ئایا پلانی "دەستەی ڕزگارکردنی شام" لە حەلەب سەردەگرێ؟

ئایا پلانی "دەستەی ڕزگارکردنی شام" لە حەلەب سەردەگرێ؟
ئایا پلانی "دەستەی ڕزگارکردنی شام" لە حەلەب سەردەگرێ؟

پێشەکی: 

هێرشە گەورەکەی دەستەی ڕزگارکردنی شام (هيئة تحرير الشام) لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دژ بە هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد لە ئیدلبەوە بۆ حەلەب بە پێی چاودێرکردنی سیاسی پەرەسەندنەکانی ساڵی ڕابووردوو ئەوەندە سەرسوڕهێنەر نەبوو، چونکە ئەو ئۆپەراسیۆنەی، کە ناویان نابوو " بەرگرتن لە دەستدرێژی "، پەرەسەندنێکی سروشتی ئەو نەخشەپلانەیە، کە دەستەی ناوبراو لە ساڵی ڕابووردوو دایڕشتبوو، بە هۆکاری ژمارەیەك پەرەسەندن، کە هەموویان گرێدراون بە ڕووداوەکانی ناوچەکە، کە بەرجەستەترینیان جەنگی ئیسرائیلە دژ بە حەماس لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە غەزەە دەستی پێ کرد.   

دەستەی ڕزگارکردنی شام هەر ئەو کاتە بە کرداری نەخشەی ئۆپراسیۆنی جەنگی حەلەب دژ بە هێزەکانی ڕژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی داڕشتبوو،  کاتێ بۆی ئاشکرا بوو، کە ڕژێم و هاوپەیمانە ئێرانییەکانی لە چوارچێوەی جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان کەوتوونەتە ژێر فشار، واتە فراوانبوونی سەربازی دەستەی ڕزگارکردنی شام بەرەو حەلەن زادەی ئەم ساتەوەختە نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ژمارەیەك پرۆسەی کەڵەکەبووە، کە دەستەی ناوبراوە لە تەواوی ساڵی ڕابووردوو لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو ئەنجامی دابوو. دەستەی ڕزگارکردنی شام سەرقاڵبوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان بەجەنگ لە غەززە و لوبنان قۆستەوە، لە کاتێکدا ڕوسیا سەرقاڵی پەرەسەندنە جۆرییەکان بوو لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا، تا ئەو ڕادەیەی هەندێ خاڵی چاودێری سەربازی لەناو سوریا ڕادەستی هێزەکانی سەر بە ئێران کرد. لە کاتێکدا ئێران ناچار بوو لە دەرئەنجامی پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانەکەی، حزب الله، بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو حزبە لە باشووری لوبنان لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ، هەندێ گۆڕانکاری بکات لە نەخشەی دابەشبوونی لەسەر خاکی سوریا.

دەستەی ڕزگارکردنی شام خۆی ئاماژە بەوە دەکات، کەوا ئۆپەراسیۆنی شاڵاوهێنانی بۆ سەر حەلەب پەرچەکردارێكە، وەکو وەڵامێك بۆ ئەو دەستدرێژییە هاوبەشە فراوانەی ڕوسیا و سوریا، کە لە تەواوی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دژ بە دەستەی ناوبراو ئەنجام درا، بە مەبەستی پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ فراوانخوازی لە دەرەوەی ئیدلب، بەڵام ئەو گروپانە گەڕانەوە بۆ فراوانکردنی کاریگەری هەژموون و کۆنتڕۆڵکردن، هەر بۆیە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە ئیدلبەوە بەرەو حەلەب هەنگاویان نا. 

ئەمە پەرەسەندنێکە مانای زۆر هەڵدەگرێ و ڕەنگدانەوەی چەندین گۆڕانکارییە، کە ئاماژە بەوە دەکەن،  سوریا لەسەر لێواری جەنگێکی نوێیە، کە هەڕەشە لە دۆخی "سەقامگیریی ڕێژەیی" دەکات، ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بەخۆیەوە بینیبووی. کاتێ هاوکێشەی سێ لایەنەی ئاستانا بە چاودێری چاودێری ڕوسیا سەرکەوتوو بوو لە سەپاندنی میکانیزمی "هێورکردنەوەی گرژی". ئەگەر چی دەستەی ڕزگارکردنی شام ئەو هاوکێشەیەی تورکیا و ڕوسیای ڕەتکردەوە و خۆی پابەند نەکرد بەو دوو ڕێکەوتنەی، کە لە ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠٢٠ سەبارەت بە هێورکردنەوەی دۆخ لە ئیدلب کاری لەسەر کرا. 

