ئایا سەرژمێری لە عێراق شمشێرێکی دوودەمە؟
لەگەڵ ئەوەی سەرژمێری لە وڵاتێکی خودان سەروەر و خوازیاری پێشکەوتن هەموو پرۆسەکانی کۆکردنەوەی داتا ئامارییەکانی پەیوەست بە دانیشتووان و خانووبەرە و و شوێنە جوگرافییەکانیان و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و بڵاوکردنەوە و دابەشکردنیان و تەنانەت تایبەتمەندی دانیشتووان داتاکانی دیموگرافی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ماوەیەکی دیاریکراودا لە خۆ دەگرێت، زۆر جار ئهم پرۆسهیه دوو میتۆد پەیڕەو دەکات:
شێوازی واقیعی، واتە ژماردنی تاکەکان، کە لەو شوێنەدا نیشتەجێن، بێگوێدان بەوەی ئایا ئەوان لەو شوێنەن، کە هەمیشە لێی دەژین.
شێوازی یاسایی، واتە ژماردنی تاکەکان لەو شوێنەی، کە هەمیشە لێی دەژین، بێگوێدان بەوەی ئەو تاکانە لە ڕۆژی سەرژمێریدا لە کوێن.
ئەی باشە گرنگی سەرژمێری لە چیدایە و ئامانجەکانی چین؟
گرنگی سەرژمێری لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە وێنەیەکی یەکخراوی کۆمەڵگه لە کاتێکی دیاریکراودا لە چوارچێوەی چەندان گۆڕاوی جۆراوجۆر و بەردەوام دەخاتە بەردەست، کە ناکرێت بە شێوازەکانی دیكهی کۆکردنەوەی داتا دیاری بکرێن. ئەمەش داتابەیسێکی گونجاو دابین دەکات بۆ بەراوردکردن و پێشبینیکردنی داتای دیمۆگرافی و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە.
سەرژمێری گشتی بەوە لە پرۆسەکانی دیكهی ئامار جیا دەکرێتەوە، کە ئەم ڕهههند و تهوهرانه دەستەبەر دەکات:
-داتای ئاماری گشتگیر و ورد سەبارەت بە سەرجەم دانیشتووان و تایبەتمەندییە دیموگرافی، کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانیان دەخاتە بەردەست، بە پێی نزمترین ئاستی ئیداری و جوگرافی و ئەو و رێژە و نیشاندەرە پەیوەندیدارانەی وەکوو (ڕێژەی گەشەی دانیشتووان، تەمەن و پێکهاتەی ڕەگەز، تایبەتمەندی پەروەردەیی، هێزی کاری ناوخۆیی و بیانی) لە خۆ دەگرێت.
-داتای پێویست بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دانیشتووانی وڵات لە ماوەی نێوان سەرژمێریەکاندا ئاشکرا دەکات، سەرەڕای چاودێریکردنی گۆڕانکارییە دیمۆگرافی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، کە لەو ماوەیەدا لەسەر دانیشتووان لەناو جومگە کارگێڕییە جۆراوجۆرەکان ڕوویان داوە.
-داتاکانی پەیوەست بە قەبارە و دابەشکردن و تایبەتمەندییەکانی ئەوانەی بیانین لە وڵاتدا، بەتایبەتی کرێکارانی بیانی، بە شێوەیەکی زۆر ورد، نەوهكوو پشت بەستن بە خەمڵاندنەکان.
-داتابەیسێک دابین دەکات، کە پێشبینییەکانی دانیشتووان و پێشبینییەکانی هێزی کار لەسەر بنەمای بنچینەی دانیشتووان بێت.
-داتابەیسێکی پێویست دابین دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە هەندێ دیاردەی کۆمەڵایەتی.
-داتای سەرەتایی دابین دەکات بۆ هەموو کەرتەکانی دەوڵەت، بۆ نموونە (پەروەردە، تەندروستی، نیشتەجێبوون.. هتد)، بە مەبەستی یارمەتیدانیان لە گەشەپێدان و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی ئەو پلانانەی، کە پەیوەستن بە دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ کۆمەڵگە.
-دابینکردنی چوارچێوەی پشکنینی پێویست بۆ ئامادەکردنی نموونەی توێژینەوەی مەیدانی،کە لەوانەیە لە داهاتوودا بكرێت.
-داتا لەسەر دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، ئاسانکارییەکان و تایبەتمەندییەکانی پەیوەست بە بارودۆخی ژیان و دابینکردنی داتا سەرەتاییەکانی پێویست بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی نیشتەجێبوون، بە مەبەستی بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ ئەندامانی کۆمەڵگە. سەرەڕای ئەوەش، نیشاندەری بارودۆخی نیشتەجێبوون و پەیوەندییان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە دەستەبەر دەکات.
-بێجگە لەوەش دەبێتە مایەی ئەوەی، بە وردی زانیاری دەستبەر بکرێت لەسەر دیاردە جۆراوجۆرەکانی وەکوو بەخێوکردن، مردن و کۆچکردن، کە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ هەژمارکردنی ڕێژەی گەشەی دانیشتووان و خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتووان بۆ ماوەی پاش سەرژمێری بە کار دەهێنرێن.
-وێنەیەکی ورد لەسەر بارودۆخ و تایبەتمەندییەکانی نیشتەجێبوون فەراهەم دەکات بۆ یارمەتیدان لە گەشەپێدانی پلانی نیشتەجێبوون و پلانەکانی داهاتوو بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە.
