"دیدگایەکی یەکگرتوو بۆ ئایندەی کوردستان"
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکه کە لە مێژە بە دەست ململانێ و گڕژی ئاینی، نەتەوەیی و ئایدۆلۆژی جیاواز دەناڵێنێت، بۆهەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراقی فیدرال، زۆرجار ئەمە بە مانای بەشداری نائیرادییە لە واقیعێکی پڕ ململانێدا، ئەم تەحەددایانە کاریگەرییان لەسەر پاڵنەرەکانمان هەیە بەرەو دیموکراسیکردن و مۆدێرنیزاسیۆن و داهاتوویەک کە بە دیجیتاڵکردن و گەشەپێدان تایبەتمەندە، سەرەڕای فشارەکان، حکوومەتی هەرێم بە سەرکردایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی هەمیشە هەوڵی داوە لە ململانێکان دوور بکەوێتەوە و ببێتە نموونەی سەقامگیری و سەرکردایەتییەکی هێمن لە ناوچەکەدا. دوایین هەڵبژاردنی 20ـی ئۆکتوبەری 2024، نیشانەیەکی ڕوونە کە گەلی کوردستان متمانەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرکرادەیەتی سەرۆک مەسعود بارزانی بەردەوام بووە. خەڵک لە ڕێگەی ئەم متمانەوە پشتیوانی خۆیان بۆ کوردستانێکی یەکگرتوو نیشان دەدەن کە لەسەر سەقامگیری و ئاسایش و گەشەسەندنی درێژخایەن بنیات نراوە.
سەرۆک بارزانی ستراتیژێکی ڕوونی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی داڕشتووە، لەسەر بنەمای چوار پایەی سەرەکی، یەک هەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان و یەک هێزی سەربازی- پێشمەرگە، ئەم خاڵانە نەک هەر ڕەمزین، بەڵکو نوێنەرایەتی ڕێگایەک دەکەن بۆ پێشەوە بۆ کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو. بە شیکردنەوەی هەریەکێک لەو خاڵانە دەتوانین باشتر لە گرنگییەکانیان بۆ داهاتوو و سەقامگیری هەرێمی کوردستان تێبگەین.
یەک هەرێم – کوردستانێکی یەکگرتوو
یەکگرتوویی ناو هەرێمی کوردستان بنەمای سەقامگیریەکی درێژخایەنە، بە هێشتنەوەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو، کە ناسنامەی ناوچەیی و یەکگرتوویی تیایدا بەهێزتر دەبێت، خۆمان لە دووبەرەکییەکان بەدوور دەگرین کە ئەکتەرە دەرەکییەکان دەتوانن بقۆزنەوە. بنیاتنانی هەرێمێکی بەهێز پێویستی بە دەنگێکی یەکگرتوو هەیە و بە پاراستنی شوناسێکی هاوبەشی کورد، حکوومەتی هەرێم خۆی لەو پارچە پارچەبوونە بەدوور دەگرێت کە دەتوانێت بە ئاسانی ناوچەیەکی پڕ لە کێشە لاواز بکات، هەرێمێکی یەکگرتوو نەک هەر کەشێکی سەلامەتتر بۆ هاووڵاتیانی کورد دروست دەکات، بەڵکو هەرێم دەتوانێت بە دەنگێکی بەهێز لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قسە بکات، یەک هەرێم بەم شێوەیه پاراستنێکی سیمبولێکی کردارییه له بەرامبەر ئەو هێزانەی که ڕەنگه بیانەوێت کوردستان دابەش بکەن و بناغەیەکی پێویسته بۆ هەموو کارێکی سیاسی و ئابووری بۆ هەرێمێکی پێشەنگ.
یەک حکوومەت – حکوومەتێک بۆ خەڵک
لە سیاسەتدا یەکڕیزی و هاوکاری بناغەیەکی گرنگە بۆ دروستکردنی پێشکەوتنێکی درێژخایەن، کابینەی نوێ وەکە درێژە پێدەری کابینەی نۆیەم ئامانجی تێپەڕاندنی سنوورە سیاسییە حزبییەکان و کارکردن دەبێت بۆ دیدگایەکی هاوبەش، ئەویش خزمەتکردنی خەڵکە، نەک حزب و تاک، بە یەکەمایەتیدان بە حکوومەتێکی سەقامگیر و گشتگیر، دەتوانین دڵنیابین لەوەی کە گرنگی بە گەیاندنی ئەوەی باشترینە بۆ خەڵک. دابەشبوون لەناو حکوومەتدا هەموو جۆرەکانی کاری چاکسازی ئاڵۆز دەکات و توانای حکوومەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەحەددیات و ململانێکان بە شێوەیەکی کاریگەر کەمدەکاتەوە، حکوومەتێکی یەکگرتوو پاراستنە لە نادڵنیایی ناوخۆ کە هەڕەشە لە گەشەپێدان دەکات و یارمەتی حکوومەتی هەرێم دەدات بۆ بەهێزکردنی کارەکانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی لە ناوچەکەدا، بە حکوومەتێک کە بە یەک دەنگ قسە بکات، دەتوانین کار بۆ چارەسەری درێژخایەن بکەین نەک دەستکەوتی کورتخایەن.