ئەئ بۆچی ئەم هێرشە لەم ساتە وەختە دەستی پێ کرد؟

ئەم هێرشە هاوکات بوو لەگەڵ ژمارەیەك پەرەسەندن لەسەر گۆڕەپانی هەرێمی، کە بوون بە هۆکاری ئەوەی دەستەی ڕزگارکردنی شام ئەم هەنگاوە جۆرێتییە بنێ، لەوانە: 

یەکەم: ڕێکەوتنی ئاگربەستی نێوان حزبوڵلای لوبنان و ئیسرائیل و چوونە واری جێ بەجێکردن لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤. 

ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئاگربەستەکە بەسەر گۆڕەپانێکی گرنگی بەرەی بەرگری جێبەجێ دەبێت، ئەویش بەرەی باشووری لوبنانە، کە بەناچاری لەقۆناغی داهاتوودا ڕەنگدانەوەی لەسەر ستراتیژی ئێران دەبێت، وەکوو ئەوەی بیەوێت کارتەکانی خۆی لە گۆڕەپانی سوریا ڕێکبخاتەوە.  

هێرشەکەی دەستەی ناوبراو بۆ سەر هێڵەکانی سوپای سوریا و میلیشیا ئێرانییەکانی، کە پشتیوانی ڕژێم دەکەن لە گوندەکانی دەوروبەری ئیدلب و حەلەب، هەوڵێکی پێشوەختەی دەستە بوو بۆ پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ ڕێکخستنەوەی بارودۆخی میلیشیاکانی لە سەرخاکی سوریا و بەتایبەتی لە حەلەب.

پێشڕەوی خێرای گروپەکانی سەر بە دەستەی ڕزگارکردنی شام لە حەلەب پاش دوو ڕۆژ لە هێرش بردن، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێێ، کە ژمارەیەکی پێویست لە چەکدارانی سەر بە ئێران لە پارێزگاکەدا بوونی نەبووە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمی کار و جموجۆڵی گروپەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەی سەقامگیربوونیان لە حەلەب.

ئەمەش پێچەوانەی ئەو هەواڵەیە، کە ئاژانسی هەواڵی "تسنیم" ی ئێرانی سەبارەت بە کوژرانی "فەرماندەیەکی باڵا" ی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتی پێکدادانەکان لە حەلەب، کاتێ فراکسیۆنەکانی دەستەی ناوبراو هاتنە ناو شارەکە. 

دووەم: سەردانەکەی بەشار ئەسەد بۆ ڕوسیا لە ٢٨ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، راستەوخۆ ڕۆژێ دوای دەستپێکردنی داگیرکردنی شاری حەلەب لەلایەن گروپەکانی دەستەی ڕزگارکردنی شام. ئامانجی سەردانەکی ئەسەد تاوتوێکردنی دووبارە ڕێکخستنەوەی کارت و دۆسیەکانی هاوکاری نێوان ڕوسیا و سوریا بوو، لەدوای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە باشووری لوبنان لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لەلایەك و پێداچوونەوە بە ڕۆڵی سەربازی ئێران لە سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕوسیا لەلایەکی دیکەوە، هەروەها هەموارکردنی شێوازی هاوکارییەکانی سوریا لەگەڵ داواکاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا. 

بۆیە دەستەی ڕزگارکردنی شام مەبەسی بوو پەیامێك بگەیەنێتە هەردوو لایەنی ڕوسی و سوری، کە لە ڕوسیا کۆوونەوە، کە دەستە مەبەستیە خاکی زیاتر کۆنترۆڵ بکات، لەسەر حسابی ڕژێم و میلیشیا پشتیوانیکارەکانی لە حەلەب و هێرشەکەی ئەم جارەی وەڵام و تۆڵەسەندنەوەیەکە بۆ هێرشی فڕۆکە جەنگییە هاوبەشەکانی ڕوسیا و سوریا بۆ سەر ئیدلب لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤.

سێیەم: دەستەی ڕزگارکردنی شام پێشبینی هەوڵەکانی ڕوسیای دەکرد، بۆ گەیشتن بە هاوکێشەیەکی "بەسوود" سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕژێمی سوریا و تورکیا، چونکە ئەو هەوڵانەی ڕوسیا بارودۆخی سوریا بە شێوەیەك ڕێکدەخست، کە لە بەرژەوەندی هاوکاری زیاتری نێوان تورکیا و ڕوسیا بێت. 