-داتا لەسەر تایبەتمەندییەکانی باڵەخانەکان دابین دەکات، چ ئەوانەی سەر بە کەرتی گشتی بن یان سەر بە کەرتی تایبەت و دۆخی نیشتەجێبوونیان وێنا دەکات، بۆ ئەوەی بتوانرێت پێداویستییە جیاوازەکان لە داهاتوودا دیاری بکرێن.
سەرژمێری بۆ چی بە کار دێت؟
ئامانج لە سەرژمێری و خانووبەرە بە شێوەیەکی سەرەکی کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ئامارە سەرەکییەکانە، کە داتاکان سەبارەت بە تەمەن و جۆر و پەیوەندی بە سەرۆك خێران و تایبەتمەندییەرکانی دیكهی وەکوو خوێندن و پیشە لە کاتێکی دیاریکراودا لە خۆ بگرێت.
لێرەدا هەندێ لەو بوارانە دەخەینە ڕوو:
یەکەم: سەرژمێریی داتای بنەڕەتی پەیوەست بە تایبەتمەندی دیمۆگرافی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دانیشتووان و خانووبەرە دابین دەکات، کە دەتوانرێت وەکوو پلاندانان لە هەموو ئاستەکاندا بە کار بهێنرێت.
دووەم: داتای سەرژمێری ئاست و پێوەری پوخت و گۆڕانکاری لە تایبەتمەندی دیمۆگرافی، نیشتەجێبوون، پێداویستییە سەرەتاییەکان و بوارە پەراوێزخراوەکان و ئەولەویاتی دیكهی نەتەوەیی دیاری دەکات.
سێیەم: سەرژمێری سەرچاوەی سەرەکی زانیارییە لەسەر قەبارە و تایبەتمەندییەکانی هێزی کار و لایەنەکانی دیكهی پەیوەست بە پەروەردە و ڕاهێنان لەسەر ئاستی ئێسته و پێشبینیکراو و سیاسەتی نیشتمانی پێویست لەم بوارەدا.
چوارەم: دیاریکردنی ڕۆڵ و پێگەی ئابووری و کۆمەلایەتیی ئافرەتان، لە چەند دەیەی ڕابردوودا بایەخێکی بەرچاو بە ڕۆڵی ئافرەتان لە کۆمەڵگەکان دراوە، ئەمەش بووەتە بابەتێکی سەرەکی حکوومەتەکان لە سەرانسەری جیهان، بۆیە ئامار لەسەر ئافرەتان کۆ دەکەنەوە بۆ داڕشتنی بەرنامە و دیاریکردنی سیاسەتی پێویست بۆ باشترکردنی ڕۆڵیان و هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی ئابوورییان لەناو کۆمەڵگە.
پێنجەم: ئێسته بایەخێکی زیاد بە هەندێ گرووپ لە دانیشتووان دەدرێ، وەکوو؛ منداڵان، گەنجان، بەساڵاچووان، کەمئەندامان و چینی دیكه. نیشاندەرەکانی ئەم گرووپانە یارمەتیدەر دەبن بۆ داڕشتنی بەرنامە و سیاسەت، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان بکات.
شەشەم: داتای دانیشتووان و خانووبەرە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی زانیاریییە بۆ جێبەجێکردنی ڕووپێوی دیمۆگرافی، کۆمەڵایەتی و ئابووری.
سەرەڕای ئەم هەموو لایەنە ئەرێنیانەی، کە سەرژمێری دەتوانێت بیخاتە بەر دەستی حکوومەت لەناو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەر، ئێمە لێرەدا دەپرسین ئایا لە عێراقی فیدراڵدا کار بۆ ئەم بوارانە دەکرێت، یان تەنیا ئامار بۆ مەبەستی سیاسی بە کار دەهێنرێت، تاوەکوو ئەجێندای سیاسی لایەنێك بەسەر لایەنەکانی دیكه بسەپێنرێت؟
ئەم سیستەمەی، کە لە پرۆسەی سەرژمێریی ئەم جارە لە عێراقدا بە کار هێنراوە، بەرچاوڕوونیمان پێ نادات لەسەر ئەوەی، ئەو داتایانەی، کە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆ دەکرێنەوە و دەنێردرێن بۆ داتاسەنتەرێکی سەر بە کۆمپانیاکان، کە لە ڕووی دیجیتاڵییەوە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەردەستی ئەو لایەنەی، کە لە بەغدا ئەمڕۆ هەژموونی سیاسی و چەکداری هەیە، دەتوانێ بە شێوەی ئەرێنی یان نەرێنی مامەڵەیان لەگەڵ بکات و بە کاریان بهێنێ، بێگەڕانەوە بۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق یان وەزارەتی پلاندانانی حكوومهتی هەرێمی کوردستان.
ڕاستە ئەم سەرژمێرییە یەکەم سەرژمێریی گەشەپێدانی گشتگیرە بۆ عێراق، کە لە ماوەی 37 ساڵدا ئەنجام دەدرێت وەکوو مافێکی نیشتمانی و دەستووری، بەڵام ئایا ئەنجامەکانی وەکوو شمشێرێکی دوودەم مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ؟
دواجار ئێمە لەگەڵ عێراقی فیدراڵ هێشتا کێشەی سنووری ئیداری و جێبەجێنەکردنی ماددە دەستورییەکانی پەیوەست بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستانمان هەیە.
بۆیە پێویستە لە ئێسته و بۆ ئایبندە کار بۆ دامەزراندنی داتا سەنتەرێکی تۆکمە لە هەرێمی کوردستان بکرێ، کە داتا کۆکراوەکان لە خۆ بگرێ و بە شێوەیەکی شەفاف مامەڵەی لەگەڵدا بکڕی و هەر کاتێ پێویست بێت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هاوبەشیی پێ بکرێت.