کۆمەڵ؛ ئەو حزبەی هەرگیز خۆی نەبووە

کۆمەڵ؛ ئەو حزبەی هەرگیز خۆی نەبووە
کۆمەڵ؛ ئەو حزبەی هەرگیز خۆی نەبووە

کۆمەڵ، لە هەناوی بزووتنەوەی ئیسلامیدا دروست بووە و خۆی کرد بە خاوەنی بەشێکی زۆر لە میراتەکەی. هاتە نێو مەیدانی سیاسەت و چەکی هەڵگرت و ویستی بە چەک دەسەڵاتداری هەڵەبجە و هەورامان بێت، ساڵی 2003 ئەمەریکا کۆتایی بە خەونی چەکداریی کۆمەڵ هێنا.

پاش ساڵی 2009، بەدوای گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان کەوت و بەشێوەیەک هاوهەڵوێست بوون، ئەگەر ڕیش و جامانەکەی سەری مامۆستا عەلی باپیر نەبووایە، جیاوازیت لە نێوان ئەو و نەوشیروان مستەفادا نەدەکرد!

ئایاری ساڵی 2017، لە ڕێوڕەسمی ناشتنی نەوشیروان مستەفا، ئەو کاتەی گۆڕانخوازەکان فیکەیان لە مامۆستا سەڵاحەددین بەهائەددین دەکرد و چەپڵەیان بۆ مامۆستا عەلی باپیر لێ دەدا، کۆمەڵ وایدەزانی ئیتر دەتوانێت سەرکردایەتیی بەرەی ناڕازی بکات، بەڵام ئەوەش لە خەیاڵێکی خۆش بەولاوە زیاتر نەبوو.

کۆمەڵ، نەهج و فکری کارکردنی گۆڕی و ویستی لە یەکگرتوو بچێت و لەو هەنگاو و بڕیاردانیدا لەدوای یەکگرتووەوە بوو، لەوانەش چوونە پەرلەمان و موزیکی بە حەرام دەزانی، تا گەیشتە ئەوەی پاشکۆی ئیسلامی لە ناوەکەی بکاتەوە؛ کەچی ئێستەش پێناسەیەکی گشتگیر و ناسراوی بۆ فکری سیاسی وەک ڕەوتێکی ئیسلامی بۆ خۆی نەدۆزیوەتەوە.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەو کاتەی کۆمەڵ بۆ یەکەمجار توانی ژمارەی کورسییەکانی پێش یەکگرتوو بکەوێتەوە، هێندە لەخۆبایی بوو کە نەچووە هیچ بەرەیەکی هاوبەشەوە، تا ئەو کاتەی لە ساڵی 2021، کاندیدەکەی لە هەڵەبجە بە پشتیوانی سێ کاندیدی دیکەی سلێمانی و گەرمیان،  کە دووانیان ئێستە سەرکردەی بەرەی هەڵوێستن، نەیتوانی لە کاندیدەکەی یەکگرتوو بباتەوە و لە پەرلەمانی عێراق بووە خاوەنی تاقە کورسییەک و یەکگرتووش چوار کورسی بردەوە.

ئێستەش کۆمەڵ لە ژێر کاریگەری ڕەوتی هەڵوێست و عەلی حەمەساڵەحدا، جارێکی دیکە هەنگاوێکی هەڵە دەنێت، وەک ئەوەی سوننەکانی عێراق پێش زیاتر لە 20 ساڵ کردیان و دواتر پەنجەی پەشیمانیان گەست؛ بەتایبەتی هاوشێوەی ئەو کاتەی عێراق، هەرێمی کوردستان بەرەو نووسینەوەی دەستوور هەنگاو دەنێت، کەچی کۆمەڵ پەرلەمان چۆڵ دەکات.

عەلی حەمەساڵەح، سیاسیی نییە، بەڵام هێشتا ڕوون نەبووەتەوە، کارەکتەرێکی نەزانە یان فێڵبازە و بۆ بێهیواکردنی بەرەی ناڕازی هاتووەتە نێو کایەکەوە. ئەو، کە هۆی خلیسکانی پێی گۆڕانەکەی نەوشیروان مستەفا بوو، خەریکە کۆمەڵەکەی مامۆستا عەلی باپیریش بەرەو هەڵدێر دەبات.