ئەگەری ئەوەش دەهاتە پێشەوە، کە تورکیا ڕێگە بە حکومەتی سوریا بدات، ئەگەر پەیوەندییەکان ئاسایی ببنەوە، کۆنترۆڵی ناوچەکانی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە باکوری سوریا بکاتەوە، بەتایبەتی لە ئیدلب و حەلەب، کە لە ژێر کۆنترۆڵی دەستەی ڕزگارکردنی شامە. هەر بۆیە دەستە هێرشێکی سەربازی پێشوەختەی فراوانی (بە درێژایی ٦٠ کیلۆمەتر و قووڵی ٣٠ کیلۆمەتر) لەناو حەلەب ڕێکخست. 

چوارەم: هەوڵەکانی دەستەی ڕزگارکردنی شام بۆ ڕێگرتن بووە لە هەر سیاسەتێکی نوێی ئەمەریکا سەبارەت بە بوونی سەربازی ئەمەریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە سەپاندنی دی فاکتۆیەکی نوێ، پێش ئەوەی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دەستبەکار بێت، تا دەرکەوێ کە دەستە ئاماژەیەکی گرینگە لە هاوکێشەی قەیران و لە ڕێکەوتنی سیاسەتی هەرێمی، کە لە ئایندەدا دەربارەی سوریا ڕوودەدات. 

ئاشکرایە کەوا ناوچەی هەژموونی ئەمریکا لەناوچەی ڕۆژئاوای كوردستانە، نەوەك لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، کە دەستەی هەژموونی بەسەریدا هەیە. دیارە ڕێکەوتنەکە لە نێوان دوو زلهێزی نێودەوڵەتی ڕوسیا، ئەمریکا و زلهێزێکی هەرێمی، کەتورکیایە، دابەش دەکرێت. 

ئەی باشە ئێستا هەڵوێستی هەرێمی و نێودەوڵەتی چۆنە بەرامبەر بەم پێشهاتە؟ 

لە ڕاستیدا ئەو هەنگاوە بێ وێنەیەی، کە دەستەی ڕزگارکردنی شام نای، بە ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر هێزەکانی ڕژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە حەلەب، هەڵوێستی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە قەیرانی سوریا دەخاتە ژێر پرسیار، لێرەدا مەبەستمان لە ڕوسیا و تورکیا و ئەمریکا و ئێرانە، لە کاتێکدا ئەمریکا و دەوڵەتەکانی ئەوروپا مەبەستیان نییە بەرەیەکی تر لە سوریا بکەنەوە دژ بە ڕوسیا، تەنانەت ئەگەر ئەو بەرەیە لە ڕێگەی بەکارهێنانی دوژمنێکی هاوبەشیش بێت، کە لەناو لیستی تیرۆری نێودەوڵەتی بوونی هەبێت. 

لێرەدا ئەبو محمد ئەلجۆلانی، سەرکردەی دەستەی ڕزگارکردنی شام، خواستی ئەوەی هەیە، ڕیکلام بۆ خۆی بکات و خۆی وەکو جێگرەوەی ڕژێمی ئەسەد بەدەرەوە بناسێنێ، گوایە ئەو دەتوانێ بەرژەوەندییەکانی ڕوسیا لە ناوچەی ئیدلب و حەلەب  بخاتە ژێر مەترسییەوە، ئەمە ئەگەر ئەو بتوانێ حەلەب بەتەواوی کۆنترۆڵ بکات، دواتر دەتوانێ حەما و لازقییە و تەرتوس بکات بە ئامانج و  تەنگ بە ڕوسیا هەڵچنێ، سەرقاڵی بەرژەوەندییەکانی بێت لە سوریا و چالاکی سەربازی دژ بە ئۆکرانیا کەم بکاتەوە. 

سەبارەت بە هەڵوێستی ڕوسیا: 

هێرشی ئاسمانی ڕوسیا بۆ سەر شاری ئیدلب بۆ لێدانی بنکەکانی دەستە و کۆگاکانی چەک و ڕێڕەوەکانی ئازوقە بووە، و هێرشەکەی هێزەکانی ڕژێمی سوریا بریتیبوو لە بەهێزکردنی خاڵەکانی بەرکەوتن لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی دەستە لە ڕۆژئاوای شاری حەلەب. 

