رێکارە یاساییەکانى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت
لە دواى پەسەندکردن و ڕاگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن، لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان، ڕێکارە یاساییەکان بۆ ئەنجامدانى یەکەم دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان و هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکى هەرێم و پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتی هەرێم بەم شێوەیە دەبێت:
بەپێی بڕگەى (3) لە ماددەى (10) لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو، ماددەى (46) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو و ماددەی (سێیەم) لە پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان: لە ماوەى دە ڕۆژ لە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى خولی شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، سەرۆکى هەرێم بە فەرمانێکى هەرێمى، بانگهێشتى پەرلەمان دەکات بۆ دانیشتنى یەکەمى خولی هەڵبژاردن و ئەگەر لەو ماوەیە فەرمانى بانگهێشتکردنەکە دەرنەچوو، پەرلەمانى کوردستان لە کاتژمێر12 ی نیوەڕۆی ڕۆژی دەیەمی وادەکە کۆ دەبێتەوە.
بەپێی ماددەى (45) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ماددەی (یازدە) لە پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان: بە تەمەنترین کاندیدى دەرچووى ئامادەبوو کە بۆ ئەم خولە(محەمەد سلێمان محەمەد) ەو سەربە جوڵانەوەی نەوەى نوێیە، دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیی پەرلەمانى کوردستانەوە بانگهێشت دەکرێت، دەبێتە سەرۆکى یەکەم دانیشتن کە تیایدا کاندیدانى دەرچوو سوێندى یاسایی دەخۆن.
ئەرکی بەتەمەنترین کاندید بریتی دەبێت لە:
١- بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە
٢- ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی.
بەپێی ماددەى (چوارەم) لە یاسای کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان و هەمواری شێوازى هەڵبژاردنى سەرۆکی هەرێم، تا پەسەندکردنى دەستوور یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2019 سەبارەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکی هەرێم، پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی سی ڕۆژ لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکی هەرێم دەکاتەوە؛ کاندیدان لە ماوەی (3) سێ رۆژ لە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن داواکاری و سیڤیی خۆیان پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن، لە ماوەی دوو ڕۆژ لە ڕۆژی داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن ناوی ئەو پاڵێوراوانە ڕادەگەیەنێت کە مەرجی یاساییان تێدایە، سەرۆکی هەرێم لە دەنگدانێکی ئاشکرا بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، ئەگەر هیچ پاڵێوراوێک زۆرینەى ڕەهاى دەنگى ئەندامانى پەرلەمانى بەدەست نەهێنا، دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە و کێبڕکێ لەنێوان دوو پاڵێوراو دەبێت کە زۆرینەى دەنگیان بەدەست هێناوە و ئەوەى لە جارى دووەم زۆرینەى بەدەست هێنا، دەبێتە سەرۆکى هەرێم.
لە دواى هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم، بەپێی بڕگەى سێیەمی ماددەى (56) لە یاسای هەلبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو: پەرلەمان گەورەترین کوتلە ڕادەسپێرێت کە سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکات، بەپێی بڕگەى (12) لە ماددەى (دەیەم) لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم: دواى ناوزەدکردنی سەرۆکى ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن پەرلەمانى کوردستان، سەرۆکى هەرێم داواى لێ دەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری؛ بە مەرجێک ماوەکە نابێت لە سی ڕۆژ زیاتر بخایەنێت، ئینجا لە پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی سادە واتا (50+1)ی ئەندامانی پەرلەمان متمانەی پێ دەدرێت.
ئەگەر پەرلەمان لە سێ پێکهاتەى وەزارى جیاوازى یەک لەدواى یەک متمانەى بە کابینەی حکومەت نەدا، پەرلەمانى کوردستان هەڵدەوەشێتەوە.
رێکارە یاساییەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان
لەماددەی ١٠بڕگەی چوارەم لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتوە، لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا سەرۆكی هەرێم بە فەرمانێك پەرلەمانی كوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە:
1- ئەگەر زیاتر لەنیوەی ئەندامانی پەرلەمان دەستیان لەكار كێشایەوە.
2- ئەگەر لەماوەی 45 ڕۆژدا لەبانگهێشتكردن بۆ كۆبونەوەی پەرلەمان ژمارەی یاسای ئەندامان بەدەست نەهات.
3- ئەگەر پەرلەمان متمانەی نەدا بە ئەنجومەنی وەزیران لەسێ پێكهاتەی وەزاری جیاوازی یەك لەدوای یەك.
4- ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان گۆڕدرا و خولی هەڵبژاردنیش شەش مانگ یان كەمتری مابوو.
کوتلەی گەورەی پەرلەمان
بۆچونی جیاواز لە سەر ئەم چەمکە هەیە:
1- لە ساڵی 2010کاتێک کێشە لە نێوان کوتلەی ئەیاد عەللاوی کە (91) کورسی پەرلەمانی هەبوو، لەگەڵ نوری مالیکی، کە خاوەنی (89) کورسی پەرلەمان بوو دادگای فیدرالی بڕیاری (25/ الاتحادیە/2010) کە بڕیارێکی تەفسیری بوو ڕایگەیاند کە کوتلەی گەورە ئەو لایەنەیە کە لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردن بتوانێت لە هاوپەیمانیەکدا زۆرترین کورسی لەگەڵدا بێت.
2- لە ساڵی 2014 دادگای فیدرالی بڕیارێکی تری دەرکرد (45/ت.ق/2014) رایگەیاند کە کوتلەی گەورەی پەرلەمان وەک ئەوەی لە مادەی76ی دەستوردا هاتووە بریتیە لە: یان ئەو کوتلەیە کە دوای هەڵبژاردن پێک دێت لە ناو یەک لیستدایە، یاخود ئەو کوتلەیە کە لە دوای هەڵبژاردن پێک دێت لە دوو لیست یان زیاتر و ژمارەی کورسیەکانیان لە لیستەکانی تر زیاتر دەبێت.
3- لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق ژمارە (9 ساڵی2020) ماددەی(45) دا هاتوە: کە نابێت هیچ پەرلەمانتارێک تا دوای پێکهێنانی حکوومەت لە لیستێکەوە بچێتە ناو لیستێکی تر.
بەپێی عورفی کارپێکراو لە هەرێمی کوردستان، ئەو لایەنە سیاسیەی زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە رادەسپێردرێت بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی کابینەی وەزاری.