەکە زۆر دوور نەکەومەوە و بێمە سەر بابەتی مەلەفی (تەوتین) کە لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی دەرچووە بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی تەوتینەوە بێت بۆ فەرمانبەران. ئەوەی جێگەی پرسیارە و لای خەڵکی ماوەتەوە ئەم بابەتە تەنها لە بڕیاردایە و هیچ هەنگاوێکی کردارەکی نەنراوە بۆ جێ بەجێکردنی، و ناشزانم بۆ تا ئەم ساتە لقی ئەو بانکە فیدراڵییانە لە سلێمانی ناکەنەوە؟. 

‎هەروەها لە گریمانەی چەسپاندنی بڕیاری (تەوتین )دا و نەبوونی ئەو بانکە لە سلێمانی کەس ئەو پرسیارەی کردووە پارەی مووچەی فەرمانبەران لە ڕێگەی کێوە دەدرێت؟ 

‎ئەگەر وەڵامەکەشی ئەوەیە لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو و مەنەفزەکانەوە دەبێت، ئەوا عوزر لە قەباعەت خراپتر!

‎جار ێ با واز لەو فۆرمەش بهێنین کە کەس نازانێت سەرچاوەکەی کوێیەو چۆنە، ئایا قودرەت قادر هێناویەتی یان چی؟

‎بۆیە باس لە (هەژماری من) بە تەفاسیڵەکەی ناکەم، چونکە لە ڕابردوودا زۆرترین قسەی لەسەر کراوە.  تا ڕادەیەکی زۆریش لای زۆرێک لە خەڵکی ڕوون و ئاشکرایە ئەگەریش ڕوون نەبێت سایتی فەرمییان هەیە بۆ بەدواداچوون، کە نزیکەی (هەشت )بانک  تیادا بەشدارە بە بانکی تی بی ئایشەوە کە هەموویان لەلایەن بانکی فیدراڵییەوە دانیان پیادا نراون، و چەندین بەرنامەشی لەسەر کراوە. باس لە هەرشتێک بکەم زیادەیە. ئەوەی کە بشیەوێت تێ نەگات، بڕیاری داوە کە ماست ڕەشە لای ئەو بڕاوەتەوە .

‎شتێکی تریش جێگەی تێڕامانە ئەویش دەمەوێت هەر لە ڕووی کارگێڕییەوە قسەی لەسەر بکەم ، زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان  قسەی بەردەوامیان لە تیڤییەکان و لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا زۆر جەخت دەکرایەوە لەسەر ئەو چەمکەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی دەبێت نەمێنێت. دامو دەزگا حکوومییەکان بە کاری یاسایی و کارگێڕی خۆیان هەڵبستن. بەڵام کاتێک بابەتی (هەژماری من ) بڕیاری حکوومەتە بە سەرجەم لایەنە پێکهێنەرەکانییەوە لە پارتی و گۆڕان و یەکێتی، سەرۆکی حزبێک دێت بە ئارەزووی خۆی دەسەڵاتی تاکڕەوەی حزبی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ داخستنی؛ خۆ دەکرا پارێزگاری سلێمانی وەک بەرپرسی یەکەی کارگێڕیی ئەم شارە یان کاک قوباد تالەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکوومەت بە ڕێگری بێت یان ڕەزامەندی ئەم کارەی ئەنجام  بدایە، چونکە بە فەرمی هێشتا جەنابیان جێگری سەرۆکی حکوومەتن. ماف و ئیمتیازات و مووچەی وەک جێگر ماوە. ئەمانە کاری حزبەکان نین بڕیارێکیان بە دڵ بێت یان نا !!

‎لە کۆتایدا قسەی زۆرتر هەڵدەگرێت ئەم بابەتە، بەڵام من هەوڵم داوە لە ڕووی پسپۆڕیی کارگێڕیی خۆمەوە قسەی لەسەر بکەم بەلای بابەتی سیاسییەکدا نەچم.