فراوانبوونی خێرای هێزەکانی دەستەی ڕزگارکردنی شام ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییە بوو، کە هێزەکانی ڕژێمی سوریا نەیانتوانی لەسەر زەوی ڕووبەڕوویان ببنەوە. چونکە هاوکێشەی سەربازی هاوپەیمانانی ڕژێمی سوریا لەسەر بنەمای بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی بوو لەلایەن ڕوسیاوە بۆ بەئامانجگرتنی گروپەکانی سەر بە دەستە. لە کاتێکدا میلیشیاکانی سەر بە ئێران و هێزەکانی رژێم دەیانەویست ئەم سەروەرییە ئاسمانییە لەسەر زەوی لە ڕێگەی توندکردنی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەوە بێت، کە ڕووسیا لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە پێکاوێتی. 

بەڵام لەگەڵ کشانەوەی هەندێ لە لایەنەکانی سەر بە ئێران و چوونیان بۆ  ناوچەکانی دیکەی بەرەی پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان، جۆرێ لە بەرکەوتنی ئاسایشی بۆ هێزەکانی ڕژێمی سوریا دروست بوو، دواتر دەردەکەوت هێزەکانی ڕژێم لە ڕووبەڕووبونەوەیەکی نیمچە تاکلایەنەیە لەگەڵ دەستەی ڕزگارکردنی شام و گروپەکانی تر. 

ئەم داتایانە لەوانەیە ڕوسیا ناچار بکات کاردانەوەی زیاتری هەبێت، بەدەر لە ئامانجی سەربازی ئاسمانی، بۆ گۆڕینی ئاراستەی شەڕ لە حەلەب لەپێناو بەرژەوەندی ڕژێمی سووریا، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەگەری گونجاو لەم بوارەدا پشتڕاست بکاتەوە یان ڕەنگبداتەوە.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران: 

میلیشیاکانی ئێران یان ئەوانەی سەر بە ئێرانن و لە سوریا چالاکن، بەتایبەتی ئەوانەی لە حەلەب بنکەیان هەبوو، لە ئەنجامی فراوانبوونی گروپەکانی دەستەی ڕزگارکردنی شام  لە دەرەوەی ئیدلب و هێرشبردنیان بۆ سەر حەلەب ڕووبەڕووی بنبەستێکی ڕاستەقینە بوونەوە.

ئەم تەنگژەیەی گروپەکانی سەر بە ئێران بە ڕوونی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی، کاتێ لێدوانی لەسەر هێرشەکەی دەستەی ڕزگارکردنی شام دا و گوتی، ئیسرائیل و ئەمریکا هۆکار و بزوێنەری هێرشەکە بوون. هەر وەها گوتی، ئۆپەراسیۆنی "بەرگرتن لە دەستدرێژی"، کە لەلایەن دەستەی ڕزگاکردنی شام ئەنجامدراوە، جگە لە "پلانێکی ئەمریکی زایۆنیستی پاش شکستی ڕژێمی زایۆنیستی لە لوبنان و فەلەستین" هیچی تر نییە.

لە ڕووی مەیدانییەوە ئێران لەئێستادا کار بۆ چارەسەرکردنی قەبارەی کەمبوونەوەی هێزە سەربازییەکانی دەکات لە دەوروبەری حەلەب، ئەویش بە ئاراستەکردنی میلیشیاکانی "لیوا ئەلباقر"، کە میلیشیای سوری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن لە ناوچەکانی دێرە زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، تا بەرەو گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزەکانی دەستەی ڕزگارکردنی شام بڕۆن. 

سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا: 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕێگەی وتەبێژی فەرمیەوە ڕایگەیاند، هێرشەکەی دەستەی ڕزگاکردنی شام بۆ سەر هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە حەلەب "زیادبوونێکی نەخوازراوی گرژییەکانە" و "دوورکەوتنەوە لە ئاژاوەی زیاتر لە ناوچەکەدا لە ئەولەویاتی تورکیایە".

ئەنقەرە تجەختی لەسەر لئەوەش کردەوە، کە ئەو ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییانەی، کە لە ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ەوە لە نێوان دەستەی ڕزگارکردنی شام و هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە گوندەکانی ئیدلب و حەلەب دەستیپێکرد، دەبێتە مایەی لاوازکردنی ڕێککەوتنەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکان لەو دوو ناوچەیە، کە لەگەڵ ڕوسیا واژۆیان کردبوو، پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین، کەوا دوایین ڕێکەوتنیان لە مانگی ئاداری ٢٠٢٠ بووە.

بەڵام لە هەمان کاتدا ئەنقەرە دەڵێ، ڕژێمی سوریا  هۆکاری ئەم گرژییەیە، چونکە گرژییەکان لە ئەنجامی ئەو هێرشە بەرفراوانەی سوپا لە دژی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ئیدلب و حەلەب لە ماوەی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ درووست بوون. 