یەک پەرلەمان – یاسادانان بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگا
پەرلەمان دڵی دیموکراسییە، کە یاساکان بۆ چاکەی کۆمەڵگا دەردەچن و هەموو نوێنەران بەشدارن لە داڕشتنی داهاتووی کوردستان، بۆیە پەرلەمانی هەرێم ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە لە دروستکردنی دەوڵەتی یاسا، کە یاسادانان لەسەر بنەمای دادپەروەری و بەرژەوەندی خەڵک بێت، پەرلەمانێکی یەکگرتوو، کە ئامانجی خزمەتکردنی گەل و بەهێزکردنی سەروەری یاسا بێت، چوارچێوەی دامەزراوەیی پێویست بۆ گەشەسەندنی سەقامگیر دروست دەکات، کاتێک پەرلەمان گرنگی بە یاسادانان دەدات بۆ چاکەی گشتی، نەک حزبایەتی، ئەوە ڕێگا بۆ گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی درێژخایەن خۆش دەکات، حکوومەتی هەرێم بە پەرلەمانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەتوانێت بناغەیەکی سەقامگیر بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی دیموکراسی دروست بکات، بناغەیەک کە سوودی هەبێت بۆ هەردوو نەوەی ئێستا و داهاتوو.
یەک هێزی پێشمەرگە– پێشمەرگەی کوردستان
پێشمەرگە لەڕووی ئەمنی و بەرگرییەوە بڕبڕەی پشتی هەرێمی کوردستانە، هەربۆیە یەکڕیزی لەناو هێزە سەربازییەکاندا زۆر پێویستە. بە هەبوونی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو، خۆمان لە مەترسییەکانی گرووپە چەکدارە سیاسییەکان بەدوور دەگرین، کە مەترسی تێکدانی سەقامگیریی و جموجۆلی لە بەرژەوەندی تاک و حزبدا هەیە، گرنگە پێشمەرگە دڵسۆز بێت بۆ حکوومەتی هەرێم و گەلی کوردستان، نەک حزب و تاکێکی سیاسی، پێشمەرگەیەکی یەکگرتوو نەک هەر کۆمەڵگایەکی ئەمن بۆ هاووڵاتیانی کورد دروست دەکات، بەڵکو وا دەکات حکوومەتی هەرێم ببێتە ئەکتەرێکی سەقامگیرکەر لە ناوچەکەدا. هەر بۆیە یەک هێزی پێشمەرگە تەنها مەسەلەی ئاسایش نییە، بەڵکو مەسەلەی شەرعیەت و متمانەیشە، کە خەڵک بتوانێت متمانەی بەوە هەبێت کە ئاسایشی ئەوان لە دەستێکی ئەمیندایە.
پوختە: ڕێگایەک بۆ داهاتوو
هەرێمی کوردستان بە گرنگیدان بەم چوار خاڵە، بناغەیەکی تۆکمە بۆ ئایندەیەکی سەقامگیر و پێشکەوتوو دروست دەکات، یەک هەڕێم و یەک حکوومەت و یەک پەڕلەمان و یەک هێزی پێشمەرگە پێکهاتەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست دەکەن، کە نەک تەنیا قازانج بە هەڕێم کوردستان دەگەیەنێت، بەڵکو وەک نموونه بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، دیدگای سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ کوردستانێکی یەکگرتوو لەسەر قەناعەتێکە کە سەقامگیری و ئاسایش مەرجی پێشوەختەیە بۆ گەشەپێدان و دیموکراسیەکی گشتگیر بو هەموو هاووڵاتیان بێ جیاوازی ناوچەیی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی بە یەکەمایەتیدان بەم چوار پایە، سیستەمێکی کۆنکرێتی و باش بیرکراوەی هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، ستراتیژێک کە ئاماژەیەکی ڕوون دەنێرێت کە کوردستان ئامادەیە هێزێکی بەهێز و سەقامگیر بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.