لەلایەکی دیکەوە بۆچوون هەیە کە دەڵێ، تورکیا هەوڵ دەدات ئەم ڕووداوە بەکاربهێنێت بۆ فشار خستنە سەر ڕژێمی سوریا بۆ ئەوەی سوریا بە چادێری ڕوسیا هەنگاوی ئەرێنی تر بنێت بەرەو ڕێڕەوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا.

کەواتە تورکیا دەتوانێ دەستەی ڕزگارکردنی شام سنووردار بکات، چونکە پێشووتر پاڵپشتی سەربازی دەستەی دەکرد، پێش ئەوەی دەستە لە ساڵی ٢٠٢١  دژ بە سوپای ئازادی سوریا، کە ڕاستەوخۆ سەر بە تورکیایە لەسەر خاکی سووریا، بجەنگێت. 

سەبارەتی بە هەڵوێستی ئەمریکا: 

هەندێ ئاماژە هەیە لەسەر کەمبوونەوەی بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی فەرماندەیی دەستەی ئازادکردنی شام لەلایەن ئەمریکاوە لە ڕابووردوودا، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی پێکدادان لە نێوان دەستە و هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە ئەنجامی فراوانخوازی دەستە لە حەلەب، دەردەکەوێ گۆڕانکارییەك ڕوویدابێت لە هەڵوێستی ئەمریکا، بەڵام ئەن گۆڕانکارییە پشت دەبەستێت بە گرینگیدانی سەرۆکی نوێ، دۆناڵد ترامپ، لە هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە باکوری سوریا و بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە بەردوامبوونی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، ئەگەر چی لەناوچەکانی دوور لە ڕووداوەکانی حەلەب و ئیدلیب بن، دەبێت بە بەربەستێكی بۆ هەموو ئەو هێزانەی کە بەشدارن لە قەیرانەکەدا، بۆ نموونە تورکیا و ڕوسیا و ئێران یان بەربەست دەبێ کارلێکی ڕێکخراوەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بەتایبەتی ئەوانەی لە لیستی تیرۆریستەکان پۆلێن کراون. 

بێجگە لەوەش ئەمریکا لەوانەیە هەوڵ بدات، ئەم حزوورەی خۆی و بژاردەکانی کەمکردنەوە هێزەکانی یان کشاندنەوەیان وەکوو کارتی فشار لەسەر لایەنی ڕوسیا بەکار بهێنێت، ئەگەر بارودۆخەکە بەرەو چارەسەری قەیرانەکە بچێت لە داهاتوودا.

هەندێک بۆچوون هەن ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر ئاگربەستێکی گشتگیر لە غەززە ڕابگەیەنرێت، ئەگەری ئەوە هەیە، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، خواستی داخستنی ژمارەیەكی زۆر لە دۆسیە ئاڵۆزەکانی هەرێمی لە ناوچەکە هەبێت، یەكێ لەو دۆسیانە لەوانە قەیرانی سوریایە. هەرچەندە ئەم تێڕوانینانە لە ئێستادا هەر وەکو پێشبینی دەمێنێتەوە. 

لە کۆتاییدا: 

دەتوانین بڵێین، دەستپێکردنی هێرشی دەستەی ڕزگارکردنی شام بۆ سەر هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە حەلەب ئەوەندەی دەرفەتێکە بۆ ئەو دەستەیە، لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخ و پەرەسەندنەکان لە بەرەی لوبنان و کاردانەوەی لەسەر ڕەوشی ئاسایشی سوریا، ئەوەندەش دەبێتە مایە ئالنگاری بۆ دەستە، لەبەر ئەوەی دەستەی ڕزگاریکردنی شام ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی دووسەرەی ڕوسیا و ڕژێمی سوریا دەبێتەوە، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ڕوسیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی گشتگیر دەستپێبکات، کە جیاواز بێت لە هێرشی ئێستای دژ بە دەستەی ڕزگاریکردنی شام لە باکووری سوریا و ڕێگری لێ بکات، دەستە بتوانێ نەخشەپلانی خۆی لە حەلەب جێ بەجێ بکات.  

لە ناو هەموو ئەم پەرەسەندنانەدا، لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان وەکوو گۆڕاوێکی سەرەکی دەمێننەوە لە دیاریکردنی تایبەتمەندییەکانی قۆناغی داهاتوو لە سوریا،  بە تایبەتی لە سایەی دەرئەنجامی جەنگی ئیسرائیل دژ بە حەماس لە غەززە و حزبوڵڵا لە لوبنان.